رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەستیکردووە بە زنجیرەیەک گفتوگۆی دیپلۆماسی بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ئەو جەنگەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران دەستیان پێکردووە.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی تورکیا پشتڕاستی کردووەتەوە، کە ئەم هەوڵانە پەیوەندیکردن بە کەسایەتی و وڵاتە گرنگەکانی جیهانی لەخۆگرتووە.
سەرچاوەکە بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، رۆژی یەکشەممە، فیدان بە جیا لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران؛ بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر؛ کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا و چەند بەرپرسێکی ئەمریکی گفتوگۆی کردووە.
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە وەڵامێکن بۆ ئەو هەڵکشانە مەترسیدارەی لە 24 کاتژمێری رابردوودا روویداوە، کە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر بازاڕەکانی وزە و دارایی جیهان دروست دەکات و رەنگە قەیڕانە هەرێمییەکە قووڵتر بکاتەوە.
دۆخەکە زۆر ئاڵۆزتر بوو دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی شەممە هەڕەشەی وێرانکردنی وێستگەکانی کارەبای ئێرانی کرد ئەگەر لە ماوەی 48 کاژێردا تەنگەی هورمز بە تەواوی نەکرێتەوە. ئەم هەڕەشەیە لە کاتێکدایە کە پێشتر ترەمپ ئاماژەی بە کەمکردنەوەی هێرشەکان دابوو لەم جەنگەدا کە پێ دەنێتە هەفتەی چوارەمیەوە.
لە وەڵامی هۆشدارییەکەی ئەمریکادا، ئێران سەرلەبەیانیی یەکشەممە هەڕەشەی کرد کە ژێرخانی ئەمریکا، لەوانەش دامەزراوەکانی وزە لە کەنداو و ئیسرائیل، دەکاتە ئامانج، ئەگەر ترەمپ هەڕەشەکانی جێبەجێ بکات.
ئەمریکا لە ئەورووپا تووڕەیە
دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بووە بەهۆی بێزاریی واشنتن لە وڵاتانی ئەورووپا، بەتایبەت بەریتانیا بە سەرۆکایەتیی کیەر ستامەر، کە ئامادە نین یارمەتیی ئەمریکا بدەن لە پاراستنی تەنگەی هورمزدا.
ئەم بێزارییە دوای ئەوە دروست بوو کە ئێران هەوڵیدا 2 مووشەکی بالیستی ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوبەشی بەریتانیا و ئەمریکا بکات لە دوورگەی دیێگۆ گارسیا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. سەرەڕای ئەم رووداوە، سەرکردایەتیی بەریتانیا سوورە لەسەر هەڵوێستەکەی کە بەشداریی لە شەڕی دژی ئێران ناکات و دەڵێت هیچ زانیارییەکی هەواڵگریی باوەڕپێکراو نییە بیسەلمێنێت ئێران بەنیازی هێرشكردنە سەر پایتەختەکانی ئەورووپا بێت، تەنانەت ئەگەر ئیسرائیلیش هۆشداری بدات لە توانای مووشەکە دوورمەوداکانی تاران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ