رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی چوار رۆژی پشووی جەژنی رەمەزاندا، لە تورکیا و باکووری کوردستان زیاتر لە دوو هەزار و 700 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ بەهۆیانەوە 31 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی پێنج هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی لە چوار رۆژی یەکەمی پشووی جەژنی رەمەزاندا بڵاوکردەوە. بەپێی راگەیێندراوەکە، لەو ماوەیەدا لە سەرانسەری وڵات و باکووری کوردستان، دوو هەزار و 753 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون.
ئەو رووداوانە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی 31 کەس و برینداربوونی چوار هەزار و 861 کەسی دیکە. وەزارەتی ناوخۆ وردەکاریی قوربانییەکانی بەپێی رۆژەکان بڵاوکردووەتەوە، لە رۆژی یەکەمدا 8 گیانلەدەستدان، رۆژی دووەم 12 گیانلەدەستدان، رۆژی سێیەم 4 گیانلەدەستدان و رۆژی چوارەمیش 7 گیانلەدەستدان تۆمارکراون.
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، تەنیا لە مانگی شوباتی ئەم ساڵدا (2026)، 48 هەزار و 8 رووداوی هاتووچۆ لە تورکیا و باکووری کوردستان روویانداوە، کە تێیاندا 139 کەس گیانیان لەدەستداوە و 23 هەزار و 200 کەسیش بریندار بوون.
هەر بەپێی ئامارەکان، لە مانگی کانوونی دووەمدا، 101 هەزار و 874 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون. کۆی گشتیی قوربانیانی ئەو دوو مانگە گەیشتووەتە 280 گیانلەدەستدان و 47 هەزار و 689 بریندار.
ساڵانە لە کاتی پشووەکانی جەژندا لە تورکیا و باکووری کوردستان، بەهۆی چڕیی هاتووچۆ لەسەر رێگەوبانەکان، رێژەی رووداوەکان و قوربانییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ