25 کەس کە لە نەورۆزی ئیستەنبووڵ دەستبەسەر کرابوون، ئازادکران

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە کۆی 26 کەس، کە لە نەورۆزی ئیستەنبووڵ دەستبەسەرکرابوون، 25 ـیان ئازادکران، تەنیا کوردێکی رۆژئاوای کوردستان ماوە ئازاد بکرێت، کە ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری بیانییەکانی ئیستەنبووڵ راگیراوە.
 
رۆژی یەکشەممە 22 ـی ئاداری 2026 لە ئاهەنگی نەورۆزدا لە ئیستەنبووڵ، 26 کەس دەستبەسەر کران، کە دووانیان منداڵ بوون.
 
دوای وەرگرتنی گوتەکانیان 25 کەسیان ئازاد کران و هاونیشتمانییەک کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری بیانییەکانی ئیستەنبووڵ راگیراوە. بەگوێرەی زانیارییەکان رەوانەی سەنتەری ناردنەوە دەکرێت.
 
لقی ئیستەنبووڵی کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە: "دوێنێ لە ئاهەنگی نەورۆزدا کە لە یەنیکاپی بەڕێوەچوو؛ 26 کەس، بە بیانووی ناڕەوا وەک گوتنەوەی دروشم لە چوارچێوەی ئازادیی ڕادەربڕین و پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەییی کوردی دەستبەسەر کران. لەکاتێکدا دەستبەسەرکراوەکان دوای وەرگرتنی گوتەکانیان ئازاد کران، هاووڵاتییەکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بەمەبەستی رەوانەکردنی بۆ سەنتەری ناردنەوە، رادەستی لقی کاروباری بیانییەکان کرا."
 
لقی ئیستەنبووڵی کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی رایگەیاند، "بەدواداچوون بۆ رێکارە یاساییەکان دەکەین لە دژی ئەم کردەوە ناڕەوایانە کە ئامانج لێی رێگریکردنە لە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە