رووداو-ئیستەنبووڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دوای ئاشکراکردنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی گەورە شارەوانی ئیستەنبووڵ پیرۆزبایی لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بەربژێری جەهەپە کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا شەوی رابردوو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەلایەتی تویتەر لەبارەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی گەورە شارەوانی ئیستەنبووڵ پەیامێكی بڵاوکردەوە.
ئەردۆغان لە توویتەکەدا نووسیویەتی، "هیوادارم ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ کە دووبارە کرایەوە، ببێت بە مایەی خێر بۆ ئیستەنبووڵ. ئەمڕۆ جارێكی دیکە ئیرادەی گەل خۆی نیشانداوە. پیرۆزبایی لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەکەم کە بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان هەڵبژاردنەکەی بردووەتەوە".
ئەنجامی بەرایی دەنگدانی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ راگەیێندرا و بەپێی ئەنجامەکان، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە بە بەدەستهێنانی 53.7%ـی دەنگەکان لە پێشەوەیە. هاوکات بیناڵی یڵدرم، بەربژێری ئاکپارتی 45.3%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
بیناڵی یڵدرم، بەربژێری ئاکپارتی دوای دەرکەوتنی ئەنجامە بەراییەکان رایگەیاند "بەپێی ئەنجامە بەراییەکان بەربژێری جەهەپە لەپێشە و پیرۆزبایی لێدەکەم، هیوادارم خزمەتی باشی ئیستەنبووڵ بکات".
ئەمڕۆ یەکشەممە 23-6-2019 لە ئیستەنبووڵی تورکیا هەڵبژاردنی شارەوانی دووبارەکرایەوە، دوای ئەوەی لەسەر تانەی ئاکپارتی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی هەڵبژاردنی 31-3-2019ـی شارەوانییەکانی لە ئیستەنبووڵ هەڵوەشاندەوە و بڕیاری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ