رووداو دیجیتاڵ
لە پرۆگرامێکی تایبەتیی ئاکپارتی بە ناوی (سەد ساڵەی تورکیا) کە رۆژی پێنجشەممە، 25-9-2025 لە باغجیڵاری ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، لەوەتەی ئەوان حوکمی تورکیایان وەرگرتووە، زۆرترین قەدەخەی دژی کوردیان هەڵگرتووە و جیاکارییان نەهێشتووە.
وەزیری دادی تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد و باسی هەنگاوەکانی ئاکپارتیی لە پرسی کورد و هەڵگرتنی قەدەخە کرد و گوتی: "لە ماوەی 23 ساڵی رابردوودا جیاکاریمان لەنێو برد، نەوەک تەنیا بۆ هاووڵاتییانی کوردمان، بۆ تەواوی هاووڵاتییانی وڵاتەکەمان ئەمەمان کرد. ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانمان بۆ هەموو کەسێک فراوان کرد. کاتێک هاتینە دەسەڵات، باری نائاسایی هەبوو. هەر کە هاتینە سەر دەسەڵات باری نائاساییمان هەڵگرت و گوتمان ئاسایی دەبینەوە و برایەتیمان بەهێز دەکەین".
ئاکپارتی لە سەرەتای ساڵانی دەسەڵاتیدا بە سەرکردایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان کە ئەوکات سەرۆکوەزیران بوو، هەنگاوی بۆ پرۆسەی چارەسەری هاوێشت.
لەمبارەیەوە یڵماز تونچ گوتی: "با گوتارەکەی سەرۆککۆمارمان بەبیربێتەوە کە ساڵی 2005 لە دیاربەکر پێشکێشی کرد. گوتی با تیرۆر لابەین و برایەتی و یەکێتیمان بەهێز بکەین. ئەمەی گوت و هەنگاوی پێویستی بۆ نا".
وەزیری دادی تورکیا هەنگاوی پارتەکەی بە "گرنگ" وەسفکرد و گوتی: "کەناڵی تەلەڤیزیۆنی بە زمانی کوردی کرایەوە. ئەوکات تەنانەت گۆرانیی کوردی و فرۆشتنی سیدیی کوردی قەدەخە بوو. سیاسەتڤانێک لە ناوچەکەی خۆیدا بە زمانی کوردی نەیدەتوانی گوتار پێشکێش بکات. هەموو ئەو قەدەخانە لادران. ئەنستیتۆی کوردی و وانەی بژارەی زمانی کوردی لە زانکۆکاندا رێی پێدرا. هەروەها بەرگری لە خۆکردن لە دادگەکاندا ئازادە، پێشتر نەیاندەتوانی لە دادگەکاندا بە زمانی کوردی قسە بکەن. ئازادیی ئەم بابەتانە فراوان کران".
ئەم گوتانەی وەزیری دادی تورکیا لەکاتێکدان کە رۆژی 1-10-2024 بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ جاری دووەم پرۆسەی چارەسەری دەستیپێکرد و لەلایەن حکومەتەوە پشتیوانی کرا.
ئێستا پرۆسەکە لەلایەن کۆمیسیۆنێکی تایبەتەوە لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەدەبرێت. کۆمیسیۆنەکە تاوەکو ئێستا 12 کۆبوونەوەی لەگەڵ چین و توێژەکان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ