رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی داوای خێراکردنی پرۆسەی ئاشتی لە ئاکپارتی دەکات و دەڵێ، تێکدەرانی سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەو سست بەڕێوەچوونەی پرۆسەکە خۆشحاڵن.
تولای هاتئمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی کە رۆژی سێشەممە 28-04-2026 لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو، بانگەوازی لە ئاکپارتی کرد و داوای خێراترکردنی پرۆسەی ئاشتی کرد.
هاتیمئۆغوڵڵاری رووی دەمی کردە ئەوانەی دژایەتیی پرۆسەی چارەسەری دەکەن و لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەیدان و رایگەیاند، هەرچۆنێک بێت، کەشتیی ئاشتی دەگەیەننە کەناراو.
هاتیمئۆغوڵڵاری دواتر رووی دەمی لە ئاکپارتی کرد و پرسی کە ئایا ئەوان ئەو کەناڵە میدیاییانە نابینن کە بەردەوام دەنگۆی پەککەوتنی پرۆسەی چارەسەری دەکەن و خۆیان بۆ دۆخێکی وەها ئامادە کردووە؟
هەروەها گوتی، "پرسیارێک ئاراستەی دەسەڵات دەکەین: ئەو هێزانەی دەیانەوێ سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بشێوێنن، بەو چاوەڕوانییەی ئێوە زۆر خۆشحاڵن. هەر بەڕاستی ئێوە ئەمە نابینن؟ ئاگاداری نین؟ مادەم ترستان لە هێزە دەرەکییەکان هەیە، کەوایە جگە لە رێگەی ئاشتی، هیچ رێگەیەکی دیکەتان نییە."
دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەری
رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەی زیندانیکراوی پەکەکە پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەستیپێکرد.
باخچەلی هەروەها داوای چەکدانانی پەکەکە و پێدانی "مافی هیوا"ی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان رۆژی 27ی شوباتی 2025 بانگەوازێکی ئاراستەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنەکە و دانانی چەکی کرد.
پەکەکەش بە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان، زنجیرەیەک هەنگاوی نا.
رۆژی 12ی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. لە 11ـی تەممووزدا گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی سیمبولی چەکیان سووتاند.
پەکەکە رۆژی 26ی تشرینی یەکەمی 2025 رایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆسەکەدا دەستی بە کشانەوەی هێزەکانی لە تورکیا کردووە و ئەم بڕیارەش بە شێوەیەکی تاکلایەنە دراوە.
لەگەڵ راگەیاندنی بێدەنگکردنی چەکەکان، (کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرا و لە پێنجی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد. ئەو کۆمیسیۆنە رۆژی 18-2-2026 راپۆرتی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی پەسندکرد و ئێستاش چاوەکان لە هەنگاوی یاسایین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ