لە مانگەکانى سەرەتاى ساڵى 1988، باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا چەند راپۆرتێک دەنێرێتەوە بۆ وڵاتەکەى خۆى کە عێراق خەریکى بەکۆمەڵکوشتنى کوردە. لە کۆنگرێسى ئەمریکاوە وەفدێک بەسەرۆکایەتىی پیتەر گالبرێس دێنە بەغدا و پاشان دێنە کوردستان تاوەکو لە راستى و دروستى ئەو دەنگۆیانە دڵنیا ببنەوە.
دەسەڵاتدارانى بەغدا هەست بەوە دەکەن هاتنى وەفدێکى کۆنگرێسى ئەمریکا بۆ عێراق و ویستى سەردانیکردنیان بۆ ناوچە کوردییەکان، بێ هۆکار نییە. بۆیە زۆر هەوڵ دەدەن بەپاساوى نەبوونى ئاسایش و ناسەقامگیریى ناوچەکەوە رێگە لەو گەشتەیان بگرن، یاخود هیچ نەبێت عێراق خۆى لە رێگەى هەلیکۆپتەرەوە گەشتەکەیان بۆ رێکبخات، بەڵام ئامانجى سەرەکىی تیمە ئەمریکییەکە بەدواداچوونە بۆ هەواڵ و زانیاریگەلێک لە دەسەڵاتدارانى عێراق دەستیان ناکەوێت و پێویستیان بەوەیە خۆیان بە مەیدانى بچنە ناوچە کوردییەکان.
تیمە ئەمریکییەکە بە ئۆتۆمبێل و لە بەغداوە بە رێگەى باقوبە و گەرمیانەوە گەشتەکەیان دەستپێدەکەن بۆ ناوچەکانى سلێمانى. بەچاوى خۆیان پەلامارەکانى سوپا و دیمەنى رووخاندن و سووتاندنى گوندەکانى نزیک جادە سەرەکییەکان و خەڵکى سڤیلى بەکۆمەڵ دەستگیرکراو لەناو ئیڤاى سەربازى دەبینن. وێنەى زۆرێک لە دیمەنەکان تۆمار دەکەن و راپۆرت و زانیارییەکى زۆر کۆدەکەنەوە کە راستى راپۆرتە هەواڵگرییەکان و بۆچوونەکانى باڵیۆزخانەکەیان پشتڕاست دەکاتەوە، سەدام سەرقاڵى بە کۆمەڵکوشتنى کوردەکانە.
دواى ئەوەى وەفدەکە دەگەنەوە ئەمریکا، بەخێرایى پڕۆژەیەک ئامادە دەکەن بەناوى (قەدەخەکردنى جینۆسایدى کورد) و پێشکەش بە کۆنگرێسى ئەمریکاى دەکەن. لەناو ئەندامانى کۆنگرێس لۆبییەکى زۆرى بۆ دەکەن تا کۆنگرێس پەلە بکات لە پەسەندکردنى، بەئامانجى ئەوەى رێگە لە بەکۆمەڵکوشتنى کوردەکان بگرن.
ئەو رۆژانەى کۆنگرێسى ئەمریکا تاوتوێى راپۆرتەکانى ئەو تیمە دەکات کە ناردبووى بۆ عێراق و لە بەڵگەو دۆکیومێنتەکانى بە کۆمەڵکوشتنى کورد دەکۆڵێتەوە، لەلایەن نوێنەرانى چەند ویلایەتێکى ئەمریکاوە کە ناوچەى بەرهەمهێن و هەناردەکارى برنج بوون، پرۆژەیەکى دیکە پێشکەش بە کۆنگرێسى ئەمریکا دەکرێت بەناوى (قەدەخەکردنى جینۆسایدى برنج). ئەوان لە پرۆژەکەى خۆیاندا ئەوەیان روونکردبووەوە کە ئەگەر کۆنگرێسى ئەمریکا پرۆژەى قەدەخەکردنى جینۆسایدى کورد پەسەند بکات، ئەوە سەدام نیگەران دەبێت لە ئەمریکا و چیدیکە برنجیان لێناکڕێت.
لە ئەنجامى گفتوگۆ و ناکۆکى و ململانێى نێوان کۆنگرێسمانەکان و نوێنەرى ویلایەتە جیاوازەکان، هەروەها لەژێر گوشارى خۆپێشاندانى ئەو ویلایەتانەى بەرهەمهێنى برنج بوون، پاش چەند رۆژێک لە تاوتوێکردنى ئەو دوو پرۆژەیە سەرئەنجام دەنگ بەوە دەدرێت بۆ ئەوەى برنجى ئەمریکى جینۆساید نەکرێت، چاوپۆشى لە سەدام بکرێت کە کوردەکان جینۆساید دەکات. دەرئەنجامەکەی کیمیابارانى هەڵەبجە و ئەنفال و گۆڕەبەکۆمەڵەکان بوو.
مەبەستم لە گێڕانەوەى ئەو رووداوە ئەوەیە بڵێم، ئەوەى پڕوپاگەندەى بۆ دەکەن بە ناوى دیموکراسى، ئازادى، مافى مرۆڤ و مافى گەلان، تەنیا قسەى نێو کتێب و میدیا و کۆڕە سیاسییەکانیانە، لەپشتى ئەو وشە پرشنگدارانەوە شتێک هەیە ناوى بەرژەوەندییە. بەشى زۆربەى وڵاتان بەو جۆرەن بەرژەوەندى لەسەروو هەموو بەهایەکەوە دەبینن. بەتایبەتیش بۆ وڵاتێکى وەک ئەمریکا ئەوە چاوەڕوانکراوە کە بەرژەوەندى خۆى دەخاتە سەرووى هەموو شتێکەوە.
ئێستا لەسەروبەندى سەرلەنوێ دووبارەبوونەوەى مێژوویەکى تراژیدى هاوشێوەى سەردەمى کۆمەڵکوژییەکانى سەدامداین. ئەوەى لە سووریا دەگوزەرێت، هێشتا سەرەتاى رووداوەکانە. گۆڕێنى هەڵوێستى ئەمریکا و پشتکردنە کورد لە رۆژئاواى کوردستان و پشتیوانیکردنى دەسەڵاتى سووریاى عەرەبى ئاماژەى مەترسیدارن بۆ ئاییندەى ناوچەکە.
هاوکات لەگەڵ رووداوەکانى رۆژئاواى کوردستان، لە ئەمریکا لەلایەن کۆنگرێسمان (لیندزى گراهام) پڕەۆژەیاسایەک بەناوى 'پاراستنى کورد' پێشکەش بە کۆنگریسى ئەمریکا کراوە. رەنگە لە رۆژانى داهاتوو ئەم پرۆژەیەش لەناو کۆنگرێس بخرێتە بەردەم ئەندامانى ئەو ناوەندە گرنگە و گفتوگۆ دەربارەى پەسەندکردن یاخود رەتکردنەوەى بکرێت.
دەبێت ئەو راستییە وەک رۆژى رووناک لاى کورد ببیندرێت کە لەکۆتاییدا ئەوەى دەبێتە سەنگى مەحەک بۆ پەسەندکردنى پرۆژەکە یاخود رەتکردنەوەى، هەڵوێستى مرۆڤانەى لیندزى گراهام و چەند کەسێکى هاوشێوەى ئەو نین کە بە پەنجەى دەست دەژمێردرێن، ئەوەى ئەنجامەکە یەکلا دەکاتەوە، بریتییە لەوەى بەرژەوەندى ئەمریکا چییە لەم بڕیارە؟ بەتایبەت کە ئەم پرسە پەیوەندى بە هەریەک لە عێراق، ئێران، تورکیا و سووریاوە هەیە.
هەروەها پێویستە کورد ئەوە لە بەرچاو بگرێت پەسندکردنى ئەم پڕۆژەیە چەند گرنگە بۆ ئێستا و داهاتووى کورد لەناوچەکە کە ناوەندێکى گرنگى وەک کۆنگرێسى ئەمریکا زامنى پاراستنى کورد لە هەر هێرش و پەلامارێک بکات کە لە هەر وڵاتێکەوە بکرێتە سەرى. دەرئەنجامەکەى بۆ کورد زۆر لەوە مەترسیدارتر دەبێت ئەگەر پەسند نەکرێت. چونکە رەتکردنەوەى ئەم پڕۆژەیە وەک جێهێشتنى نێچیرێک وایە لەبەردەم راوچیدا، یەکسانە بە ئۆکەى پێدان بە دەوڵەتانى داگیرکەرى کوردستان بۆ لەناوبردنى گەلى کورد.
لەبەر ئەوە نابێت کورد هەر لە دوورەوە رۆڵى تەماشاکار ببینێت و بەنیازبێت بە پاڕانەوە کۆنگرێسى ئەمریکا لەبەرژەوەندى کورد بڕیار بدات. بەتایبەت کە دەوڵەتانى پەیوەست بە پرس و کێشەى کورد لۆبى لە دژ دەکەن و هەرچییان پێبکرێت دەیکەن بۆ شکستپێهێنانى.
لەبەرامبەر ئەوەدا دەبێت کوردیش هەرچى پێدەکرێت بیکات بۆ پەسندکردنى پڕۆژەکە. ئەویش لە رێگەى هێشتنەوەى ئەو بارودۆخەى پڕۆژەکەى تێدا پێشکێشکراوە، تاوەکو پێویستى پەسندکردنى وەک مەرجێکى سەرخستنى پڕۆژەکە لە ئارادابێت. خۆپێشاندانى جەماوەرى لە وڵاتانى ئەورووپا و ئەمریکا بۆ هێشتنەوەى زیندوێتى هەلومەرجەکە و گەرموگوڕى کێشەى کورد.
هەروەها ئەرکى هەرێمى کوردستانە وەک تاکە قەوارەى کورد، وەک تاکە ماڵێکى نەتەوە بێکەس و بێ دەوڵەتەکە، لۆبى بۆ بکات و لەناو کۆنگرێسى ئەمریکا پشتیوانى بۆ کۆبکاتەوە. هەموو سەرکردە و سیاسییەکانى کورد لە هەموو بەشەکانى کوردستان هەرکەسە و لەڕێگەى پەیوەندییەکانیانەوە دەبێت هەوڵبدەن و رۆڵ بگێڕن بۆ ئەوەى شکست نەهێنێت. چونکە رەتکردنەوەى ئەم پرۆژەیە ئێجگار مەترسیدار دەبێت بۆ ئێستا و داهاتووى میللەتەکەمان لە هەموو پارچەکانى کوردستان.
لەگەڵ ئەو هەوڵانەدا پێویستە حکومەتى هەرێمى کوردستان و ناوەندى دەسەڵاتى کوردى بەشێوەى فەرمى بکەوێتە گفتوگۆوە لەگەڵ ئەمریکا بۆ دروستکردنى بەرژەوەندى بۆ ئەمریکا. ساڵانى پێشتر بەدیاریکراوى لە هەرێمى کوردستان لەگەڵ کەسایەتى و کۆمپانیاکانى ئەمریکا جۆرێک لە رایەڵەى بەرژەوەندى دروستکرابوون، بەڵام ئەوانە بەرژەوەندى کەسى و کۆمپانیا بوون و لە 16ى ئۆکۆتبەر دەرکەوت بە فریاى کوردستان نەکەوت. دەبێت بە رەسمى بەرژەوەندى بۆ دەوڵەتى ئەمریکا دەستەبەر بکرێت لە کوردستان، نەک بۆ شەخس و کۆمپانیاکان.
ئەمریکاى سەردەمى ترەمپ وەک راوچى چۆن شوێنى نێچیر دەکەوێت، ئاوا بەدواى دەستەبەرکردنى نەوت و گازەوەیە لە جیهان. لەگەڵ هاوپەیمانە ستراتیجییەکانى خۆى کەوتووەتە ناکۆکى و ململانێوە بۆ داگیرکردنى چەند دوورگەیەک و چاوى بڕیوەتە داگیرکردنى چەندین وڵاتى خاوەن وزە. کوردستان خاوەن سەرچاوەیەکى زۆر و زەوەندى نەوت و گازە، یەدەگى ئەم سامانە لە جوگرافیاى کوردستان لە یەدەگى زۆربەى وڵاتانى ناوچەکە زیاترە، ئەگەر نەتوانێت بەهەر جۆر و رێگایەک دڵنیایى دەستەبەرکردنى بکات بۆ خۆى، ئەوە بەدڵنیاییەوە لەلایەن دەوڵەتانى داگیرکەرى کوردستانەوە دەبرێت و دەدرێت بەچەک و لە کۆمەڵکوشتنى کورددا بەکارى دەبەن.
کورد دەتوانێت ئەم سامانە بخاتە خزمەتى مانەوە و داهاتووى نەتەوەکەمانەوە، ئەویش لە رێگەى پێشکەشکردنى پرۆژەى هاوبەشیکردنى ئەمریکاوە لەم سامانە سرووشتییە. بەفەرمى و بەبێ ترس و شەرمکردن داوا لە ئەمریکا بکرێت لەچوارچێوەى ئەو پرۆژەیەى کۆنگرێسەوە بۆ پاراستنى کورد، دەستەبەرى سەربەخۆى بۆ کوردستان بکات بەمەرجى ئەوەى خاوەندارێتىی 50٪ـی هەموو سامانى نەوت و گازى کوردستان بدات بە ئەمریکا.
کورد جورئەتى ئەوە بکات، هیچ بەدورى مەبینن ئەمریکا ببێتە میراتگریى وەرگرتنەوەى مافەکانى کورد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ