ساڵی 2025، ساڵی بەدەستهێنانی قازانج بوو لە رێگەی کڕینی کانزا گرانبەهاکان. ئەو کەسانەی سەرەتای ساڵی 2025 ئۆنسەیەک زێڕیان بە 2644 دۆلار کڕی، لە کۆتایی ساڵ دا بە رێژەی 65% قازانجیان کرد، لەبەرئەوەی نرخەکەی بەرزبووەوە بۆ 4362 دۆلار.
بەڵام لەنێو کانزاکاندا تەنیا زێڕ نەبوو کە درەوشایەوە، ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی جیهان دا ئاشنا بوون بە زیو و چۆنیەتی مامەڵەکردن بەو کانزایە، قازانجی کۆتایی ساڵیان زیاتر بوو لەو کەسانەی کە زێڕیان کڕیبوو.
نرخی زیو لە سەرەتای 2025 دا ئۆنسەیەکی تەنیا بە 28.85 دۆلار بوو. کۆتایی ساڵ گەیشتە نزیکەی 72 دۆلار و بە رێژەی نزیکەی 150% قازانجیان کرد، واتە سەرمایەکەیان بۆ یەک هێندە و نیو بەرزبووەوە.
بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زیو، بووە هۆکار بۆ سەرهەڵدانی بازاڕی زیو لە هەرێمی کوردستان. هەرچەندە کەم کەس شارەزایە لەو بازاڕە، بەڵام بە پێچەوانەی ئاراستە جیهانییەکەی، زیو لە هەرێمی کوردستان هیچ خواستێکی پیشەسازی لەسەر نییە و تەنیا بۆ بەدەستهێنانی قازانج، کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت.
زێڕ کە لە هەرێمی کوردستان و جیهانیش بە تەواوی ناسراوە، قازانجی لە 2025 دا، کەمتر بوو لە دوو کانزای دیکەش، پلاتینیۆم و پالادیۆم.
لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکان لە 2025 دا نرخی ئۆنسەیەک پلاتینیۆم 978.5 دۆلار بوو، لە دوایین رۆژی مامەڵەکانی ساڵ دا نرخەکەی بە ریژەی 107.8% بەرزبووەوە بۆ 2033 دۆلار.
پلاتینیۆم لە بازاڕی کوردستان دا تەنیا لە شێوازی هەندێ هەڵقەی پیاوانە و ئێکسسوارات هەیە. رەنگە ئەو کەسەش کە دەیکڕێت نەزانێت هەڵقەی پلاتینیۆمی لە دەستکردووە.
نرخی پالادیۆمیش لە 2025 دا بە ریژەی 83% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی. پالادیۆم سەرەتای ساڵ نرخەکەی 893 دۆلار بوو، هەموو کەس پێیوابوو نرخەکەی دادەبەزێت، بەڵام لە کۆتایی ساڵ دا بەرزبووەوە بۆ 2129 دۆلار.
لە نێو کانزاکاندا، زێڕ لەڕووی بەدەستهێنانی قازانجەوە لە پلەی چوارەم دا دێت.
ئێستا لە نێو ناوەندە بازرگانییەکانی جیهان هێندە باس لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زیو و کانزاکانی دیکە لە 2026 دەکرێت، هێندە باسی زێڕ ناکرێت.
نرخی مس، کانزای دیکە کە بە تۆن مامەڵەیان پێوە دەکرێت لە نزیکەی 9 هەزار دۆلاری سەرەتای ساڵ بە ریژەی 43٪ لە کۆتایی ساڵ دا بەرزبووەوە بۆ 12 هەزار 500 دۆلار.
لیسیۆم کە لە بەرهەمهێنانی باتری دا بەکاردێت نرخەکەی لە 2025 دا بە رێژەی 57% بەرزبووەوە و (کادمیۆم)ـیش، کانزایەکی دیکەیە، نرخەکەی بە رێژەی 26.1% بەرزبووەوە.
لە هەرێمی کوردستان تەنیا مامەڵە بە زێڕ و زیو دەکرێت و، هیچ کام لە کانزاکانی دیکە بازاڕی نییە و خەڵک و بازرگانانیش نایناسن. لە هەندێ شوێنی هەرێمی کوردستان هەڵقەی پەنجە هەن لە پڵاتینیۆم دروستکراون و زیاتر پیاوان بەکاری دەهێنن.
لە هەمووی گرنگتر، قازانجی هەموو ئەو کانزایانەی کە باسکران لە 2025 لە قازانجی بۆرسەکانی ئەمریکا زیاتر بوو.
پێنوێنی (S&P 500) کە بەهای پشکەکانی 500 گەورە کۆمپانیای ئەمریکی دەپێوێت لە 2025 دا بەڕیژەی 18.1% بەرزبووە و بەهای پشکی کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجیاش بە رێژەی 21.2%.
ئەمانە هەمووی هێمای گۆڕانکاری بنەڕەتین لە ئاراستەی ئابووری، پیشەسازی و دارایی جیهان دا.
یەکەم، قەرزەکانی ئەمریکا لە کۆتایی 2025 دا 38.5 تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاند. ئەمریکا رۆژانە 3 ملیار دۆلار و ساڵانە 1 تریلیۆن دۆلار، سوودی سەر قەرزەکانی دەداتەوە. ناوەندی لێکۆڵینەوەی (جەی پی مۆرگان) لە راپۆرتی چارەکی چوارەمی 2025ـی خۆی دەڵێت، "تەنیا رێگەی حکومەتی ئەمریکا بۆ سووککردنی باری قەرزەکانی دابەزاندنی بەهای دۆلارە."
لێرەدایە کە رۆڵی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەردەکەوێت. بانکەکە لە 2025 دا سوودی بانکی سێ جار و هەر جار بە رێژەی 0.25% لە 4.5% ەوە کەمکردەوە بۆ 3.75%. چاوەڕوانیش دەکرێت لە 2026، کەمکردنەوەی زیاتریش بەڕێوەبێت. دۆناڵد ترەمپ دەڵێت سوودی بانکی دەبێت لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا دابەزێت بۆ 1%. دابەزاندنی سوودی بانکی لە ئەمریکا خواست بۆ دۆلار و بەهاکەی پێکەوە کەم دەکاتەوە. ئەگەر سوودی بانکی کەم بێت، هاندەر نییە بۆ ئەوەی سەرمایەکەت بکەیتە دۆلار. بۆ نموونە ئەگەر ئێستا، 1000 دۆلار لە بانکێکی ئەمریکی دابنێیت، دوای ساڵێک نزیکەی 37.5 دۆلار سوود دێتە سەر سەرمایەکەت، بەڵام ئەگەر سوودی بانکی 1% بێت، وەک چۆن سەرۆکی ئەمریکا داوایکردووە، دوای ساڵەکە تەنیا 10 دۆلار قازانج دەکەی کە قازانجێکی ئەوتۆ نییە و لەوانەیە پاشگەزبیتەوە لەو وەبەرهێنانە. سەبارەت بە دامەزراوە گەورەکان و بانکەکان، دابەزاندنی سوودی بانکی، خواستی ئەو ناوەندانە بۆ کڕێنی قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا کەم دەکاتەوە. قەواڵەی دارایی ئەو کەرەستە داراییەیە کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ریگەی فرۆشتنییەوە بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی حکومەت، قەرزی پێدەکات. کاتێک سوودی بانکی کەم دەبێت، بانک و ناوەندە داراییەکان مەیلیان بۆ کڕینی قەرزەکانی ئەمریکا نابێت و ئەوەش زیاتر بەهای دۆلار دادەبەزێنێت. کەواتە دۆلارێکت لە دەستە کە سوودی ئەوتۆی نایێتە سەر ئەگەر وەبەرهێنانی پێبکەی.
دەزانین هاوتەریب لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، بەهای دۆلار ساڵ لە دوای ساڵ و بگرە مانگ لە دوای مانگ دادەبەزێت. لەم کاتانەدا لەوانەیە بیر لە کڕینی زێڕ یان کانزایەکی گرانبەهای دیکە بکەیتەوە. کاتێک کە دەگوترێ بەهای زێڕ و کانزاکان پەیوەندی پێچەوانەی لەگەڵ بەهای دۆلار هەیە لەبەرئەوەیە.
بۆ روونکردنەوەی زیاتر، لە راستی دا، زێر بە درێژایی سەدان ساڵە بەها راستەقینەکەی بەرزنەبووەتەوە. بە تەنیا کڕینی زێڕ و هەڵگرتنی، سوود و قازانجێکت بۆ دەستەبەرناکات (بەپێچەوانەی کڕێنی قەواڵەی دارایی، یان دانانی پارە لە بانکەکان). کڕینی زێڕ لەو رووەوە دەبێتە هۆکار بۆ قازانج کردن کە دەتپارێزێت لە دابەزینی بەهای دۆلار. بە واتایەکی دیکە، ئەوە نرخی زێڕ نییە کە بەرزدەبێتەوە، بەڵکو نرخی دۆلارە کە دادەبەزێت. لەڕووی مێژووییەوە، ئەگەر لەسەردەمی رۆمەکان دا ئۆنسەیەک زێڕت هەبووایە، دەستێک جلوبەرگی رومی و پێڵاوی کواڵیتی بەرزت پێدەکڕی. دوای 2700 ساڵ، ئێستاش ئۆنسەیەک زێڕ هەر قات و جلوبەرگ و پێڵاوێکی کواڵیتی بەرزی ئیتالی پێدەکڕدرێت. نموونەیەکی نزیکتر، ئەگەر لە ساڵی 1971 دا 35 دۆلارت هەبووایە، ئۆنسەیەک زێڕت پێدەکڕی. ئەمڕۆ بەو 35 دۆلارە رەنگە تەنیا خواردنێکی باشی پێ بخۆی. ئۆنسەکە هەر ئەو ئۆنسەیە، بەڵام ئێستا نرخەکەی نزیکەی 4400 دۆلارە. زێڕەکە نەگۆڕاوە، بەڵکو 35 دۆلارەکە هێزی کڕینی لەدەستداوەو بێ بەها بووە.
لەخۆڕا نییە کە دەڵێن زێڕ وەک پەرژینێکە لە دژی دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاو شتومەک ( هەڵاوسان). هەر ئەوە نییە، لە راستی دا بانکە ناوەندییەکان بە هەڕ بڕێک بیانەوێ، دەتوانن دراوی نیشتمانی زیاتر چاپ بکەن، لە نێوانیشیاندا بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەتونێت بەبێ هیچ بەربەستێک تریلیۆنان دۆلاری زیاتر چاپ بکات، بەڵام خۆ کانەکانی زێڕ یان کانزاکانی دیکە ناتوانن بەهەڕ بڕێک و بە ویستی خاوەنەکانیان بەرهەمیان زیاد بکەن. بەرهەمهێنانی زێڕ ساڵانە بە رێژەی 1.2% تاوەکو 2% زیاد دەکات. ئەوەش وادەکات نرخی زێڕ خۆڕاگرتر بێت لەبەرئەوەی خستنەڕووی سنووردارە.
قەبارەی خستنەڕوو و خواست بۆ کانزاکان، کاریگەری بەرچاویان لە بەرزبوونەوەی نرخەکانیان لە 2025 و لە ساڵانی پێشتر هەبووە. لە 2024 دا ژیریی دەستکرد تەنیا چیرۆکێکی دەگمەن و بەرنامەی نێو کۆمپویتەرەکان بوو. لە 2025دا، ژیریی دەستکرد بووە هاردوێر و رۆبۆت. شارەزایان بەم قۆناخە گرنگە دەڵێن، " لە کۆدەوە بۆ کەیبڵ". پێشکەوتنە ئێجگار بەرچاوەکانی ژیریی دەستکرد، پێویستیان بە دامەزراندنی ناوەندی داتای گەورەیە کە هەموویان پێویستیان بەکارەبای زۆرە و بە کەیبڵ پویوەستن لەگەڵ یەکتر. لەبەر ئەوەیە پشیبینی دەکرێت لە 2026 و ساڵانی دواتر، نرخی مس و زیو بە رێژەیەکی زیاتر و خێراتر لە نرخی زێڕ بەرزببنەوە. لەڕووی گەیاندنی کارەباوە، کانزاکان بەم شێوازە کار دەکەن، سەرەتا زیو و پاشان مس و دوای ئەوان زێڕ و ئەلەمینیۆم دێن. هەرچەندە لەبیرمان نەچێت زێڕ هیچ کات ژەنگ ناهێنێت بە پێچەوانەی کانزاکانی دیکە. ئەمەش تایبەتمەندی دەگمەنی زێڕە.
خواستی پیشەسازی بۆ کانزاکان بە ناوەندەکانی داتا سنووردار نابێت. پیشەسازی پانێلە هەتاوییەکان کە تێیدا کانزای زیو و کادمیۆم بەکاردەبرێت وهەروەها باتری کە کانزای لیسیۆمی تێدا بەکاردەبرێت، خواستی پیشەسازی بۆ کانزاکان بەرزدەکەنەوە. پلاتینیۆم و پالادیۆم دوو کانزای دیکە بە زۆری لە ئێگزۆزی ئۆتۆمبێل بەکاردێن کە ماددە کیمیاییە زیانبەخش و مەترسیدارەکان کۆدەکەنەوە و ناهێڵن لەگەڵ دووکەڵ تێکەڵی کەشی هەوا بن.
لە 2025 دا خواستی پیشەسازی بۆ کانزاکان هۆکارێکی سەرەکی لە پشت بوو. سەپاندنی پیناسی گومرکی لەلایەن ئەمریکاوە لەسەرەتای 2025 ەوە بووە هۆکار بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان پێش ئەوەی بڕیارەکانی دۆنالد ترەمپ لە مانگی شەشی 2025 دا بڕۆنە بواری جێبەجێکردنەوە، بەپەلە کۆگاکانیان پڕبکەن لە کانزای پێویست کە وەک ماددەی سەرەتایی کارگەکانیان پێویستیان پێبوو، ئەمەش خواستێکی زۆری دروستکرد. دانانی بەربەستی بازرگانی و رێگەگرتن لە گواستنەوەی ئازادی کانزاکان لە کاتێکدا بوو کە کەمی خستنەڕوو و دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕ لە ئارادابوو.
بەڵام نرخی کانزاکان لە 2026 دا بەرەو چ ئاقارێک دەڕوات؟
زێڕ و زیو لە نێوان کانزاکان دا بە کانزای گرێدراو بە سیاسەتی نەختی بانکە ناوەندییەکان هەژماردەکرێن. لەوڕووە بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر سوودی بانکی و بەهای دۆلار زیاترین کاریگەری لەسەر نرخی ئەو دوو کانزایە دروست دەکەن. جگە لە سیاسەتی نەختی، پێشهاتە جیوسیاسییەکان، کاریگەری بەرچاو لەسەر نرخی ئەو دوو کانزایە دادەنێن. لەم نێوەندەدا زیو بەراورد بە زێڕ زیاتر هەستیارە بە خواستی راستەقینەی فیزیکی لەلایەن پشەسازییەکان و کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجیا و ژیری دەستکردەوە. لە بەرامبەردا مس و کانزاکانی دیکە، بەزۆری گرێدراوی خواستی پیشەسازیین و کەمتر هەستیارن بە سیاسەتی نەختیی بانکە ناوەندییەکانەوە.
زێڕ
لە 2026 دا بەردەوامی داواکاری بۆ کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکان، وەک بەشێک لە سیاستی نەختی ئەو بانکانە بۆ هەمەچەشن کردنی یەدەگی دراوی بیانی خۆیان، پاڵپشتی زیاتر بۆ نرخی زێڕ دروست دەکات. تەشەنەکردنی رووداوە جیوسیاسییەکان، هاوشێوەی ئەوەی لە ڤەنزوێلا روویدا، یان چارەنووسی شەڕی ئۆکراینا و ئاگربەستی غەززە و بابەتی ئێران، دەتوانن کاریگەری بەرچاو لەسەر نرخی زێڕ دابنێن. زۆربەی بانک و ناوەندە جیهانییەکان پێیانوایە نرخی زێڕ لەمساڵ دا دەگاتە لانیکەم 5 هەزار دۆلار.
(گریگۆری شێرێر)، بەڕێوەبەری بەشی کانزاکان لە بانکی (جەی پی مۆرگن) لە مانگی 12 دا گوتی، "ئێمە پێمانوایە هێندە داواکاری بۆ زێڕ لە 2026 دا هەیە کە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ ئاستی 5000 دۆلار بەرزبکاتەوە. گریگۆری کە شارەزایەکی ناسراوی بازاڕی کانزاکانە دەڵێت، "ئەگەر بانکە ناوەندییەکان 10%ی یەدەکی دراوی خۆیان بکەنە زێڕ، نرخی زێڕ بە ئاسانی لە 2026 دا بەرزدەبێتەوە بۆ 6000 دۆلار. بانکی گۆڵدمان ساکس پێیوایە نرخی زێڕ لە کۆتایی 2026 دا دەگاتە 4900 دۆلار و بانکی UBSیش دەڵێت تاوەکو مانگی 9ی ئەم ساڵ نزخی زێڕ دەگاتە 5000 دۆلار."
زیو
نرخی ئۆنسەیەک زیو کە رۆژی دووشەممە، 5ـی مانگ بەرزبووەوە بۆ 75 دۆلار و زیاترین بەرزبوونەوەی لە 2025 بەخۆیەو بینی، بەپێی هەندێ شرۆڤەکار دەتوانێت تاوەکو 300 دۆلاریش بەرزبێتەوە، بە مەرجێک خواستی تەکنۆلۆجیا و ژیریی دەستکرد لە 2026، هاوشێوەی ساڵی 2025 بەردەوام بێت. خواست بۆ زیو 5 ساڵە بەردەوام بەرزترە لە خستنەڕووی ئەو کانزایە. ئێستا نزیکەی 160 تاوەکو 200 ملیۆن ئۆنسە کەمی زیو لە بازاڕدا هەیە . هەندێ لە ناوەندە راوێژکارییەکان نرخی 90 دۆلار بۆ ئۆنسەیەک زیو بە نزیکترین ئامانج پێناسە دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیای راوێژکاری (تی دی سیکیۆریتی) لێکدانەوەیەکی جیاوازی هەیە و دەڵێت ئەگەر نرخی بەرزی ئێستای زیو، بازرگانانی لەندەن هانبدات بۆ فرۆشتنی زیوی کۆگاکراویان، نرخی ئۆنسەیەک زیو دەتوانێت تاوەکو 45 دۆلاریش دابەزێت.
مس
نرخی یەک تۆن مس کۆتایی 2025 بەرزبووە بۆ 12,950 دۆلار. لە 2026 دا پێشبینیکراوە لانیکەم 200 هەزار تۆن کورتهێنانی مس هەبێت. ناوەندەکانی داتای کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجیا و ژیریی دەستکرد بەتەنیا لەمساڵدا پێویستیان بە 475 هەزار تۆنە. سیتی بانکی ئەمریکا پێیوایە نرخی یەک تۆن مس لە کۆتایی 2026 دا دەگاتە 13,000 دۆلار. بانکی (جەی پی مۆرگن)یش دەڵێت نرخی مس لە 2026دا لە سەرووی 12 هەزار دۆلار دەمێنێتەوە.
پلاتینیۆم
ئەنجوومەنی جیهانی وەبەرهێنان لە پلاتینیۆم دا دەڵێت لە دوای 3 ساڵی بەردەوام کورتهێنانی کانزای پلاتینیۆم لە بازاڕدا، سەرئەنجام لە 2026 دا خواست و خستنەڕوو بۆ ئەو کانزایە هاوسەنگ دەبێت. سەبارەت بە نرخەکەشی هەندێ لە شرۆڤەکارن پێیانوایە لە کۆتایی 2026 دا یەک ئۆنسە پلاتینیۆم بە زیاتر لە 2200 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
لە کۆتاییدا زۆربەی ناوەندە بازرگانییەکان پێشبینی دەکەن بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی کانزاکان لە نیوەی دووەمی ساڵی 2026دا رووبدات. ئەوان پێیانوایە بەهۆی بەرزبوونەوە خێرا و بەپەلەکانی نرخی کانزاکان لە 2025دا، بازاڕ بە ئەگەری زۆرەوە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ دا ساردبوونەوە و سستبوونەوەی پێوەدیار دەبێت تاوەکو نرخی راستەقینەی کانزکان بەدەردەکەون. بەو پێیە بێت، خۆڕاستکردنەوەی نرخی کانزاکان لە نیوەی دووەمی ساڵ دا روودەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ