لە ماوەی زیاتر لە مانگێکی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەر پارت و لایەنێکی سیاسی بە قەبارەی خوی و بە ئەندازەی بیری سیاسی و تێڕوانینی بۆ ئایندە و پلانە خزمەتگوزارییەکانی بانگەشەی دەکرد.
لەسەر ئاستی عێراق بانگەشەی لایەنەکان هەمەجۆربوون، بەڵام نێوەڕۆک بەتاڵ و پڕ دروشمی بێ کرداربوون کە خواستی شەقام و خەڵکی تێر نەدەکرد، بەڵکو بێزارکەریشبوون.
تاکە پارتی سیاسی کە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق دا بە پاشخانێکی پڕەوە بانگەشەی دەکرد، تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، ئەمە لایەنگیری نییە بۆ پارتی، ئەمە فاکتە و بەڵگەکانی بانگەشە لە میدیا و پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا و کەرنەڤاڵە جەماوەرییەکانی پارت و لایەنە سیاسییەکان دا ماون و روونن بۆ هەرکەسێک کە بیەوێت دڵنیاببێتەوە لەم ئارگۆمێنتە.
پارتی لە رێگەی سەرۆک بارزانی و هەردوو کەسایەتی دیاری حکومڕانی کوردستانەوە کە بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی جێگرانی سەرۆکی پارتین، بانگەشەی دەکرد.
ئەم بەڕێزانە بەڵگەی بەرجەستەکراویان دەدایە خەڵک و باسییان لە کارنامەیەک دەکرد کە بناخەیەکی پتەوی حکومڕانی باش و راستیی لەخۆ گرتبوو، ئەوان واقعبینانە و راستگۆیانە لەگەڵ جەماوەر و خەڵک دا گفتوگۆیان دەکرد و پەیامەکانیان یەکانگیربوون لەگەڵ ئەو زەوینەیەی کە خەڵک هەستی پێدەکات و بە چاوی خۆی دەیبینێت.
پەیامی پارتی پەیامێکی هێمن و ئایندەبەخش و ئارامکەرەوەبوو بۆ خەڵکی کوردستان، بەڵێنی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزارییان دەدایە خەڵک، لە هەمان کات دا هەر رۆژێک و پڕۆژەیەکی نوێ و خزمەتگوزارییەکی تازەیان پێشکێشی شار و شارۆچکەکانی کوردستان دەکرد، پەیامی پارتی گوزارشت بوو لە پێکەوەبوون و یەک دەستی و بەهێزبوونی کورد لە بەغدا، ئاماژەبوو بۆ ئایندەیەکی بەهێزتر بۆ هەرێمی کوردستان و داهاتوویەکی گەشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو.
پارتی بە پلان کار دەکات، بۆیە بانگەشەکەیشی ئامانجداربوو، چالێنجی یەک ملیۆن دەنگیش لەخۆوە نییە و پشتئەستوورە بەو راپرسی و توێژینەوە و لێکۆڵینەوانەی کە لە رابردوودا کراون و بەرچاوڕوونیان داوەتە پارتی بەهۆی دەستکەوتەکانی وەک کارەبای ٢٤ کاژێری، چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی خواردنەوە، ژینگەپارێزی ، دروستکردنی ژێرخانی رێگەوبان، پڕۆژەی هەژماری من، دروستکردنی بەنداو، هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی، بەدیجیتاڵکردنی بەشێکی زۆری دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لابردنی ئابڵوقەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی، نێوەندگیری لە نێوان بەڕێز مەزڵوم عەبدی و حکومەتی سووریادا، هاوکاریکردنی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و زۆر بواری دیکەی بریقەدار کە خەڵک بە تیژبینییەوە وەریدەگرێت و هەڵیدەسەنگێنیت.
ئەم شێوازە لە بانگەشەکردن زۆر نوێ بوو بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، کە پارتێکی سیاسی تەنیا بەڵێن نەدات بە دەنگدەران، بەڵکو پڕۆژەیان پێشکەش بکات و سەرپشکییان بکات لە نێوان ویستییان بۆ خزمەتی حازر بەدەست یان بەڵێنی کردار نادیار !
پارتی بەم مۆدێلەی لە بانگەشەی هەڵبژاردن دا وادەکات کە پارت و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان دووجار بیربکەنەوە بۆ داهاتوو و ناچاربن کە خزمەتی خەڵک بکەن بۆ ئەوەی متمانەیان بەدەستبێنن، ئەم جۆرە لە بانگەشە دەبێتە نەریتێکی باو و خەڵک هوشیار دەکاتەوە لە هەڵبژاردن دا کە بەرنامەی پارتە سیاسییەکان بکەوێتە پێش بەرژەوەندییە حیزبی و کەسییەکان، خەڵک چیتر فریونادرێت بەوەی پێیان بگوترێت لە داهاتوودا ئەوەتان بۆ دەکەین، بەڵکو دەبێت پێیان بگوترێت ئەوەمان بۆ کردوون.
ئەم ستراتیژە زۆر دەڕوات و باش کار دەکات لە جوگرافیایەک دا کە سەرتاپای کێشە و ئاڵۆزی و ناکۆکییە، پارتی توانیویەتی قەیران بکاتە دەرفەت و سوودی لێ ببینێت بۆ خۆڕێکخستنەوە و خۆسازدانەوە بۆ ئانیدەیەکی گەشتر و داهاتوویەکی شکۆدارتر بۆ خۆی و خەڵکی کوردستان.
ئەم داهێنانە لە بانگەشەدا سەر دەکێشێت بۆ دووبارە یەکەمبوونەوەی پارتی وەک پارتێکی سیاسی لەسەر ئاستی عێراقدا، بەڵام ئەم جارە بە دەنگی زیاتر و بە ژمارەی ملیۆنی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ