چیرۆکى تۆمەتبارکردنى هەرێمى کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، بەوەى کوردستان بووەتە ناوەندێک بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا، تازە نییە. لە ساڵانى رابردوو بێئەوەى لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە جەنگدا بووبێ، چەندجارێک بەو پاساوەوە ژێرخانى هەرێمى کوردستانی بە ئامانج گرتووە، بەڵام ئەوەى وەک دەرکەوتەى حەقیقەتێک لەم مانگەى رابردووى جەنگى ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بۆ هەموو لایەک روون بووەتەوە، ئەو راستییە بوو کە بەردەوام کوردستان دووپاتى دەکردەوە کە ئێمە بەشێک نین لە پڕۆژەى هیچ دەوڵەت و لایەنێک و دەمانەوێ دۆستى هەموو لایەنە ناکۆکەکان بین.
چونکە ئەگەر هەرێمى کوردستان بەشێک بووبا لە پڕۆژەى ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەوە لەم جەنگە سەختەى رووبەڕووى ئێران بووەتەوە، هەرێمی کوردستان دەبووە پێگەیەکى گرنگ بۆ لێدان لە ئێران و دەتواندرا بەهۆى نزیکى لە ئێرانەوە و بوونى سنوورێکى بەرفراوان لەنێوانیان، خزمەتى گەورە بە ئەمریکا و ئیسرائیل بکات، بەڵام هەموو لایەک دەزانن تەنیا یەک فیشەکیش لە هەرێمى کوردستانەوە بەرەو ئێران نەتەقێندراوە. هیچ بنکەو بارەگایەکى سەربازى و فڕۆکەخانەیەکى کوردستان بەکارنەبراوە بۆ لێدان لە ئێران. سەرانى ئێران ئەو راستییە باش باش دەزانن.
ئەوەى پەیوەندى بە پاساوى بوونى بنکە و بارەگاى هێزە کوردییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستانەوەیە لە هەرێم، سەرەڕاى ئەوەى لە 35 ساڵى رابردوو زۆر جار دەرفەتى ئەوە رەخساوە هێزە کوردییەکان بەرەى جەنگ لەگەڵ ئێران بکەنەوە و دەست بە خەباتى چەکدارى بکەن، بەڵام بەهۆى ئەو پابەندبوونەى هەرێمى کوردستان بۆ ئێران و بەڵێنى هێزەکانى رۆژهەڵات بۆ سەرکردایەتى باشوور، هیچ دەرفەتێک نەقۆستراوەتەوە و هیچ گرفت و سەرئێشەیەکیان لە سنوورەکانى هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران دروستنەکردووە. تەنانەت لە دەستپێکردنى شەڕى ئەمریکا و ئیسرائیل لە حوزەیرانى ساڵى رابردوو، هەروەها خولى دووەمى هێرشەکانیش لە ئێستایا، هێزە کوردییەکان هیچ چالاکى و جموجۆڵێکى سەربازییان نەکردووە و بەرەیەکى دیکەى شەڕیان نەکردووەتەوە، لەکاتێکدا ئەگەر ئەوەیان بکردایا لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کۆمەکیش دەکران.
بەڵام لە دەستپێکى ئەم جەنگەوە کە ئەمڕۆ 31 رۆژە دەستپێکردووە، بە نزیکەى 600 مووشەک و درۆن لە ئێران و عێراقەوە هێرش کراوەتە سەر هەرێمى کوردستان. چەندین پێشمەرگە و ئاسایش و هاووڵاتى شەهیدکراون و دەیان کەسیش بریندارن، ژێرخانى وزە، فڕۆکەخانە، بارەگاى هێزى پێشمەرگە و دواجار وەک پێشهاتێکى ئەمنى مەترسیدار ماڵى سەرۆکى هەرێمی کوردستانیش بە ئامانج گیراوە. بێ ئەوەى لە هەرێمى کوردستانەوە یەک مووشەک، یەک درۆن، تەنانەت یەک فیشەکیش ئاراستەى ئەوان کرابێت. تائێستاش سیاسەتى فەرمى هەرێمى کوردستان هەر جەختکردنەوەیە لە بێلایەنى و هەوڵدان بۆ دروستکردنى دڵنیایى کە نابێت بە بەشێک لەو شەڕە و بەسەر خۆیدا زاڵدەبێت کە پەلکێشى ناو کێشەکان نەکرێت. بێگومان ئەگەر هەرێمى کوردستان بتوانێت دەستەبەرى دڵنیایى ئەوە بکات نابێتە تەرەف، لە دۆخێکى شێواوى وەک ئێستاى ناوچەکەدا، بۆ کوردستان دەستکەوتێکى گرنگە، بەڵام بە مەرجى ئەوەى چی دیکە هێرش نەکرێتە سەرى.
ئەگەر هەرێمى کوردستان هەر جەخت لە بێلایەنى خۆى بکاتەوە و ئەوانیش لە هێرشەکانیان هەر بەردەوام بن، ئەمە دەبێتە بابەتێکى گاڵتەجاڕى. بەتایبەتیش بەهۆى ئەوەى بەشێک لە مووشەک و درۆنەکان سەرچاوەکانیان روون و ئاشکرا دیارە لەلایەن چەند گرووپێکى عێراقەوە ئەنجام دەدرێت. هێرشى سەر ماڵى سەرۆکى هەرێمی کوردستان لەلایەن خودى ئێرانیشەوە بە کارى تیرۆریستى ناوزەدکرا، ئەمە بەڵگەى ئەوەیە چەکدارەکانى عێراق جەنگى ئێرانیان وەک دەرفەت قۆستووەتەوە و کردوویانە بە روپۆشى نیەتە دووژمنکارییەکانى خۆیان دژی کوردستان. ئەگەر ئەم جەنگەش رووینەدابا، ئەوان لە هەر دەرفەتێک بۆیان بڕەخسابا پەلامارى کوردستانیان دەدا. بیرتان بێت لەدواى کێشە و گرژییەکانى گوندى لاجان لە ساڵى رابردوو، کارەکتەرێکى سیاسى کوردى نزیک لەو گرووپانەى ناو حەشد، لە دیدارێکى پەخشى راستەوخۆى کەناڵێکى تەلەڤزیۆنى زانیارییەک لە دەمى دەرچوو وەک نوقڵانە و موژدەى ئەوەى کە پلان هەیە بۆ لێدان و لاوازکردنى بەشێکى هەرێمی کوردستان کە مەبەستى لە هەولێر و دهۆک بوو. جێى داخە هەرێمی کوردستان دواى هەموو هێرشێک هەر بەیاننامەیەکى ناڕەزایەتى بڵاودەکاتەوە و داوا لە عێراق دەکات رێگە لە گرووپە چەکدارەکانى بگرێت کوردستان نەکەنە ئامانج، بەغداش هەر بە بەیانێکى ئیدانەکردن کۆتایى بە بابەتەکە دەهێنێت، لە کاتێکدا هەرێمى کوردستان و حکومەتى بەغداش باش دەزانن ئەم رووداوانە بە دەرکردنى بەیاننامە کۆتایى نایێت و بە ئیدانەکردن چارەسەر ناکرێت.
پرسیارى گرنگ لێرەدا بۆ هەرێمى کوردستان ئەوەیە، تاکەى دەیەوێ وەڵامى مووشەک و درۆن بە راگەیێندراو بداتەوە؟ تاکەى ئەوە لە عێراق قبووڵ دەکات بە ناوزەدکردنى (گرووپى لە یاسا دەرچوو) خۆى لە بەرپرسیارێتى بدزێتەوە؟ لە کاتێکدا هەموو خەڵکى کوردستان و عێراقیش دەزانن ئەو گرووپانەى بە ئاشکرا هێرش دەکەنە سەر کوردستان، هیچیان لە دەرەوەى یاسا و دامەزراوە دەوڵەتییەکانى عێراق نین. هیچ گرووپێکى چەکدار لە عێراق نییە نهێنى بێت؟ هەموو ئەوانە سەر بە رێکخراوى حەشدى شەعبین کە بە پێى یاسا بەشێکە لە دامەزراوەى دەوڵەتى و راستەوخۆ بەستراوە بە سەرۆکوەزیرانەوە. هیچ لۆژیکێک لەوەدا نییە باوەڕ بەوە بهێندرێت ئەو گرووپانە پابەندى بڕیار و یاسا و رێساى بەغدا نین. مووچە و ئیمتیازات و چەک و کەرەسەکانى جەنگیان هەمووى لەلایەن بەغداوە دابینکراوە.
دەسەڵاتدارانى عێراق دەبێت لەوە تێبگەن کە پەلکێشکردنى عێراق بۆ ناو ئەم جەنگە، ئەنجامەکەى بە سووتماکبوونى عێراقە. خۆیان دەخەڵەتێنن پێیان وابێت ئەگەر لە عێراقەوە بەرەیەکى دیکەى جەنگ بکەنەوە، گوشار لەسەر ئێران کەم دەبێتەوەو بەهۆیەوە ئێرانى پێ رزگار دەکەن و دواجار ئێرانیش ئەمان دەپارێزێت. سرووشتى ئێران هەروابووە هەمیشە دەیەوێ کێشەکانى فڕێ بداتە دەرەوەى خۆى، بەڵام ئەوە چاوەڕوانییەکى بێئاکامە پێیان وابێت ئێران بەدواى کێشەکاندا دێت و عێراقیش دەپارێزێت. وەک چۆن نە غەززەى پاراست و نە لوبنان و نە سووریاى ئەسەد. ئەو مووشەک و درۆنانەى ئێستا بۆ بەرگرى لەخۆى بەکاریان دەهێنێت، ئەگەر لە سەرەتاوە لەسەر غەززە بەکارى ببردایا هیچ کام لە رووداوەکان بەو جۆرە نەدەبوون کە ئێستا هەن.
دەبێت هەرێمى کوردستان وەڵامى راست و روون و راشکاوى هەبێت بۆ بەغدا، راستە شەڕ خراپە، بەڵام لە شەڕ خراپتر، قبووڵکردنى تەعدایە. ئەوەى بەغدا ئێستا بە هەرێمى کوردستانى دەکات، تەعداکردنێکى ئاشکرایە. کوردستان ئەگەر کەرەستەى ئەم جەنگەشى نەبێت دژ بە ئێران، بەڵام دەتوانێت سەر ئێشەى گەورە بۆ عێراق دروستبکات. سبەینى تەنیا بە بەکاربردنى هاووڵاتییانى کورد لە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێمی کوردستان وەک ئامرازێکى سیاسى و گوشار بۆ سەر بەغدا، دەتوانێت کێشەى گەورە بۆ بەغدا بخوڵقێنێت. لەکاتێکدا رۆژانە ئەمریکا و ئیسرائیل بنکەو بارەگاى حەشد و سوپاى عێراق لەو ناوچانە دەکەنە ئامانج، کوردستان زۆر بە ئاسانى دەتوانێت جڵەوى ئەو ناوچانە لە دەستى بەغدا دەربهێنێت، هەروەها پێویستە خۆى بۆ ئەو پێشهاتە ئامادە بکات هاوشێوەى سەردەمى دەرکەوتنى داعش کەرکووک و تەواوى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ بکاتەوە.
نابێت کوردستان هەر لەناو بازنەى پاڕانەوە و سەرکزکردن بمێنێتەوە، لەکاتێکدا روونە ئیدانەکردن و پاڕانەوەى بێلایەن بوون ناتپارێزێت. باو باپیرانیشمان لە کۆندا گوتوویانە مشت لە درەوشە دەگەڕێتەوە. ئەگەر و پێشهاتەکان رووداوەکان بەو ئاراستەیە دەبەن کە وەک ئەگەرێکى لاواز ئەگەر ئێران بشمێنێتەوە، رێگە نادرێت هەژموونى بەسەر دەرودراوسێکانیدا بمێنێت. بۆیە دەبێت کورد کەڵک لەو دەرفەتانە وەرگرێت، ئەوەى بە پشتیوانى ئێران لێى زەوتکراوە، وەریبگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ