شوکرانەی شەرع و مەتەڵی سووریا

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
زریان رۆژهەڵاتی
A+ A-

کێ دەزانێ، لەوانەیە ساڵێک بەر لە ئێستا و رێک لەم رۆژانەدا، ئەو خەریکی "نوێژی ئیستیخارە" بووبێت بۆ داهاتووی نادیاری خۆی لە سووریا، بەڵام لەم رۆژانەدا هەقە نوێژێکی "شوکرانە"ش بکات کاتێک ئاوڕ لە ساڵی رابردووی دەداتەوە. 
 
باسی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا دەکەم کە وەک ئەستێرەی کۆڕبەندی ئەم ساڵی دۆحە دەرکەوت. وەزیر و بەرپرسی باڵا بەو ناوەدا هاتن و چوون، بەڵام هیچ کامیان وەک ئەو نەبوونە جێی سەرنج؛ هۆڵی (دەفنە) کە کریستیان ئامانپوور تێیدا چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەکرد، جمەی دەهات.
 
بە هەنگاوی قورس و پڕ متمانەوە، کەمێک بە درەنگەوە هاتە نێو هۆڵەکەوە. بە پاساو، زۆر جاریش بە تەنز و گاڵتەوە بەرگری لە ئایدیا و رابردووی خۆی دەکرد، وەک ئەوەی بیەوێت بە زمانی جەستە بڵێت: "من ئەو پیاوەی ساڵی پار نیم، شوێنپێم قایمترە لە جاران."
 
لە راستی دا، دەرکەوتنی شەرع تەنیا گوزارشت لە خۆی و رابردووەکەی ناکات، بەڵکو سیمبووڵی وەرچەرخانێکی جیۆپۆلەتیکییە کە دەشێ لە گۆڕانی دکتۆرینی ئەمریکادا کورت بکرێتەوە: کۆتاییهێنان بە سیاسەتی گۆڕینی رژێمەکان و سپاردنی چارەنووسی ناوچەکە بە سیستەمێکی هەرێمی. هەر ئەمەشە وادەکات دۆنالد ترەمپ، شەرع بە "ئازا" ناو ببات .

 

هەر لەو کاتانەدا و لە دیوێکی دیکەی هۆڵەکەوە، تۆماس باراک (کەسایەتی نزیک لە ترەمپ) لەبەردەم میدیاکاندا چارەسەری خۆی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست فورمولە دەکرد: وازهێنانی ئەمریکا لە گۆڕینی رژێمەکان، پشتیوانی لە شەرع، مانەوەی سوودانی لە عێراق، ئاشتکردنەوەی وڵاتان لەگەڵ ئیسرائیل و تەنانەت رێککەوتن لەگەڵ ئێران. وەک بڵێی کێشەکانی ئەم ناوچەیە تەنیا بە هەبوون و نەبوونی ئەمریکاوە پەیوەست بن! هەرچۆنێک بێت، لەوانەیە پشتگیریی شەرمنانەی ئەمریکا، خەلیج، تورکیا و تەنانەت ئەورووپاش،داینەمۆی ئەو متمانە بەخۆبوونەی شەرع بێت.
 
هەندێک جار کۆنە رادیکاڵە ئیسلامییەکان بۆ قسە دانامێنێن، هەروەها ئەوەندەش پراگماتیک دەبن کە خەڵک پێشبینی نەکەن. شەرع باش دەزانێت کە مان و نەمانی لە دەسەڵات پەیوەستە بە گونجانی لەگەڵ هێزە گەورەکانەوە، نەک بە رۆمانتیزمی ئایدۆلۆژی. ئەو پێویستی بە 250 بۆ 400 ملیار دۆلارە بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا، دەشزانێت بەبێ رەزامەندیی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەم پارەیە خەونە. هەر بۆیە کاتێک باسی "رێککەوتنی 1974"ی بەرزاییەکانی گۆلانی کرد و بە "سەرکەوتوو" ناوی برد، راستەوخۆ پەیامی بۆ تەلئەڤیڤ نارد: "من مەترسی نیم، من کلیلی سەقامگیریم."
 
لە چاوپێکەوتنەکەشدا، پرسیارەکانی کریستیان ئامانپوور هاوشێوەی سیاسەتی ئەمریکی، خاتری شەرعی زۆر دەگرت و دەرفەتی پێدەدا سەکۆکە بقۆزێتەوە. شەرع زیرەکانە پرسیار لە بارەی "رابردووە تیرۆریستییەکەی" کردە دەرفەتێک بۆ سپیکردنەوەی رووخسارە سیاسییەکەی و گوتی: "تیرۆر دەستەواژەیەکی سیاسییە؛ بۆچی کوژرانی هەزاران بێ تاوان لە غەزە تیرۆر نییە، بەڵام بەرگریی ئەوان تیرۆرە؟".
 
شەرع گوتی سووریای نوێ سووریای خێڵ نییە و بەشبەشێنە "موحاسەسە"ی تێدا نابێت. گوتی پێنج ساڵمان دەوێت بۆ ئەوەی سووریا بکەوێتە سەر رێڕەوی خۆی، بەڵام بە پێکەنینەوە گوتی "هێشتا یەک ساڵی رۆیشتووە"؛ وەک بڵێی حەزبکات بێژێ سووریای نوێ سووریای خۆمە و جارێ هەر خۆم حەساوم! ئامادەبووانیش زوو زوو جەپڵەیان بۆ لێدەدا وەک بڵێی لە کۆنگرەیەکی حیزبیدا قسە بکات.
 
شەرع بە وردی باسی ئەوەی نەکرد کە داهاتووی کێشەی دروز، عەلەوی و کورد چی دەبێت، تەنیا لە دەرەوەی هۆڵەکە بە سەنگەر عەبدولڕەحمان و تیمی رووداوی گوتبوو کە "یەک دەگرین."
 
بەڵام رێک دوای ئەو، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا قسەی کرد و پەردەی لەسەر گرێکوێرەکە لادا. فیدان بە دیاریکراوی باسی "کادیرە بیانییەکان"ی هەسەدە و، پرسی قەبارەی هێزەکە و رۆڵی ئۆجەلانی کرد.
 
مەرجی سەرەکیی ئێستای ئەنقەرە دەرکردنی "کادیرە بیانییەکان"ـە؛ واتە ئەو فەرماندە ناسوورییانەی کە بڕبڕەی پشتی هەسەدەن. پێشتر مەزڵوم عەبدی گرێکوێرەی "کشانەوەی پەکەکە"ی لە رۆژئاوا کردبووە بەرپرسیارێتی ئیمرالی و،  ئۆجەلانیش بەم دواییانە ئاماژەی بەوە دابوو کە دەتوانێت چارەسەری بکات، بەڵام فیدان لە دۆحە دەریخست کە متمانەیەکی زۆری بەمە نییە و گوتی: "نازانم قسەکانی ئۆجەلان [لای پەکەکە] قبوڵ دەکرێت یان نا، چونکە جاری پێشوو کاریگەری نەبوو."
 
ئەم گومانەی فیدان ئەو پرسیارە جدییە دەورووژێنێت: ئەگەر ئەنقەرە بڕوای بەوە نەبێت کە ئیمراڵی دەتوانێت کۆنترۆڵی قەندیل و رۆژئاوا بکات، ئایا تورکیا چی لەم "پرۆسەیە" دەکات کە بەردەوامە؟ ئایا ئەمە زەنگێک نییە بۆ گەڕانەوەی شەڕی هەردوولا ، ئەگەر پرۆسەکە سەرینەگرت؟

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە