پێکدادانەکەی کەناری سووریا، یەکەمین کردەیە کە کوشتار و خوێنڕشتنی بەو رێژەیە لێ بکەوێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی هیچ لایەک دڵخۆش نییە بە خوێناویکردنی زەویی سووریا، وا دەبینرێت خوێندەوەکان هەڵەن، یان خۆیان دەیانەوێت وای بخوێننەوە؛ ئەنجامدەران، پاشماوەکانی رژێمی پێشوون و هیچی یکە.
هیچ گومانێک لەوەدا نییە؛ پاشماوەی رژێمی بەعس لە هیچ چەشنە ئاژاوەگێڕی و هەڵگیرساندنێکی ئاگر سڵ ناکەنەوە، بەڵام ئەزموونی عێراق پێمان دەڵێت، کورتکردنەوەی رووداوەکان لە خۆڕاوەشاندنی بەعسییەکان دا هەڵەیەکی گەورەیە و، تەنها بە خامۆشکردنی ئەو جوڵە سەربازییە کۆتایی بەو دۆخە نایەت، کە ئەگەری هەیە سووریای تێوەبگلێت، لێرەدا بۆ زیاتر تێگەیشتن لەو رووداوانە و هاوشێوەکانی لە داهاتوودا، دەکرێت لە روانگەی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بیانخوێنینەوە:
1- هەندێک ناوەند بە کودەتا ناویان هێنا، یان بەوەی کە هەموویان کوژران و لەنێوبران، سوپای سووریا دەسەڵاتی خۆی بەسەر شارۆچکەکانی لازقییە و تەرتووسدا سەپاند و هەموو شتێک کۆتایی هات، ئەم جۆرە لێکدانەوەیە هەڵەیە، چونکە ئەو هەوڵانە لەم جۆرە دۆخەدا ئامانجیان دەستگرتن بەسەر پانتاییەکی دیاریکراوی زەوی و فەرمانڕەواییکردنی نییە، بەڵکو شەڕەکە، پێکدادانەکە و ئاژاوەنانەوەکە خۆی بۆ خۆی مەبەستی سەرەکییە، بەتایبەت لە ناوچەیەکی شاخاویدا وەک شاخە سەختەکانی کوردستانە.
2- ناونان و پێدانی شووناسی بەعیسزم بە یاخیبووان و سەندنەوەی هەموو رەوایەتیێک لێیان بەو بیانووەوە، هەڵەیەکی دیکەیە، ئەوە گوتاری سەرانی شیعەکانی عێراقمان دەخاتەوە یاد، کە هەر دەنگێکی ناڕازی لە هەر جێگەیەکی وڵات بەرزدەبووەوە، بێ بیرکردنەوە دەیانگوت ئەوانە بەعسییەکانن و دەیانەوێ رێگە لە دورستبوونی عێراقی نوێ بگرن. ئەمە دوور نییە لە راستییەوە، بەڵام دەبێت بزانن پاشماوەی بەعسییەکان کێن؟ پێناسەکردنی بەعسییەکان کە هێشتا لە ملەجیڕەدان و خۆیان رادەست ناکەن، دەکرێت لە دوو توێژدا کۆبکرێنەوە، یەکەمیان، خاوەن بیر و ئایدیاکانن، دووەمیان ئەوانەن کە لەبەرژەوەندییان دراوە و بەهۆی گۆڕینی رژێم، دەستیان خاڵییە. ئەمانەش لە ئەفسەرە باڵاکان و سەربازە دەرکراوەکان و پیاوانی دەزگاکانی هەواڵگرین، بەڵام لەکاتی هەر جوڵەیەکدا، ئەوەندە نەزان نین، کە ناوی بەعسێکی قێزەون لە هەموو دونیادا لە خۆیان بنێن، بەڵکو دێن ناسناوێک لە خۆیان دەنێن، کە دۆخی هەنووکەیی سووریا قبووڵی بکات و سۆزێکی جیهانیشی هەبێت، بۆیە لەژێر ناوی کەمینەکان دا دەجوڵێن، لێرەشدا عەلەوییەکان گونجاوترین پێکهاتەن بۆ بزاوتێکی لەو چەشنە، هەر بۆیە ئەنجوومەنی گشتیی عەلەوییەکان سەرکۆنەی کاردانەوەی حکومەتی کرد و گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئەوانیشی بە راپەڕینی عەلەوییەکان ناساند و، بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش سەرزەنشتی کردەکانی چەکدارانی سوپای سووریای کرد.
3- سەبارەت بە دەستی دەرەکی و تاوانبارکردنیان، ئەوەندەی پەیوەندیی بەم رووداوانەوە هەبێت، دوو جۆر دەستی دەرەکی هەن:
- ئەو دەستەیەی رێگرە لەوەی سووریای پاش ئەسەد، مامەڵەی شووناس لەگەڵ پێکهاتەکاندا بکات، هەژموونی خۆی بەکاردەهێنێت تاوەکو دەستووری نوێی سووریا، خاڵی بێت لە چەسپاندنی فرەیی رەگەز، نەتەوە، ئایین و مەزهەب و رێگرە لە پێدانی مافی تایبەتیی نەتەوەکان.
- ئەو دەستەیەی راستەوخۆ دەستوەردان دەکات و لەڕێگەی کردەی سەربازییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخە نوێیەکەدا دەکات.
دەستی یەکەمیان رێخۆشکەرە بۆ دەستی دووەم، واتە دەستووەردانی یەکەم کەشوهەوا دەسازێنێت بۆ دەستی دووەم و، زەمینەیەکی سازگاری بۆ بەدیدەهێنێت تاوەکو جوڵەی چەکداری بکات و ئەسپی ئاژاوەگێڕیی خۆی تاوبدات، هەردووکیان وەکو یەک تاوانبارن لە تێکدانی دۆخی سووریا و ئاستەنگ دروستکردن بۆ ئارامی.
4- رێژەیەکی زۆری دەنگەکان، لەوانەی بە دوای رێگەچارەیەکدا دەگەڕێن تاوەکو رژێمی نوێی سووریا هەڵەکانی ئەسەد دووبارە نەکاتەوە، باسی سیستمی لامەرکەزی دەکەن، چ توێژەرانی رۆژئاوا یان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلی سووریا لە ساڵی 2011، بەمەستی چارەسەرکردن و هێورکردنەوەی دۆخەکە، ئەنقەرە پرۆژەیەکی سیاسیی نوێی بۆ سووریا داڕشت و لەڕێگەی ئەحمەد داودئۆغڵو، درایە دەستی بەشار ئەسەد، تێیدا سیستمێکی تا ئاستێک لامەرکەزی داڕشتبوو، باسی کوردیش کرابوو، بەشار ئەسەد سەرەتا رەتیکردەوە، بەڵام پاش تێکچوونی سەرتاپای دۆخەکە، گەڕایەوە و هەوڵی دروستکردنی لامەرکەزیی کارگێڕیی دا، لە هەوڵەکەیدا شکستی خوارد، ئێستا پاش نەمانی بەعس و هاتنەسەرکاری هێزە شۆڕشگێڕەکان، شەرع دەبێت هەڵەکانی ئەسەد دووبارە نەکاتەوە، سیستمی لامەرکەزی پەیڕەو بکات، بەڵام بە سەرنجدان لە رەشنووسی (راگەیاندنی دەستووری) کە دەستووری کاتیی سووریا دەبێت، لە دوور یا نزیک، باسی لامەرکەزی ناکرێت.
دوورکەوتنەوە لە لامەرکەزی بێ هۆکار نییە، هەندێکیان دەرەکین، ئەوانی دیکەش ناوەکین، ئاستەنگەکانی بەردەم لامەرکەزی بە دیدی من سیانن:
- عەقڵی سیاسیی شەرع و چواردەورکەی، نوێگەراییەکی سیاسیی بە گوتار و جوڵەی شەرعەوە بەزەقی دەردەکەوێت، بەڵام هێشتا بە تەواوی پێنەگەیشتووە، میزاجی خۆشی کە لە مێژووی ژیانیدا پێکهاتووە، کەرەستەکەی دەسەڵاتی تەواوە نەوەک دابەشکردنی، بەمەرجی دووریی لە دیکتاتۆری. تائێستاش خۆی بە ناچار نابینێت بۆ گرتنی ئەو رێگەیە.
- زۆرینەی گەلی سووریا، ئەوانیش هەروەکو عێراقییەکان کە ملیۆنانیان رۆژەکانی ژیانیان لە ئێران بەسەر برد و بە گیانێکی ئێراندۆستییەوە گەڕانەوە عێراق، ئێستاش ملیۆنان سووری کە لە تورکیا ژیانیان بەسەربردووە و بە گیانێکی تورکدۆستییەوە گەڕاونەتەوە سووریا، وەک جەستەیەکی رێکخراوەیی جەماوەریی سووریی بۆ بەرژەوەندیی تورکیا کاردەکەن، ئەوانە و پاشماوەی فکری عەرەبچیێتیی دەیەها ساڵەی حوکمی بەعس، سیستمی فەرمانڕەوایی لامەرکەزییان (ناناوەندی) پێ هەرس ناکرێت.
- تورکیا، دەوڵەتی تورکیا پڕ بە دەنگی هاوار دەکات دەبێت سیستمی سووریای نوێ مەرکەزی بێت، بەڵام ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە ئەوەیە؛ تورک، بیرۆکەی لامەرکەزییان لە سووریا دا ورووژاند، کەچی پاش ئەسەد، پاشگەزبوونەوە و سەرسەختانە دژی لامەرکەزی دەجوڵێنەوە، وادەردەکەوێت کۆدی پەشیمانبوونەوەکەشیان کورد بێت، چونکە لە سەرەتاکانی شۆڕشی سووریا، کاتێک داودئۆغڵو سەردانی یەک لە دوای یەکی دیمەشقی دەکرد، ئەم پێکهاتەی (بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا) نەبوو، یەکەکانی پاراستنی گەل نەبوون، ناوی کورد و دەزگای کارگێڕیی ناوچەی کوردی نەبوو، ئێستا هەیە و لەسەر پێ وەستاوە، ئەمەش تەواو دەوڵەتی تورکیای ناڕەحەت کردووە، بۆیە گوشار دەخاتە سەر شەرع تاوەکو هیچ جۆرە لامەرکەزییەتێک – فیدراڵی، ئۆتۆنۆمی، لامەرکەزیی سیاسی، پەیڕەو نەکات. ئەم ڕێگایەش مەگەر بە زەبری فیشەک و رشتنی خوێن، ساڕێژ بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ