2026 ساڵی شارەزایانی بازاڕە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
عومەر ئەحمەد
A+ A-
 
بازاڕە داراییەکانی جیهان، هەفتەی رابردوو تووشی بوومەلەرزیەکی گەورە بوون کە دەستنیشانکردنی  (کێڤن وارش) بۆ سەرۆکایەتی بانکی فیدرالیی ئەمریکا Federal Reserve System، هۆکارەکەی بوو. ئەو کەسانەی کە هێندە شارەزای بازاڕە داراییەکان نین، پێیانوابوو ئەو شڵەژان و بشێوییە، بێسەروبەری بازاڕە داراییەکان ئاشکرا دەکات، بەڵام ئەوانەی کە زیاتر شارەزان، دەزانن چی روویداوە. 
 
 ئەگەر کۆی بازاڕە داراییەکان وەک باڵەخانەیەکی چەند نهۆمی لەبەرچاو بگرین، کە تێیدا بۆ سەرکەوتن قادرمە و ئاسانسوار (دەرگان - مەسعەد) هەیە. دابەزینە خێراکەی هەفتەی رابردوو وەک ئەوەیە ئاسانسوارەکە لە بەرزترین نهۆمەوە، لەناکاو بکەوێتە خوارەوە بۆ نهۆمی سەر زەوی.
 
هۆکاری دابەزین
 
لە مانگی یەکی ئەم ساڵ دا، بازاڕەکانی جیهان سەرخۆش بوون. بازرگانان لە سەرانسەری جیهان دا تەنیا بۆ وەبەرهێنان زێڕ و زێویان نەدەکڕی، بەڵکو بازاڕەکەیان کردبووە قومارخانە بە چەشنێک لە هەر کوێیەک بووایە، پارەیان قەرز دەکرد و گرەویان لەسەر بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان دەکرد. تاوەکو 29 ـی مانگ، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە  نزیکەی 5600 دۆلار. نرخی زیویش نزیکبووەوە لە 122 دۆلار. بازاڕ تووشی خەیاڵی ( نەختینەی هەتا هەتایی) ببووەوە. بازرگانان وایاندەزانی ئەو پارە ئاسانە کە هەیە و بەردەوام قەرزی دەکەن و مامەڵەی هەوایی ( مامەڵە بە لێڤرێجەوە) پێدەکەن، بەردەوام دەبێت.
 
 بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کەسیکی بۆ سەرۆکی بانکی فیدرالی وڵاتەکەی هەڵبژارد کە بەپێی ئەو ئەزموونەی کە هەیەتی، بەردەوام دژی پارەی ئاسان بووە بۆ ئەوەی هەڵاوسان سەرهەڵنەدات و ژیانی هاووڵاتیان گران نەکات. 
 
بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە مانگی 9ـی ساڵی 2024 ەوە، کیسەکەی ئاوەڵا کرد و بە دابەزاندی سوودی بانکی رێگەی بۆ پارەی ئاسان بۆ نێو بازاڕەکان خۆش کرد. لە 2024 دا بانکەکە سێ جار سوودی بانکیی کەمکردەوە و تێکڕا 1٪ـی لە رێژەی سوودی بانکیی کەمکردەوە. ساڵی 2025 ـیش سێ جاری دیکە، سوودی بانکی کەمکردەوە و 0.75٪ـی دیکەی دابەزاند بۆ نزیکەی 3.5٪. دۆناڵد ترەمپیش خۆی دەڵێت رێژەی سوودی بانکی دەبێت لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی دابەزێت بۆ 1٪، بەڵام ترەمپ بەکردەیی کەسێکی هەڵبژارد کە بە هەڵۆ ناسراوە وەک نازناوێک بۆ ئەو کەسانەی کە لەگەڵ تووندکردن و کەمکردنەوەی نەختینەن لە بازاڕ دا.
 
 دەستنیشانکردنی وارش کۆتایی بە خەیاڵی پارەی ئاسان و نەختینەی هەتا هەتایی هێنا. 
 
دابەزینی نرخی زێڕ و زیو
 
زێڕ و زیو و کانزاکانی دیکە بە دۆلار مامەڵەیان پێوە دکرێت. کاتێک ئاماژەکان دەردەکەون کە پارەی ئاسان نامێنێت و سیاسەتی نەرمی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە بۆ 16 مانگ بەردەوام بووە، لەناکاو بە تەواوی پێچەوانە دەبێتەوە، کاردانەوەی بازاڕی زێڕ و بەتایبەتی زیو زۆر تووندە. 
 
نرخی ئۆنسەیەک زیو لە 121 دۆلارەوە دابەزی بۆ 64 دۆلار، گەورەترین دابەزینی رۆژانەی لە ماوەی نزیکەی نیو سەدەدا. نرخی ئۆنسەیەک زێڕیش لە 5600 دۆلارەوە 1200 دۆلاری لێبووەوە، ئەوکاتەی کە دابەزی بۆ 4400 دۆلار. ئەم دابەزینە، دابەزینێکی کاتی نەبوو، بەڵکو وەرچەرخانێکی بنەمایی بوو بە ئاراستەی ئاساییکردنەوەی نرخی زێڕ و زیو، بەوپێیەی نرخەکان دابەزین بۆ تێکڕای سێ مانگ و یەک ساڵی خۆیان. ئەمە ئەوکاتە بوو کە ئاسانسوارەکە کەوتەخوارەوە بۆ نهۆمی سەر زەوی.
 
ئەوەی کە زۆر گرنگە ئەمەیە؛ ئەو بەشە لە بەرزبوونەوەکانی نرخی زێڕ و زیو کە لەبەر گرەوکردن (قورمارکردن و ریسک کردن)ـەوە روویدابوو، هەفتەی رابردوو لە دوای دەستنیشانکردنی وارش، نەما. خاوێنکردنەوەی بازاڕی زێڕ و زیو لەو بازرگانانەی کە قوماریان بە نرخەکانەوە دەکرد، تێچووی زۆربوو. سەدان ملیار دۆلاری ئەو کەسانە سڕایەوەو هەزاران بازرگانیش مایەپووچ بوون.
 
 بەپیی نوێترین راپۆرتی ئەنجوومەنی جیهانی زێڕ و پەیمانگەی جیهانی زیو، بەرزبوونەوەی نرخی زیو بۆ نزیکەی 122 دۆلار، 75٪ـی بەهۆی گرەوکردن لەسەر بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکەی بووە. 45٪ـی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕیش بۆ نزیکەی 5600 دۆلار، بەهۆی گرەوکردن بووە و هۆکار و خواستی راستەقینەیان لەپشت نەبووە. لەبەرئەوە لە دابەزینە مێژووییەکەی هەفتەی رابردوو رێژەی دابەزینی نرخی زیو ( 47٪)، زۆر زیاتربوو لە رێژەی دابەزینی نرخی زێڕ( 21٪).
 
لە 2026 دا چاوەڕێی چی بکەین؟
 
لە 2024 و 2025 دا، پێویست بەوە نەبوو کە شارەزاییت هەبووایە لە بازاڕ، هەرچییەکت کڕێبووایە، قازانجت دەکرد. زێڕ و زیو، یان پشکی کۆمپانیاکانت کڕیبووایە بەبێ هیچ زانست و شارەزاییەکی ئەوتۆ، هەر قازانجت دەکرد. نرخی زێڕ و زیو سامانەکانی دیکە، هەمووی لە بازاڕە جیهانییەکان دیاری دەکرێن و بە تووندی پەیوەستن بە سیاسەتی نەختینەی وڵاتانی جیهان، بە تایبەت سیاسەتی نەختینەی ئەمریکا.
 
 لەبەرئەوە بازرگانان دەبێت وشیاربن. باردۆخەکە گۆڕاوە، پارەی ئاسانی ساڵی 2024 و 2025 نەماوە. ئەگەر شارەزای بازاڕەکان نەبی و بەبێ لێکۆڵینەوەی ورد بچیتە نێو بازاڕە نێودەوڵەتییەکانەوە، بە ئەگەری زۆرەوە تووشی زیان دەبی. تەنیا ئەو کەسانە سەرکەوتوو دەبن کە بە زانستی تەواوەوە، لێکۆڵینەوە بکەن کە خواست و داواکاری بۆ چ سامانێک و کانزایەک بەرزەو چۆن کاریگەری لەسەر نرخەکانی دەکات. بازاڕ ئەم ساڵ شوێنی ئەو کەسانە نییە کە هەوڵدەدەن بە ئاسانسوار و بەخێرایی بگەنە بەرزترین نهۆمی باڵاخانەکە، بەڵکو شوێنی ئەو کەسانەیە کە بە وریاییەوە بە قادرمە سەردەکەون و نهۆم بە نهۆم بە وشیارییەوە هەنگاو دەنێن.
 
لە رۆژی هەینی رابردووەوە تاوەکو رۆژی دووشەممەش نرخی زێڕ و زیو، خۆڕاستکردنەوەیان پێوەدیارە. زێڕ بە نزیکەی 5050  دۆلار و زێویش بە نزیکەی 82 دۆلار مامەڵەیان پێوە دەکرێت. تاوەکو چەند هەفتەی دیکە، رەنگە بازاڕ هەوڵی دۆزینەوەی نرخی راستەقینە بدات، بەڵام هاوکات لەگەڵ نزیکبووەنەوە لە مانگی 4 لە ئەمریکا، کە ئەو مانگەیە کە خەڵک و کۆمپانیاکان زیاترین باجی ساڵانەی خۆیان دەدەن، نەختینە لە بازاڕدا کەم دەبێتەوە و بە ئەگەری زۆرەوە کەمی نەختینە، جووڵەی نرخی زێڕ و زیو سنوورداردەکات. ئێستا کە بازاڕ خاوێنکراوەتەوە لە گرەوکردن و ریسک کردنەوە، بانکە گەورەکان، هێشتا پێشبینیان بۆ نرخی زێڕ و زیو، بەرزبوونەویە. 
 
بەپێی بانکی جەی پی مۆرگن نرخی زێڕ تاوەکو کۆتایی 2026 دەگاتە 6300 دۆلار، بانکی UBS پشیبینیکردووە کۆتایی ئەم سال نرخی زێر نزیکبێتەوە لە 6200 دۆلار. گۆڵدمان ساکس نرخی 5400 دۆلار و سیتی بانکێش نرخی 5000 دۆلاری داناوە.
 
بۆ زیو، لە کۆتایی ئەم ساڵ دا، سیتی گرووپ دەڵێت نرخەکەی لە نێوان 110 بۆ 125 دۆلاردەبێت. (بانکی ئەمریکا)ش دەڵێت نرخی راستەقینە و دادوەرانەی زیو 60 بۆ 70 دۆلارە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عارف قوربانی

کورد چى بکات پرۆژەکەى کۆنگرێسى ئەمریکا شکست نەهێنێت

لە مانگەکانى سەرەتاى ساڵى 1988، باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا چەند راپۆرتێک دەنێرێتەوە بۆ وڵاتەکەى خۆى کە عێراق خەریکى بەکۆمەڵکوشتنى کوردە. لە کۆنگرێسى ئەمریکاوە وەفدێک بەسەرۆکایەتىی پیتەر گالبرێس دێنە بەغدا و پاشان دێنە کوردستان تاوەکو لە راستى و دروستى ئەو دەنگۆیانە دڵنیا ببنەوە.