هەندێک جار هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ژیانی کەساتییەکان تەنیا مێژوو نییە، بەڵکو تێگەیشتنە لەو ئەزموون و کولتوور و فەرهەنگە کۆمەڵایەتییەی پشت دروستبوونیانەوە، کە کاریگەری زۆری هەیە لە داڕشتن و پەروەردەکردن و ئاراستەی سەرکردایەتیکردن؛ هەڵبەت ئەوەی لەسەر کەسایەتی و سەرکردەیەکی کاریزمایی وەک خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی بەدوای زانیاری و سەرچاوەدا بگەڕێت، بۆی دەردەکەوێت ئەو تەنیا سیاسییەک نەبووە، بەڵکو سەرکردەیەکی لێهاتووی خاوەن هەست و هەڵوێستێکی بەرزی ئایینی و نەتەوەیی و کەسایەتییەکی هەڵکەوتەو مەبدەئی بووە، ئەمەش شتێکی نامۆ نییە، بەڵکو بۆ کەسێک کە لە بنەماڵە و تەریقەتی شێخانی بارزان هاتبێتە دوونیاوە، وێنایەکی بەرجەستەبووی جەنەڕاڵێکی مەزنی وەک بارزانی نەمر بێت و، لەپێناو دۆزی رەوای گەلەکەی تێکۆشابێت! هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێت، لە پاڵ هەموو ئەو ئەرک و کۆڵە قوڕسەی سەرشانی و خەبات لەپێناو نیشتمان و قوڵبوونەوەی لە خەمی خەڵک و خاک دا، دینداری و خواناسی لەبیر نەکات و بە ئەرکی لەپێشینەی ژیانی دابنێت، جێی هەڵوەستە و شانازییەکی مەزنە، ئەمە نەک بۆ خۆی و خەبات و مێژووی بنەماڵەکەی، بەڵکو بۆ هەموو ئاییندۆستان و زانایان و تاکێکی کورد شەرەفێکی گەورەیە، کە سەرکردەی وا هەڵکەوتووی سەر شا رێگەی ئایینپەروەری و نیشتمانپەروەری هەبووەو هەیە.
خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی وێڕای ئەوەی کارەکتەرێکی سیاسی خاوەن پەیوەندییەکی بەهێز و فراوانبووە، لەهەمان کات دا هەڵگری کۆمەڵێک خەسڵەتی دینداری و عیرفانی بووە. بەپێی زانیاری و سەرچاوەکان، ئیدریس بارزانی شەوانە کاتی تەرخانکردووە بۆ عیبادەت و خواپەرستی و قوڵبوونەوە لە رێبازی خواناسی، حەزی بۆ شارەزایی لە قورئانی پیرۆز زۆر بووە و حەز و خولیای تەفسیری قورئانی زۆر بووە، لە پارێزگاریکردن و پابەندی و پاراستنی رێبازی ئەهلی سوننە و مەزهەبی فیقهی کورد زۆر بەهەڵوێست بووە، لەکاتی دانوستاندنی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ راشکاوانە گوتوویەتی: "ئێمە گەلێکی موسڵمانین، زوڵم لێکراوین، بەڵام باوەڕتان هەبێت کە یەزدانی مەزن قەت زوڵم قبوڵ ناکات خوا هەر سەرمان دەخات".
ساڵانە لەگەڵ هاتنەوەی مانگی مەولوود ئاهەنگی تایبەتی بەوبۆنەوە سازکردووە و بانگهێشتی خەڵک و کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت مامۆستایانی ئایینی کردووە و لە خوێندنەوەی مەولوودنامە بەشداربووە و پەرتووکی بوردەتولمەدیحی لەبەر بووە و لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی گێڕاویەتییەوە. مرۆڤێکی زاهید بووە لە ئایین و دونیادا و، زۆریش حەزی لە دروشم و پەرستشەکان کردووە، تەنانەت لە سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو کە بۆی گێڕامەوە، کە لە خزمەت ئیدریس بارزانی دانیشتبوون باسی لە پێویستی و لەزەتی دینداری کردووە بەتایبەت کاتی (بانگ) بۆ ئەو هەستێکی تایبەت بووە، گوتویەتی: "من زۆر حەزم لە دەنگی (بانگی نوێژ)ـە و هەستدەکەم وەک پەیامێک دەروونم هێور و ئارام دەکاتەوە، هەبوونی ئەم دروشمە روونایی دەداتە کۆمەڵگە و سەقامگیری رۆحی بڵاودەکاتەوە.
وێڕای ئەمەش رۆحێکی عیرفانی گەورەی هەبووە و بەردەوام حەزی لەو شتانە بووە کە رۆحی مرۆڤ بەرز و ئارام دەکەنەوە. تێکەڵبووە لەگەڵ شیعری شاعیرانی رێبازی عیرفانی و هەستی نەتەوەپەروەری، بەتایبەت زۆر شەیدای شیعرەکانی مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی و وەفایی بووە. زۆربەی شیعرەکانی ئەو سێ کەڵە شاعیرە ئایینپەروەر و نەتەوەپەروەرەی لەبەربووە. کۆڕ و مەجلیسی پێ رازاندووەتەوە، تەنانەت کتێبی نەهجولبەلاغەی ئیمامی عەلی خوێندووەتەوە و بۆچوونی وابووە، حیکمەت و دانایی لە هەر کولتوورێک هەبێت پێویستە سوودی لێوەربگیرێت.
هاوکات پەیوەندییەکی بەهێز و نزیکی لەگەڵ زانایانی ئایینی هەبووە، لە دوای رێککەوتننامە شومەکەی جەزائیر لە ساڵی 1975 لە کاتی ئاوارەیی لە ئێران و لە ئۆردووگای زێوە، دواتر کاراکردنەوەی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لەسەر دەستی کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی نیشتمانپەروەر بە پاڵپشتی راستەوخۆی خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی بوو. کە یەکێتی زانایان لەسەر پێی خۆی وەستاوەتەوە، ئیدی ئەو پۆلە مامۆستایە بوونە هەوێنی پاراستنی ئەم رێکخراوەو پاڵپشتی بۆ شۆڕش و هەستی کوردایەتی و ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر، سەرەڕای ئەو گوشارەی لەسەر کورد و کوردستان هەبووە، کە رژێمی شا سهرجهم ئاوارهكانی دوورخستهوه بۆ شارهكانی دووره دهستی ئێران تاوهكو دووریان بخاتهوه له خهبات و تێكۆشانی نهتهوهیی و چیتر تێكهڵی سیاسهت و شۆڕش نهبن.
مامۆستایانی ئایینی وهكو سهرجهم پێشمهرگه و ئاواره خۆڕاگرهكان كۆڵیان نهداو كهوتونەتەوە خۆ بۆ ئهوهی ههرچی زووە یهكێتی زانایان رێكبخەنهوه، بۆ ئەو مەبەستە خوالێخۆشبووان مهلا محەممەدی مزووری لهگهل چهند مامۆستایێكی دڵسۆز و كۆڵنهدهری دیكهی وهک: مهلا عەلی مهلا عومەر دۆسكی ناسراو به (قازی شۆڕش)، ههروهها مهلا محەممەد گۆری و مهلا عەبدولڕەحمان میر سهردەری، مهلا عەبدولکەریم خۆشناو و مهلا جوبرائیل بیری و چهندین مامۆستای دیكه رۆڵی سهرهكییان ههبوو له رێكخستنهوهی یهكێتیی زانایان، ئهوان پهیوهندییان به ههموو مامۆستایانی ئاوارهوه كرد لهسهرجهم شاره دووره دهستهكانی ئیران، لە ئهنجامدا ساڵی 1989 لێژنهی ئامادهكاری دیارکراو مامۆستایانی ئایینی پهیوهندییان بهو لیژنهیهوه كرد و بە بەشداری 50 مامۆستای ئایینی کۆنفرانس بەسترا، تهنانهت ههندێكیان بهخێزانهوه گهڕانهوه ئۆردووگای زێوه تاوهكو له نزیكهوه بهشداربن له كار و چالاكییهكانی یهكێتی زانایان.
ههموو ئهو ههوڵانه به پشتگیری و هاوكاری راستهوخۆی خوالێخۆشبوو (ئیدریس بارزانی) بووە، كه ئهگهر رۆڵی ئهو نهبووایه ههوڵهكان سهریان نهدهگرت و سهركهتوو نهدهبوون. وەک سەرۆک مەسعود بارزانی لە کتێبەکەیدا دەڵێت: "کاک ئیدریس بارزانی رۆڵێکی گەورە و بەرچاوی بینی لە کۆکردنەوە و رێکخستنەوەی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان لە ئاوارەیی دا، ئەگەر رۆڵی ئەو نەبووایە رێکخستنەوە و کۆکردنەوەی مامۆستایان لە ماوەیەکی کەم دا ئاستەم بوو".
نزیکی و پاڵپشتی خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی لە زانایانی ئایینی قەت واینەکردووە ئەم رێکخراوە و مامۆستایانی ئایینی هەست بە بێکەسی بکەن، پەیوەندی راستەوخۆی نێوان ئەم دامەزراوەیە و ئەو سەرکردە مەزنەیە وەک نزیکترین کەس لە زانایانی ئایینی، زەوینەی گونجاوی رەخساندبوو لەوەی زانایان بتوانن هاوشانی شۆڕشگێڕانی کوردو پێشمەرگە خەبات بکەن و لە چالاکی خۆیان نەوەستن.
سەرباری هەموو ئەرکە قورسەکان، ئەو سەرکردەیە لایەنی خواناسی و خواپەرستی فەرامۆش نەکردووە، دەتوانین بڵێین؛ کاریگەری و رۆڵی ئایین لەلای ئەو جێی بایەخ بووەو کاردانەوەی بەسەر کۆی هزرو هەنگاوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و دیبلۆماسیەکانەوە هەبووە، ئاراستەی تێڕوانین و جیهانبینی، هەڵقوڵاوی هەناوی ئایین و رێبازی عیرفانی و باپەند بە پرسی ئەخلاق بە هەموو رەهەندەکانییەوە بووە.
ئەمەش هۆکار بووە، کە بەردەوام گرنگی بە خوێندنەوەو خۆپێگەیاندن بدات، لە بواری ئایین، ئەدەب و مێژوودا. هاوڕێی کتێب بووە و زۆر حەزی لە شارەزایی بەردەوام بووە لە قوڵایی خواناسی. وەک سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەم بارەوە دەڵێت: "شەوانە تاوەکو درەنگ دەیخوێندەوەو دەینووسی، ھەردەم کتێبی پێبوو. تامەزرۆی کتێب خوێندنەوە بوو. تەنانەت لەناو ئوتۆمبێلیش دا دەیخوێندەوە، شەوانە پێکەوە کتێبمان دەخوێندەوە و گفتوگۆمان دەکرد".
لەپاڵ ئەم هەوڵانە؛ هەمیشە هەڵگری خەمی دۆزی رەوای گەلەکەی بووەو تەنانەت لە دانیشتنێکدا ساڵی 1986 لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی لە ئۆردووگای زێوە باسی لەوەکردووە، کە ئەو لە ژیانیدا ئیسراحەتی کەم بووەو بەردەوام لە خەبات و تێکەڵی ئێش و ئەندێشەی گەلەکەی بووە، لەبەرئەوەی ئەو خەڵکەی ئاوارە بووە لەسەر کوردایەتی و رێبازی بارزانی بووە، ناکرێ بەرپرسیارێتی هەڵنەگرن و خەمی ئەو خەڵکە لە کۆل نەنێن.
ئەم زەوینەیە خۆڕسکە هۆکار بووە، کە ئەو لە هەڵسوکەوت و رەفتاردا کەسێکی سادەو دامەزراو و کۆمەڵایەتی بێت و، نمونەی رۆشنفکر و وەفا و رەوشتبەرزی بێت. لە دیدار و گفتوگۆدا بە قسەو گوفتاری شیرین و بوێرو راشکاو، لۆژیکیانە سەرنجی بەرامبەری رابکێشێت، تەنانەت ئەوە مەشهورە کە جارێک دەچنە لای ئایەتوڵڵا خامنەیی کە ئەوکات ئیمام جومعەی تاران بوو، لە دیدارەکەو دوای قسەکانی کاک ئیدریس بارزانی، خامنەیی هێندە سەرسام بووە بە گوفتار و زانیاری و راشکاوی لە دەربڕیندا، پێیگوتوە کە مەلا مستەفا بارزانی بە ئاسوودەیی سەری ناوەتەوە چونکە کوڕی وەک تۆی هەیە، هەروا سەرۆک مەسعود بارزانی لە کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد)دا دەڵێت: دەتوانم بڵێم کاک ئیدریس وێنەیەکی پاک و بێگەردی بارزانی بوو، هەموو سیفاتی لەودا کۆبببوونەوە.
ئەو بە ئەندازیاری ئاشتی و کەسێکی ژیر لە دانوستاندن دا وەسف دەکرێت، لە کاتی ململانێ و باری نائاسایی و شەڕو لێکترازانەکان دا و کاری دیبلۆماسی، رۆڵێکی گەورەی لە رەخساندنی زەوینەی ئاشتی و سەقامگیری و لێکنزیکردنەوەی بۆچوونە جیاوازەکان گێڕاوە، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هەموو نەتەوەو ئایین و مەزهەبەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردستان هەبووە، بۆیە لە سۆنگەی ئەمەکداری و خەمخۆری بۆ دۆخی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، خەڵک بە پشت و پەنایەکی گەورە سەیریان کردووە، زۆر بایەخی بە پەیوەندی کۆمەڵایەتی داوەو تۆڕی پەیوەندییەکانی فراوان بووە، ئەمەی وەک زەوینەی ئاشتی و پێکەوەژیان لە نێو سەرجەم بۆچوونە جیاوازەکان و پێکهاتە ئایینیەکان زانیوە.
بە کورتی: خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی وەک سەرکردەو سیمبوولێکی نەتەوەیی، لەسەر رێباز و میراتی دینداری و عیرفانی شێخانی بارزان، ئایین لەلای ئەو هێزێکی گەورەی مەعنەوی و رووحی بووە بۆ پاڵپشتی هەنگاوەکان و درێژکردنەوەو پاراستنی هەستی ئایینی و بەستنەوەی بە هەست و سۆزی نەتەوەیی و نیشتماندۆستی، وەک بناخەی گەیشتن بە مافی رەوای گەل و بەرقەرارکردنی ئاشتی و بەئەنجام گەیاندنی ئامانجەکانی شۆڕش، بۆیە سەرۆک بارزانی لەگەڵ هەواڵی ماڵئاوایی ئەو پیاوە مەزنە دەنووسێت: "بەم هەواڵە ناخ و دەروونم هەژا، دونیا لەبەر چاوانم تاریک بوو، کۆچی دوایی کاک ئیدریس کۆست و زیانێکی گەلێک گەورە بوو نەک هەر بۆ ئێمە بەڵکو بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد بەگشتی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ