لەگێڕانەوەى چیرۆکى زۆربەى خێزانەکانى چەمچەماڵ و لە بەشێک لەو تۆمارە ڤیدیۆیانەش کە لە کامێراى چاودێریی ناو کۆگا و قوتابخانە و دووکانەکانەوە دەیانبینین، لافاوەکەى چەمچەماڵ لە ماوەى چەند ساتێکى زۆر کورت دروستبووە، خێرایى و کوتوپڕى گەیشتنى ئاوەکە بەجۆرێکە تەنیا دەرفەتى ئەوە هەبووە بەخێرایى رابکەنە سەربان و لە ماڵە دراوسێوە خۆیان رزگار بکەن.
کاتێ دیمەنەکانم دەبینى و گوێم لە گێڕانەوەى ئەو دایک و باوکانە بوو چەند بە زەحمەت منداڵەکانیان گەیاندووەتە سەربان، هەزار جار دەمگوت، سوپاس بۆ خوا کە ئەم لافاوە لە شەوێکى درەنگدا نەبوو. ئەگینا بە هەزاران کەس لە کەسوکارمان لە (چەمچەماڵ و شۆڕش و تەکیە) لە شیرینى خەودا دەبوونە قوربانى. کارەساتەکە زۆر ئازار بەخشە، بەڵام دیمەنەکانى بە هاناوەچوونى خەڵک و پەرۆشیی کوردستانیان لە دەڤەرە جیاجیاکان، لە منداڵێکى هەشت نۆ ساڵەوە کە دەخیلەکەى دەبەخشێت بۆ کەمپەینەکانى کۆکردنەوەى کۆمەک بۆ لێقەوماوان، لە دیمەنى بەرماڵى راخراوى ناو مزگەوتەکانەوە، بۆ هەڵمەتى تاک و رێکخراوەکان تاوەکو دەگات بە بەخشینى سەتان ملیۆن و ملیاران دینارى بەخشینى کۆمپانیاو سەرمایەداران، وێنایەکى ئارامبەخش و سەبووریى خەم و ئاماژەیەکى دڵخۆشکەرە کە لە سەردەمى لە دەستچوونى زۆرێک لە بەهاکاندا، لەنێو میللـەتى ئێمەدا هێشتا بەها ئینسانى و کۆمەڵایەتییەکان بەو ئەندازەیە ماوەتەوە. ئەگەر بەهاناوە هاتنى خێراى ئەوان نەبووایە و چاوەڕوانى لیژنە و لیژنەکارى حکومەتەکانى بەغدا و کوردستان بکرابایە، کارەساتى گەورەترى بەدوادا دەهات.
وەک چەمچەماڵییەک بە گەروویەکى پڕ لە تاسە و چاوێکى پڕ لە فرمێسکەوە، بەدەم ئازارەوە خۆشحاڵى دەردەبڕم بۆ هەڵوێست و بە تەنگەوەهاتنى هاووڵاتیانى شارەکانى دیکەى کوردستان، سوپاسگوزارى یەکەیەکەى ئەو خاوەن کۆمپانیا و سەرمایەدارانەم کە گیانى بەخشینیان تیایە و دەیانەوێ بەشداربن لە کەمکردنەوەى خەم و ئازارى هاوشارییەکانم. سەرەڕاى تێبینى و نیگەرانیمان لەوەى هەندێ (میدیاى حیزبى) ئازار و برینى چەمچەماڵیان کردووەتە کەرەستە و ئامرازى قوڵکردنەوەى ناکۆکیی نێوانیان، بەڵام هەر سوپاس گوزارى یەکەیەکەى ئەو میدیاکار و کەناڵانەى راگەیاندنم رووماڵى برین و ناسۆرییەکانى ئێمە بوون.
راستە زیانەکانى کارەساتەکە زۆرن، بەڵام بەدەنگەوەهاتن و کۆمەک و هاوکارییەکانیش کەم نین. دەتواندرێت بکرێتە هەوێنى ساڕێژى برینەکان. لە رووى مادییەوە ئەوەى کۆکراوەتە هێشتاش هەر بەردەوامى هەیە، ئەگەر بە پلان و لە دەستێکى ئەمیندا دابەش بکرێت، بەشى ئەوە دەکات هەموو ئەو ماڵانەى زیانیان بەرکەوتووە بە ئەندازەى پێویست قەرەبوو بکرێنەوە، هەموو ئەوانەى ئۆتۆمبێلیان ئاو بردوویەتى، یان دووکان و کۆگا و کێڵگەیان زیانیان پێگەیشتووە، بە ئەندازەى زیانەکەى، کۆمەک بکرێت. حکومەتى هەرێم و بەغداش دەبێت بچنە ژێر بارى هەڵگرتنى بەرپرسیارێتى و لانى کەم بە ئەندازەى خەڵک و کۆمپانیاکان بەشدارى لە بونیاتنانەوەى ژیانى زیانمەندان بکەن، بەڵام ئەوەى وەک مەترسى و هەڕەشەیەک ماوەتەوە و ئەگەرى ئەوەى هەیە دووبارە بێتەوە، سەرچاوە و هۆکارەکانى دروستبوونى لافاوەکەن. ئەمجارەش دەیڵێمەوە دووربێت ئەگەر لە شەوێکى درەنگدا لافاوێکى هاوشێوە دروستبێتەوە، بە هەزاران کەس دەمرن، چونکە تائێستا ئەوەى کراوە هەڵمەتى کۆکردنەوەى کۆمەک و فریاگوزارى خێرایە بۆ لێقەوماوان و هەوڵدان بۆ پاککردنەوەى ماڵ و کۆڵانەکانى شار. هیچ هەنگاوێک نەنراوە بۆ چارەسەرى هۆکارەکان.
چەمچەماڵ لە بونیاتى شارەکەدا رەچاوى ئەوە نەکراوە رۆژگارێک بەو ئەندازەیە گەورە دەبێتەوە، هەر بۆیە هاوینان کێشەى بێئاوى هەیە و هەندێ زستانیش مەترسیی لافاو. لە گەورەبوونەوەى شاردا گەڕەکى تازە لە هەندێ شوێن دروستکراون کە پێشتر چەم و شوێنى رێڕەوى ئاو بوون. من بیرمە لە کۆتاى هەشتاکان و سەرەتاى نەوەتەکانیشدا چەندجارێک لافاو لە چەمچەماڵ دروست بووە، گەرچى هیچ کات بە ئەندازەى ئەمجارە نەبوو، بەڵام ئەوجارانەش زیانى بە بەشێک لە ماڵان گەیاندووە. ئەوکات بەهۆى ئەوەى بانى مەقان لەژێر کۆنترۆڵى رژێمدا بوو دەرفەتى ئەوە نەبوو لە سەرچاوەکەیەوە چارەسەر بکرێت، بەڵام دواى رووخانى سەدام هەر زوو لە بنارى مەقان بۆندێک لەسەر ئەو رێڕەوە دروستکرا کە سەرچاوەى لافاو بوو، ئیدی مەترسییەکە کەم بووەوە. ئەو بۆندەى هەیە بۆ دوورخستنەوەى مەترسیی لافاو بۆ زستانى ئاسایى و ئەو رێژە بارانە دروستکرا کە پێشبینى دەکرا ساڵانە لە ناوچەى چەمچەماڵ ببارێت، بەڵام ئەم شەپۆلى بارانەى ئەم چەند رۆژە بە بیرەوەرى هەرە بە تەمەنەکانیشمان هیچ ساڵێک بارانى لەم جۆرە نەباریوە. بۆیە چاوەڕوانکراوە ئەو رێگەچارانەى پێشتر هەبوون بۆ چارەى رێژەیەکى زۆرى لەم جۆرە دەست نەدەن. ئەمە چ جاى ئەوەى بەهۆى دروستکردنى خانوو باخ و پڕۆژەوە دەستدرێژى کراوەتە سەر هەندێ شوێنى رێڕەوى ئاوەکە، بەڵام هۆکارى سەرەکیی دروستبوونى لافاوەکە زۆریی رێژەى بارانەکە بووە.
لەبەرئەوەى سرووشتیش سرووشتى تێکچووە، چاوەڕوانکراوە لەمەودوا رێژەى بارانى لەم جۆرەى چەند رۆژى رابردوو چەند بارەببێتەوە. بۆیە پێویستە لە ئێستاوە و بەخێرایى بیر لە چارەسەرى یەکجارى بکرێتەوە. خەڵک و رێکخراوەکان و کۆمپانیا و سەرمایەداران لەدواى لافاوەکە بۆشایى فریاگوزارى خێرای حکومەتیان پڕکردەوە، بەڵام بۆ چارەسەرى سەرچاوەى مەترسییەکە ئەمەیان بە خەڵک ناکرێت و دەبێت حکومەتى هەرێم بەخێرایى بێتە سەر خەت بۆ جێبەجێکردنى ئەو هەنگاوەى کە مەترسى لافاوى هاوشێوە و ترسناکتر لەسەر چەمچەماڵ دووردەخاتەوە. خۆشبەختانە باراناوى بانى مەقان نایات بۆ چەمچەماڵ ئەگینا هەموو ساڵێک چەند جارێک شارەکە رووبەڕووى لافاو دەبووەوە. ئاوى بانى مەقان دەڕوات بۆ خاڵۆبازیانى و لەیلان و خوارووى کەرکووک. ئەو لافاوەى چەند رۆژى رابردووى لەیلان، سەرچاوەى لافاوەکە ئاوى بانى مەقان بوو. تەنیا باراناوى بەشێکى کەمى بنارى مەقان لە پشتى مۆفەر شۆڕدەبێتەوە بۆ چەمچەماڵ، ئەویش لە حاڵەتى زستانى ئاساییدا ئەو پۆندەى لە بەردەمى دروستکراوە، چارەسەرێکى خراپ نەبوو، بەڵام وەک چاوەڕوان دەکرێت بەهۆى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەواوە ئەگەرى شەپۆلى بەرزى باران بەردەوام بێت، بۆیە پێویستە لە دوورایى پشتى ئەو پۆندەى ئێستا هەیە، چارەسەرێکى دیکە بدۆزرێتەوە.
ئەوەى من دەیڵێم جێبەجێکردنى کارێکى قورس و سەخت نییە، بەڵام چارەسەرێکى هەمیشەییە بۆ دوورخستنەوەى مەترسیی دروستبوونەوەى لافاو لەسەر چەمچەماڵ و شۆڕش. ئەو شوێنەى ئاوەکەى پێدا دێت، دۆڵێکى درێژە، دەبێت لە پشتى مۆفەرەوە لایەکى ئەو گردەى دۆڵەکەى دروستکردووە ببڕدرێت بۆ ئەوەى رێڕەوى ئاوى باراناوى ئەو بەشەى بانى مەقان لەبرى ئەوەى رووە و چەمچەماڵ بێت، بگۆڕدرێت بۆ پشتى گوندى (فەیزاوا). کارەکەش تەنیا چەند ئامێرێکى بووڵدۆزەر و شۆفڵ و گەڵابەى پێویستە. لە بەشى ئەو گردە ببڕدرێت و لەبەردەم رێڕەوەکە دابنرێت تاوەکو کەلەبەرێک دروست دەبێت بۆ گۆڕینى رێڕەوى ئاوەکە. ئیدى بۆ هەمیشە نە چەمچەماڵ و نە شۆڕش رووبەڕووى مەترسى لافاوى هاوشێوەى هەفتەى پێشوو نابنەوە.
ئەگەر ئەمە نەکرێت، ئەو پۆندەى ئێستا هەیە، ناتوانێت بەر بە ئاوى زۆر بگرێت. تەنانەت ئەگەر هەموو ئەو ماڵ و باخ و پڕۆژانەش هەڵبگیرێن، ناتواندرێت هیچ دڵنیاییەک بدرێت کە لافاو دروست نابێتەوە، چونکە وەک ئاماژەم پێدا بەهۆى گۆڕانى کەشوهەوا و تێکچوونى سرووشتى سرووشتەوە، چاوەڕوانکراوە لە ئێستا و ساڵانى داهاتوو شەپۆلى هاوشێوە و تووندترى باران روو لە ناوچەکە بکات. بۆیە هیوادارم حکومەتى هەرێمی کوردستان کات و تواناکانى بەو رێگەچارانە بەفیڕۆ نەدات کە چارەسەرى کاتین، بە هەمان کات و هەمان ئەو ئیمکانیاتانەى بۆ چارەسەرە کاتییەکە پێویستن، دەتوانێت بەو جۆرەى خستوومەتەڕوو چارەسەرى یەکجارەکى بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ