ئەوە بووەتە راستیەکی حاشاهەڵنەگر لەجیهانی ئێستادا هەموو کایەکانی ژیان کەوتوونەتە ژێر کاریگەری وەرچەخانی گەورەی زانستی، پەیوەندی و تەکنەلۆجیەکان، یەکێک لەوان کایەی دیپلۆماسیە وەک ئامرازێکی بە بڕشت و چالاکی سیاسەتی دەرەکی، پەیوەندیی نێوان گەل، نەتەوە، دەوڵەتان و ئیدارەدانی ململانێ و کێشمەکێشەکانی نێوانیان بەشێوەی ئاشتییانە.
لەناو ئەو رەوتی گەشەکردن و نوێبوونەوەیەی کە کایەی دیپلۆماسی بەخۆیەوە بینیویەتی، چەمکێک شایانی لەسەر وەستانە "ئەویش دیپلۆماسیەتی فرە ئاراستەیە."
دیپلۆماسییەتی فرە ئاراستە جگە لە دیپلۆماسییەتی رەسمی نێوان حکومەت، دەوڵەتەکان و دیدارە دیپلۆماسیەکانی نێوان سەرۆک، پاشا، میر، وەزیر و کاربەدەستە باڵاکان، بایەخی تایبەت بە هێڵێکی تری دیپلۆماسی هاوشان دەدات کە ئەویش دیپلۆماسیەتی بەشداریکردنە لە کۆڕبەند، کۆنگرە و دیدارەکانی تایبەت بە گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا کە تیایدا لەپاڵ کەسایەتییە سیاسییە رەسمییەکان، کەسانی ئەکادیمی و پسپۆڕ، دامودەزگاکانی کۆمەڵگای مەدەنی و میدیایی، ناوەندەکانی هزر و ڕا، رێکخراوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بەشداری تێدا دەکەن، واتا لایەنە فەرمی و نافەرمییەکان پێکەوە گفتوگۆ دەکەن لەسەر کێشە، قەیران و ئاڵنگارییەکان بەئامانجی دۆزینەوەی رێگاچارە بۆیان، هەروەها پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بەگشتی.
لەژێر رۆشنایی ئەوەی خرایەڕوو بەدیقەت گرتن لە دیپلۆماسییەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شەنوکەوکردنی بۆمان دەردەکەوێت یەکێک لەخەسڵەتەکانی دیپلۆماسییەتی بەڕێزیان بریتییە لە پەیڕەوکردنی دیپلۆماسییەتی فرە ئاراستە، لەم بارەوە ئامادەبوون و بەشداربوونیان لە کۆڕبەند و کۆنگرە جیهانی و هەرێمییەکانی وەک: داڤۆس، میونشن، ئەنتاڵیا، کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان، دیداری بەغدا بۆ گفتوگۆ، دیداری زانکۆکانی هەرێم بۆ ئاشتی و ئاسایش و پرسەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هتد.. نموونەی زیندوون.
نموونەی هەنووکەییش بۆ دیپلۆماسییەتی فرە ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، ئامادەبوون و بەشدارییبوو لە بەشێک لە گفتوگۆ و دیدارە دیپلۆماسییەکانی لووتکەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کە لە رێکەوتی 17ـی ئایار لەبەغدا بەسترا، شایانی باسە ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کە نوێنەری هەرێمی کوردستان ئامادە و بەشداردەبێت. هەروەها بەشداربوونی بەڕێزیانە لە کۆڕبەندی تاران بۆ گفتوگۆ کە لە رۆژانی 18 و 19ـی ئایار بەڕێوەدەچێت و تیایدا زیاتر لە دووسەد کەسایەتی سیاسی دەستەبژێر، هزرمەند، ئەکادیمی و نوێنەری رێکخراوە جیهانی و هەرێمییە حکومی و ناحکومییەکان و ناوەندەکانی هزر و ڕا بەشداری دەکەن و گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر پرسە جیهانی و هەرێمییەکان دەکەن.
کاتێ لە دیپلۆماسییەتی فرە ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی رادەمێنی، چەندین ئەنجامی ئەوتۆی لێهەڵدێنجی کە خاوەن بەها و نرخی تایبەن بۆ خەباتی دیپلۆماسی و وەگەڕخستنی ئەم ئامرازە کاریگەرە لەپێناو مانەوە، گەشەسەندن و بەهێزبوون لەوانە: دیپلۆماسییەتی فرە ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی چەند پەیوەندی بە پێگەی فەرمیی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە ئەوەندەش پەیوەستە بەوەی خۆی وەک کەسایەتییەکی باڵای سیاسی سەبارەت بە پرسەکانی ئاشتی، ئاسایشی جیهانی، ناوچەیی و پەیوەندی تەواوی نێوان گەلان خاوەن روئیا، باوەڕ و رۆڵێکی بنیاتنەرە، بەشێوەیەک لە رووبەڕوبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکان لێکەوتەی مێژوویی و مەزنیان هەبووە، ئەوەتا هەموو لایەک شاهیدی بۆ دەدەن کە لە پرۆسەی ئاشتی نێوخۆی تورکیا، رۆڵ بینین لە گفتوگۆی نێوان رۆژئاوای کوردستان و دیمشقی نوێ، گەیشتن بەلێک تێگەیشتن و رێککەوتن لە نێوانیان و سەرەنجام لادانی هەڕەشەو مەترسییەکان لەسەر قەوارەی کوردستانی سووریا تاوەکو ئێستا، رێگری لە خزانی عێراق بۆ نێو بازنەی شەڕ، جەنگ و تووندوتیژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، خاوکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەرێم، ئێران و گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان بۆ بازنەی دراوسێیەتی باش، سەقامگیری لە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان گەل، نەتەوە و پێکهاتەکان رۆڵی کارا و بەرجەستەی بینیوە و ئەزموونێکی دەوڵەمەند و ئیلهام بەخشە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ