ئامانجی "ناڕوونی" ئەمریکا لە ئێراندا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
حەسەن ئەحمەد مستەفا
A+ A-
 
لەگەڵ یەکەم لێدان دوای کوژرانی دووەم رێبەر، راپۆرتە هەرە خێراکەی Chatham House بە ناونیشانی "کۆتایی سەردەمی سێبەرەکان"، وەک یەکەم رەهەندی فکریی جەنگەکە دەرکەوت؛ کوشتنی رێبەر لە سیستەمێکی ئایدیۆلۆژیدا، پەیامی دەسپێکی جەنگێکی راستەوخۆ بوو کە لە ساڵی 1979وە ئامادەکاری بۆ دەکرا. ئامادەکارییەک کە تاران هێندەی لەسەر درۆن و مووشەک و وەبەرهێنان لە "بەرەی بەرەنگاریدا" کردبووی، هێندە بیری لە جەنگی راستەوخۆ نەکردبووەوە. کاتێک تاران ویستی گەرووی هورمز وەک کارتێکی گوشار بەکاربهێنێت، شیکارییەکانی CSIS و پەرلەمانی بەریتانیا لۆژیکێکی نوێیان هێنایە ئاراوە کە سەروەریی نیشتمانی چیدی ناتوانێت ببێتە پاساو بۆ تێکدانی ئاسایشی نێودەوڵەتی. لێرەوە بوو جیهان بڕیاری دا کلیلی وزە لە دەستی "دەوڵەتی رێگر"دا نەمێنێتەوە؛ بەمەش "هێرشی پێشوەختەی خافڵگیرانە" جێگەی یاسا باوەکانی گرتەوە.
 
ئەم گۆڕانکارییە مەیدانییە ڕەهەندێکی تەکنەلۆژیی قووڵی لە پشت بوو کە Al Jazeera و ISW وەک "درزی قەڵغان"ەکە ناویان برد. لەم 18 ڕۆژەدا سەلمێنرا کە توانای دیجیتاڵی تاران، کە هەموو ئومێدێکی بوو و شەتەکی سارۆخەکانی دابوو وەک جێگرەوەی هێزی هەوایی، لەبەردەم سۆفتوێر و ژیریی دەستکردی ڕۆژئاوادا ئیفلیج بووە. TNT نەیتوانی بەرگری لەو سیستمە بکات کە ناوەندەکانی لەلایەن کۆدە ئەلیکترۆنییەکانەوە پەکیانخرا. لێرەدا وتارێکی CFR دەپەڕێتەوە سەر بوارێکی دیکەی گرنگ کە پەککەوتنی هەناردەی کشتوکاڵی ئێرانە بۆ کەنداو و جیهان، ئەمەیش هەڕەشەی برسێتی دەکات. جەنگەکە هێجگار بێ‌بەزەییانەیە؛ لە ڕێبەرەوە تا لاریجانی و وەزیری ئیتڵاعات، لە بواری سەربازییەوە تا ژێرخانی وزە و هەناردەی خۆراک، هەموو پێکەوە لێدەدرێن. ئەمەش وایکرد تێوەگلانەکە هێندە گەورەبێت کە تەنانەت هاوپەیمانە ڕۆژهەڵاتییەکانی تاران لە ئێران دووربکەونەوە؛ وەک TIME دەڵێت، چین و هیندستان چیدی ئامادە نین باجی "خۆکوژیی ستراتیژیی" ئێران بدەن.
 
لەم نێوەندەدا، هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی ئەلتەرناتیفی گەورەی هەیە کە پێم وانییە هێشتا وەک ئەوەی لێی دەخوازرێت تێی گەیشتبین، ئەویش بە قەبارەی خۆی بوونیەتی بە "ڕێڕەوی بەدیل". لێدانی هەولێر بە دەیان درۆن، وەک شیکارییەکانی MEPEI و Atlantic Council دەری دەخەن، هەوڵێک بوو بۆ بێڕۆڵکردنی ئەو جێگرەوەیەی کە جیهان وەک "پردی ڕزگاری" دەیبینێت. هەر ئەمەشە وایکردووە جیهان بخوازێت هەولێر و بەغداد پێکەوە هەناردەی نەوت بکەن. تاران ئێستا لە قۆناغێکدایە ناتوانێت پاشەکشە بکات و دەیەوێت هەموو جوگرافیاکان تێوەبگلێنێت، چونکە پاشەکشە واتا داڕمانی ئەو "ئەمانەتەی" کە موجتەبا خامنەیی لە ناو ململانێیەکی بێ بەزەییانەدا دەیەوێت بیپارێزێت.
 
بەڵام ئەوەی ئەم جەنگە ئاڵۆزتر دەکات، تەمومژاویی گوتاری واشنتۆنە. لە کاتێکدا لە مەیدانی جەنگدا ئەمریکا خەریکی سەندنەوەی ڕێڕەوە ستراتیژییەکانە، بەڵام لە ئاستی گوتاردا پەیامەکانی ناڕوون و پچڕپچڕن. ئەم "ناڕوونییە سیاسییە" وای کردووە جیهان نەزانێت ئایا ئەمریکا دەیەوێت تەنها "ڕەفتاری ڕژێم" بگۆڕێت یان خەریکی داڕشتنەوەی کۆتایی نەخشەی "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پاش کۆماری ئیسلامی"یە. ئەم بێدەنگییە گوماناوییەی کۆشکی سپی، لە کاتێکدا کە ئاگرەکە لە ترۆپکدایە، وەک جۆرێک لە تەدابیری لەسەرەخۆ دەردەکەوێت کە دەیەوێت لێ گەڕێت واقیعە نوێیەکە خۆی بەسەر هەموواندا بسەپێنێت، بێ ئەوەی پێشوەختە بەڵێنی سیاسیی گەورە بە کەس بدات. کەواتە ناڕوونییە ئامانجدارەی ئەمریکا، تەنها بۆ شڵەژاندنی تاران نییە، بەڵکو "کارتێکی سپی"یە بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی هاوپەیمانییەکان. ئەمڕۆ لە میونشن و ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئەوروپا، دوودڵییەکی زۆریان هەیە؛ سەرباری ترسی لێشاوی کۆچ و تەنگژەی وزە، تێگەیشتوون کە کێشەی گەرووی هورمز چیدی کێشەیەکی ناوچەیی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە ژیانی هەموویانەوە. بەڵام کاتێک دەڵێن، ئەم جەنگە جەنگی ئێمە نییە، لە ڕاستیدا گوزارشت لەو بێئومێدییە دەکەن کە بەرامبەر گوتاری ناڕوونی واشنتۆن هەیانە؛ چونکە پەیامەکانی تیمی نوێی کۆشکی سپی هێندە تەمومژاوین، ئەوروپا ناتوانێت پێشبینی بکات دۆخەکە بەکوێ دەگات.
 
ئەم 18 ڕۆژە پێمان دەڵێت کە ئێمە لەبەردەم جەنگی ڕێکخستنەوەی ناوچەکەداین. ئیسرائیلیش بووە بە هێزی باڵادەستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە، کە کۆتایی ئەو سەردەمەیە کە هەیبەت بە چاوسورکردنەوە دروست دەکرا. ئێستا جیهان بەرەو نەخشەیەک دەچێت کە تێیدا "پەیوەندیی نێوان بەرژەوەندییەکان" بەسەر ئایدیۆلۆژیادا سەرکەوتووە. کوردستان لەم گێژاوەدا چیدی بێلایەن نییە، بەڵکو جومگەیەکی جیۆپۆلەتیکییە کە جیهان ناتوانێت دەستبەرداری ببێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عارف قوربانی

بە کردەوەى بەغدا مەکەن

پێم سەیرە و جێگەى تێڕامانە لەناو ئەو هەموو عەمامە بەسەر و سەرکردە و کارەکتەرە سیاسییانەى شیعەى عێراق، کەسێک نەبێت ئازایەتى ئەوەى هەبێت و دەنگ هەڵبڕێت لەدژى ئەو چەند گرووپ و کارەکتەرە بێدەربەستانە کە خەریکە وڵاتەکە بەرەو دۆزەخ دەبەن. لەوەش کارەساتتر ئەوەیە لەم چرکەساتە هەستیارەى ناوچەکەدا، بە گوتارێکى دیکەى چەواشەکارانە سەرنجەکان لەسەر ئەسڵى بابەتەکە لادەبەن و خەریکە وێناکە وادەردەکەوێت کێشەى عێراق تەنیا و تەنیا ئەوەیە لەگەڵ هەرێمى کوردستان ناکۆکە لەسەر پرسى هەناردەکردنى 300 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەندەرى جەیهان