هاوشاریبوون و شارچییەتی دوو جەمسەری ناسنامەن: هاوشاریبوون ناسنامەیەکە کە بنەماکەی خۆشەویستی و شانازی دانیشتووانی شارێکە بۆ شارەکەیان؛ هاوشاریبوون جگە لەوەی ئەڤینە بۆ ژینگە و دانیشتووانی شارێک، لە هەمان کاتدا، دەکرێت رەفتار و چالاکیی تاکەکەس و بەکۆمەڵبێ بۆ خزمەتی شار و بەرەوپێشبردنی. لە هەمووی گرنگتر، ناسنامەی هاوشاریبوون خۆی لەسەر بنەمای رق و دوژمنکاریی لەئاست شارەکانی دیکە دانامەزرێنێت. بۆ وێنە، دەکرێت من شانازی بە دهۆکیبوونی خۆم بکەم، هەوڵی خزمەت و بەرەوپێشچوونی بدەم و بەرگری لە ماف و داواکاریی خەڵکەکەی بکەم، هەوڵبدەم ئاوەدانتربێت، بەبێ ئەوەی خۆشەویستی و خەباتم بۆ ئەم شارە لەسەر حیسابی شار و ناوچەکانی دیکە بێت.
جەمسەری پێچەوانەی ناسنامەی هاوشاریبوون، ناسنامەی شارچییەتییە؛ شارچییەتی شیوازێکە لە بیرکردنەوە و هەستکردن بۆ ئەو کەسانەی کە لە چوارچێوەی هەستی ئینتیما بۆ شارێکی دیاریکراو سنووری نێوان "خۆیان" و "ئەوانی دیکە" دەکێشن. کەسی شارچی، کوێرانە شارەکەی خۆی خۆشدەوێت؛ کەموکورتییەکانی نابینێت؛ شێوەژیان و بیرکردنەوەی دانیشتووانی شارەکەی خۆی بە باڵا دەبینێت و لە هەمووی وێرانکەرتر، هەڵگری رق و ستێریۆتایپی نەرێنییە بۆ شار و ناوچەکانی دیکە. بەم تێگەیشتنە، شارچییەتی، لە ناوەڕۆکدا و بە سرووشت، دیاردەیەکی مەترسیدارە بۆ پێکەوەبوون و ئاشتیی کۆمەڵایەتی. بە مانایەکی دیکە، راستە ناسنامەی هاوشاریبوون لەسەر بنەمای جیاوازی وەستاوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەم ناسنامەیە دەتوانێت لە پەیوەندییەکی هارمۆنیدابێت لەگەڵ ناسنامەکانی دیکەدا. بە پێچەوانەوە، شارچییەتی بریتییە لە پێکدادان و ناتەبایی ناسنامەکان؛ بریتییە لە جوغزکێشانێکی رەق لەنێوان "ئێمە" و "ئەوان"دا.
لە هەلومەرجی دیاریکراودا رەنگە ناسنامەی هاوشاریبوون پەرەبستێنێ و خۆی لە ناسنامەی شارچییەتیدا مانیفێست بکات. بە دەربڕینی دیکە، ناسنامەیەکی ئاسایی و بێوەی (Banal) وەکو هاوشاریبوون، رەنگە، بەهۆی کۆمەڵێک فاکتەرەوە، شوێنی لەقبێ و بە ناسنامەیەکی شەڕانگێزی (Aggressive) وەکو شارچییەتی شوێنی پڕببێتەوە. ئەم وەرچەرخانە بەرهەمی کارلێکی کۆمەڵێک فاکتەرە: لەوانە، هەستی بێبەشی و ناعەدالەتی دانیشتووانی شارێک کە پێیانوایە بەهۆی شارەکەیانەوە تووشی بێبەشبوون و هەڵاواردن دەبن.
لێرەدا دەبێت جیاوازی بکرێت لەنێوان 1) بێبەشیی راستەقینە، واتە ئەو راستییەی کە شارێک یان ناوچەیەک بە مەبەست، یان تەنانەت بێ مەبەستیش، لەلایەن حکومەتەوە پشتگوێدەخرێت و 2) بێبەشی وێناکراو کە خۆی لە هەستی دانیشتووانی شار و ناوچەیەکدا دەبینێتەوە سەبارەت بە بێبەشیی خۆیان، لەکاتێکدا مەرج نییە لەڕاستیدا پشتگوێخرابن. ئەوجا بێبەشی (راستەقینەبێ یان وێناکراو)، ئاکامەکەی هەمان شتە: برەودان بە هەستی شارچییەتی. بێگومان، رەفتاری نوخبەی سیاسی/ رۆشنبیر لەو نێوەندەدا رۆڵی گرنگ دەگێڕێت لە تیۆریزەکردن و بەرهەمهێنانی گوتاری بێبەشی و گەشەی ناسنامەی شارچییەتیدا.
خۆ ئەگەر شارێک یان ناوچەیەک پشتگوێخرابێت و دادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵدا نەکرابێت، بێگومان رەفتاری نوخبەی سیاسی/ رۆشنبیر بۆ داکۆکی لەو شار و ناوچەیە دەبێتە تێکۆشانێکی رەوا و ناتوانین لە چوارچێوەی پێناسەی شارچییەتیدا تەماشای بکەین. فاکتەرێکی دیکەی گرنگ، مێژوو و پەیوەندیی شار و بەشە جیاوازەکانی وڵاتە لە رابردوودا. مێژوو هەمیشە زەخیرەیەکی ئامادەیە و دەکرێت بخرێتەگەڕ لە پەرەپێدانی پەیوەندیی باش یان لە زیندووکردنەوەی نیگەرانی و سەختییەکانی رابردوو.
لێرەشدا، دیسان نوخبەی سیاسی/ رۆشنبیر دەوری هەستیار دەگێڕن، چونکە هەموو کەس ناچێت مێژوو لە کتێبەکان و لە لێکۆڵینەوەی زانستی و رەخنەییدا بخوێنێتەوە. لە زۆربەی بارەکاندا، مێژوو بۆ ئێمە لە چوارچێوەی ئەوەی بە زارەکی پێماندەوترێت و بۆمان دەگێڕدرێتەوە، دەمێنێتەوە و ئێمەش باوەڕی پێدەکەین.
تەوژمی شارچییەتی
شارچییەتی لە کوردستان ئەوەندی پرۆژەیەکی سیاسی و نوخبەییە، ئەوەندە بنەمای کۆمەڵگایی نییە. راستە شەڕی ناوخۆ هەرێمی کوردستانی لە باری سیاسی و ئیداری دابەشکرد، بەڵام نەبووە هۆی ئەوەی زۆرینەی خەڵکی ئاسایی سلێمانی خۆیان بە دوژمنی خەڵکی هەولێر یان دهۆک بزانن. بە هەمان شێوە زۆرینەی خەڵکی ئاسایی هەولێر و دهۆک خۆیان بە نەیاری خەڵکی سلێمانی و گەرمیان نازانن. رەنگە ئەستەمبێ هیچ گەڕەک و بلۆکێکی شاری هەولێر بدۆزییەوە، ئەگەر چەند خێزانێکی بە رەسەن خەڵکی سلێمانی لێ نەژییەت. رەنگە بە رێژەیەکی کەمتریش ئەمە بۆ سلێمانی و دهۆک راستبێت.
پڕۆفیسۆر و پزیشک و خاوەنکار و مامۆستای بە رەسەن خەڵکی سلێمانی، بە رێژەی بەربڵاو لە دامودەزگا و بازاڕی کار لە هەولێردا چالاکن و تاوەکو ئەو جێیەی ئێمە ئاگاداربین تووشی هەڵاواردنێکی زۆر زەق نابنەوە لەسەر بنەمای ئەوەی بە رەسەن خەڵکی هەولێر نین. بێگومان بەو پێیەی هەولێر لە باری سیاسی و ئابوورییەوە رۆڵیکی سێنتراڵ دەبینێت، رەنگە واقیعی نەبێت چاوەڕوانبین هەمان ئاستی تێکەڵیی کۆمەڵایەتی و جیاوازی لە دهۆک و سلێمانی ببینین. لە باری مێژووییشدا، دیسان نموونەیەکی ئەوتۆی پەیوندیی دوژمنکارانەمان لەنێوان شارەکاندا نییە. تەنانەت لێکدابڕانی نێوخۆیی بزووتنەوەی سیاسیی کوردیش لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا تاڕاددەیەکی یەکجار گەورە لە سنووری ململانێیەکی نوخبەیی مایەوە و پەرەی نەسەند بۆ ململانێیەکی ناوچەیی بەرفراوان.
لەگەڵ ئەوەشدا دونیا شامی شەریف نیە؛ بێگومان، لەسەر ئاستی مایکرۆ، هەمیشە رێژەیەک لە خەڵک هەن کە لە جوغزی بەرتەسکی ناوچەییدا بیردەکەنەوە و پێیانوایە شار تەنها موڵکی خەڵکی ئەسڵی شارە؛ "بیگانەکان" دەبێت بڕۆن؛ پلە و پۆست دەبێت بۆ خەڵکی رەسەنی شاربێت و هەتا دوایی. بابەتەکە، تاوەکو ئەو شوێنەی کە لە ئاستێکی بەرتەسکدا دەمێنێتەوە، کێشەیەکی ئەوتۆ دروستناکات؛ بەڵام کاتێک شارچییەتی دەبێتە پرۆژەیەکی سیاسی و نوخبەیەکی دەسەڵاتدار لەپشتی پەردەوە دەبێتە بزوێنەری، لەوێدا مەترسییە راستەقینەکان دەستپێدەکەن. شارچییەتی چ وەکو ناسنامە و چ وەکو گوتاریش لە کوردستان چیتر بابەتێکی شاراوە نییە. رووخسارەکانی شارچییەتی زۆرن: وێناکردنی خەڵکی شارێک بە لە یاسادەرچوو و ئاژاوەگێڕ، یان بە پێچەوانەوە، نیشاندانی خەڵکی شارێک بە ئازا و بەهەڵوێست و دانیشتووانی شارێکی دیکە بە سەر کز و بێهەڵوێست؛ دڵخۆشبوون (تەنانەت ئەگەر ناڕاستەوخۆشبێ) بە نالەباریی دۆخی شارێک یان ناوچەیەک نموونەی هەناسەی شارچییەتی سیاسین. رەنگە ئێستا ناسنامەی شارچییەتی زیاتر لە سنوورێکی دیاریکراوی سیاسیدا چڕبوبێتەوە، بەڵام بە تێپەڕینی کات رەنگە تەشەنە بکات و وردە وردە ببێتە ناسنامەی باو و باڵادەست.
بۆئەوەی ئەمە روونەدات، حکومەتداری (Governance) دەوری هەرە گرنگ دەبینێت؛ لەپێش هەر شتێکی دیکە، هەبوونی بنەمایەکی روون بۆ دابەشکردنی سەروەت و سامانی وڵات لە هەر شتێکی دیکە گرنگترە. دابەشکردنی بودجەی وڵات بە تەنها لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگا و ناوچەیەک رەنگە بنەماییەکی زۆر باش نەبێت. پێویستە لەگەڵ حیسابکردن بۆ ژمارەی دانیشتووان، رادەی وێرانی و پێویستییە جۆربەجۆرەکانی ناوچەکان رەچاوبکرێت. هاوشان لەگەڵ ئەوەدا، دەبێت میکانیزمێک بدۆزرێتەوە بۆ یارمەتیدانی هاونیشتمانی لە تێگەیشتن لە ژمارە و داتاکان. هەرچەندە دەگونجێت ژمارە و داتاکانیش بەسیاسی بکرێن، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەکرێت رێگەیەک هەبێت بۆئەوەی تاڕاددەیەک ژمارە و داتای متمانەپێکراومان هەبێت. لەم دواییانەدا، ئەکتەرە سیاسییەکان (تەنانەت ئەکتەرەکانی ناو حکومەت خۆی)، هەریەکەو داتایەکی جیاوازی سەبارەت بە قەرز و بودجەی پارێزگاکان و بڕی پارەی خەرجکراو بۆ هەر پارێزگایەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوکردەوە. دۆخیكی لەو چەشنە سەرلێشێواوییەکی زۆر بۆ هاونیشتمانیی ئاسایی بەرهەمدێنێت، بۆیە، لە کۆتاییدا، دانیشتوویەکی سلێمانی یان دهۆک یان پێنجوێن، نازانێت ئایا ئەوە حکومەتی هەرێمە نادادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات یان حکومەت و ئەکتەرە خۆجێییەکانن کە ناکاران و، بە هۆکاری جیاواز، ناتوانن سوود لە سەرچاوەکانی بەردەستیان وەربگرن.
پەیوەندیدار بەوە، پرسی گەشەپێدانی هاوسەنگ لەنێوان شار و ناوچە جیاوازەکان زۆر گرنگە. هەڵەن ئەوانەی بە دروستکردنی جادە و بینای سەرنجراکێش لە هەولێر شایی دەگێڕن (هەرچەندە تێبینیمان لەسەر ئەو بابەتەش هەیە) و بە بڵاوبوونەوەی شەپۆلی کۆرۆنا لە سلێمانی ئاهەنگ. گەشەی نایەکسان لەنێوان بەشەکانی وڵات زۆر مەترسیدارە لەڕووی سیاسی، ئەوە جگە لەوەی لەڕووی ئەخلاقیشەوە قێزەونە. بێگومان لەو نێوەندەدا، فۆرمی حکومەت و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لەنێوان ئاستەکانی حکومەت، گرنگە. سیستەمی نامەرکەزی ئەگەر بە وریاییەوە دیزاین بکرێت و بخرێتە خزمەتی حوکمڕانیی کارا، دەکرێت بایەخی خۆی هەبێ، نەک هەر لە گەیاندنی خزمەتگوزاری خێراتر بە هاونیشتمانیان، بەڵکو لە دابەشکردنی بەرپرسیارێتی لە ئاستە جیاوازەکانی حکومەتدا؛ هەرچۆنێکبێ، بابەتێکی لەم چەشنە، بێگومان پێویستی بە دیراسە و لێکدانەوەی ئاکامە دوورمەوداکان هەیە.
پرەنسیپی سەرەکی، بە هەر حاڵ، دەبێت ئەوەبێت کە هەر گۆڕانێک لە سیستەمی بەڕێوەبردن، پێویستە لەسەر بنەمای کاراکردنی حکومەت و پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیی دانیشتووانی هەرێم بێت و رێگربێت لە لێکدورکەوتنەوەی زیاتر و فرە حکومەتی لە بەرگی تاک حکومەتیدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ