ریشی کوردستان کەوتووەتە دەستی تۆم باراک؟

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەبدوڵڵا
A+ A-
 
قسەکانی ئەم هەفتەیەی تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و بەهێزترین نێردەی ترەمپ بۆ سووریا و لوبنان و لە هەندێک حاڵەتدا عێراقیش، مایەی تێڕامانن. چونکە ئەگەر ئەمانە سیاسەتی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بن لە ناوچەکەی ئێمەدا، بۆ کوردستان (بە هەموو بەشەکانییەوە) دەرهاویشتەی مەترسیداریان دەبن. ئەو بنەمایانەی 30 ساڵە پێناسەی هاوبەشیی کورد و ئەمریکا دەکەن، زەڕەبینەکەی تۆم باراک نایانخوێنێتەوە، بەڵام پێناچێ ئەمە ئاخیری دونیا بێ و کوردیش هێندە لە دی سی و تەنانەت لەنێو بازنەی نزیکانی ترەمپ تەنیابێ کە بەوشێوەیە بە ئاسانی بەگورگان خواردوو بکرێت.
 
پێش هەموو شتێک ساڵێکە ناوچەکەی ئێمە چیدیکە ئەو ناوچەیە نەماوە کە لە دوای رووخانی رژێمی سەدامەوە لە سەرەتای دووهەزارەکان بوو. ئێران ئێرانەکەی جاران نەماوە، بەڵام هێشتاش نەگەیشتووەتە ئەوەی پەڕ و باڵی کرابێت. جاران قەڵەمڕەوی تاران لە ئەفغانستانەوە تاوەکو عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن دەڕۆیشت. حاکمێکی ئەمریکی لە عێراق دەبووایە بە ناڕاستەوخۆ هەمیشە هاوئاهەنگیی لەگەڵ ئێران حاجی قاسم هەبێ کە نوێنەرایەتیی هەژموونی دەرەکیی ئێرانی لە ناوچەکەدا دەکرد. ئێستا ئێران لە لوبنان و سووریا قسەی کۆتایی ناکات و پایتەختەکانی ئەوێی لەدەستداوە. بۆیە هەموو هەوڵێک دەدات و داویەتی بۆ ئەوەی بۆ لەمەودوا لە بەغدا بەهێز بمێنێتەوە. چونکە دەزانێ ئەمریکا دەیەوێ بەغداشی بەدەستەوە نەمێنێ. لە نێوەوەش ئێران دۆخێکی زۆر خراپی هەیە. لە ماوەی ئەو ساڵانەدا کە دۆخی ئێرانم شۆپاندووە، قەت هێندەی ئێستا لەرزۆک و پڕ دڵەڕاوکێ نەمبینیوە. لەگەڵ ئەوەشدا بەو ئەزموونەی لەگەڵ ئێران هەمانە، دەزانین کۆماری ئیسلامی دەست لەسەر دەست دانانێ و خەریکی بونیادنانەوەی تواناکانیەتی. کە وەک دەردەکەوێ لەم قۆناخەدا لەجیاتی توانای ئەتۆمی فۆکەس لەسەر بیناکردنەوەی توانا مەزنە مووشکەییەکانیەتی. دروست لەم قۆناخی لاوازییەدا ئەمریکا دەیەوێ بەغدا لەدەست ئێران دەربێنێت.
 
سووریای سەردەمی ئەحمەد شەرع لەماوەی ساڵێک دا دەستکەوتی گەورەی دیپلۆماسی و نێودەوڵەتیی هەبووە. کابرایەک کە درۆنەکان بەدوایدا دەگەڕان و وەک خۆی بانگەشە دەکات لە ئەشکەوتەکان خۆی دەشاردەوە، لە پایتەختەکانی جیهان دا و لەسەرووی هەموویانەوە لە ئەمریکا پێشوازیی لێدەکەن و خەڵاتی گرانبەهای وەک نیشانەی دۆستایەتی پێدەدەن. واتە بەدڵخۆشییەوە بەخێرهێندراوە بۆ یانەکە و وڵاتانی رۆژئاوا قبوڵیانکردووە. تاوەکو ئەو رادەیەی تۆم باراک و هاوڕێ ئەمریکییەکانی دیکەی لە ناوچەکەدا لەگەڵ ئیسرائیلیش ناکۆکن لەسەر شێوەی مامەڵە لەگەڵ شەرع و هاوڕێیەکانی. ئەوان دەڵێن ئەمە دوایین و زێڕینترین دەرفەتە بۆ ئەوەی سووریایەک کە نزیکەی پەنجا ساڵە دووژمنی ئیسرائیل و ناکۆکە لەگەڵ ئەمریکا وەکو میسر و ئوردن و شوێنەکانی دیکە بە رێککەوتنێکەوە پابەند بکرێ و چیدیکە سەرئێشە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەمریکاش دروست نەکات. 
 
هەر لە روانگەی تۆم باراکییەکەوە تورکیای ئێستا دۆخی نێوخۆیی و تواناکانی رێگەی پێنادات هەڵپەی پاوانخوازیی عوسمانیی نوێی هەبێت. بۆیە وەک ئەو دەیڵێ وەک چۆن پاوانخوازیی ئیسرائیل لە وڵاتە ئیسلامییەکان درۆ و خەیاڵێکی گەورەیە، ئاواش پاوانخوازیی تورکیاش شتێک نییە لە ئەجێندای تورکیای ئێستادا هەبێ و درۆیەکی گەورەیە کە ناحەزانی دەیکەن. بۆیە دەکرێ لەو ناوچەیەدا بەرەیەکی تورکی و سووری و ئیسرائیلی و کەنداو دروستبکرێت کە رێگە بگرێ لەوەی جارێکی دیکە کۆماری ئیسلامیی ئێران پڕۆژە پاوانخوازییەکانی لە ناوچەکەدا مەترسییان لەسەر پلانی درێژخایەنی ئابووریی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا هەبێت.
ئەوەی باراک و هاوبیرەکانی دیکەی لەنێو تەڤگەری ترەمپیزم دا نوێنەرایەتیی دەکەن ئەوەیە کە نابێ ئەمریکا خەریکی پڕۆژەی ئایدیاڵی و نەگونجاو لەگەڵ واقیعی ناوچەکەی ئێمە بێت. بۆنموونە نابێ خەریکی دروستکردنی سیستمی دێموکراسی بێ لە وڵاتانی ناوچەکەدا یان سیستمی فیدراڵی و ناناوەندێتی بەزۆر بسەپێنێ، لەکاتێکدا، وەک ئەو باسیدەکات، ئەو سیستمانە هیچیان لە ناوچەکەدا سەریاننەگرتووە. بەڵکو ئەو پێیوایە ئەوەی سەریگرتووە و سەردەگرێ لەو ناوچە (عەشایەرییە)دا سیستمی پاشایەتییە. ئینجا کاتێک رابردووی باراک و پەیوەندیی لەگەڵ شانشینەکانی کەنداودا دەزانیت، ئینجا تێدەگەیت چۆن کەسێک دێموکراسییە جوان و ئایدیاڵییەی ئەمریکای نەک دیبێ بەڵکو تێیدا لەدایک بووبێ و ژیابێ، چۆن دەتوانێ ئاوا وشک و سادە رەچەتە بۆ ئایندەی گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بنووسێت. ئەو گەلانەی لە سەت ساڵی رابردوودا دەیانجار رابوون و شۆڕشیان بۆ دێموکراسی و ئازادی و خۆڕزگارکردن لە سیستمی دەرەبەگی و عەشایەری کردووە، بەڵام زلهێزانی وەکو ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و سۆڤیەت لەباریانبردوون و شا و میرەکانیان پاراستوون و نەوت و سامانەکانیان بەتاڵان بردوون. 
 
ئەوەی تۆم باراک دەیڵێ بۆ چارەسەری کێشەکان، زۆرتر دەرزییە تێکەڵەکەی کوردستانم وەبیردەهێنێتەوە. لە  باشوور کاتێک کەسێکی هەژار نەخۆش دەبێ، کەسوکاری دەیبەنە لای یاریدەدەرێکی پزیشک و ئەویش دەرزییەکی تێکەڵ لە کۆمەڵێک دەرمانی لێدەدات و دوای چەند خولەکێک نەخۆشەکە هیچ ئازارێکی نامێنێت. زۆر کەس لە کوردستان دڵیان بەو درزییە خۆشە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە ئەو دەرزییە نەخۆشەکە سڕ دەکات و چارەسەری راستەقینە و درێژخایەنی نەخۆشییەکەی ناکات. کێشەی مەرکەزی یان لامەرکەزی یان فیدراڵی لە عێراق، سووریا و ئێرانیش چارەسەرێک نییە کە کورد بیانەوێت، بەڵام کاتێک ناهێڵن بە ئیرادەی خۆی دێموکراسی نا بەڵکو هەمان سیستمە پاشایەتییە ئایدیاڵییەکەی باراکی بۆ گەلەکەی هەبێت، ناچارە لە رێگەیەک بگەڕێ کە سنوورێک بۆ بندەستەیی و بێمافییەکەی دابنێت. واتە رازیبوونی کورد بەو سیستمە ناسەرکەوتووانە لەبەر ئەوە نییە کە زۆر ئاشقی ئەو چارەسەرە ناکردەییانەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە ئەمریکاکەی باراک و پشتیوانەکانی دیکەی کوردستان لەدوای راپەڕینەوە لە ساڵی 1991، واتە زۆرتر لە 40 ساڵە کورد هاندەدەن وەک بەڕێز باراک بیرنەکاتەوە و چاوی لە لامەرکەزی و فیدراڵی بێت.
 
هەرچەندە کوردستان دۆستی زۆرن لە واشنتن دی سی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بزانین کە لەو واقیعە نوێیەی پاش هاتنی ترەمپ و رووخانی ئەسەد لە ناوچەکەدا هەیە، لەجیاتی گوتاری دروستکردنی دێموکراسیی نوێ بە پشتیوانیی ئەمریکا و بەدامەزراوەکردنی دێموکراسییەکەمان و ئەو شتە ئایدیاڵییانەی دیکە، ئەوەی لەگەڵ ترەمپ و باراک و هاوبیرەکانیان ئیشمان بۆ دەکات ئەوەیە کە پیشانیانبدرێت چۆن باشووری کوردستان دەتوانێ رۆڵی پرد ببینێ بۆ گەشەپێدانی ئابووری و سەقامگیرکردن و پاراستنی ئەو ناوچەیەی ئەمریکای سەردەمی ترەمپ دەیەوێ زۆرترین پارە و دەستکەوتی ئابووریی لێوە بباتەوە وڵاتەکەی. بەتایبەتیش لە رۆژانی داهاتوودا گوشارەکان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان زۆرتر دەبن تاوەکو لەڕووی سەربازی و دامەزراوەییەوە لەلایەکەوە بچێتە چوارچێوەی ئەوەی ئێستا لەوێ پێیدەڵێن دەوڵەتی سووریا و لەلایەکی دیکەشەوە نیگەرانییەکانی دەوڵەتی تورکیا بڕەوێنێتەوە. ئەمەش دروست ئەو رۆڵەیە کە ئەجێندا نوێیە ترەمپییەکە بۆ ناوچەکە لە باشووری کوردستانی چاوەڕێ دەکات.
 
هەستدەکەم ئەم رۆژانە رۆژئاوای کوردستان و ئەو کیانەی لەوێ بە خوێنی کورد دروستکراوە مەترسییەکی گەورەی لەسەرە. بەتایبەتیش کە دیمەشق هەست دەکات بەهێز بووە و دوایین ئوڵتیماتۆم دەداتە رۆژئاوا، تورکیاش وایدەبینێ ئەم جارە دوایین دەرفەتی لەپێشە بۆ ئەوەی داواکانی لەوێ جێبەجێ بکات، بە گوشاری سیاسی یان بە هێزی سەربازی.
 
تەنیا ئومێدێک کە هەبێ ئەوەیە هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان ببنە پردێک لەنێوان تورکیا (کە حکومەتی شەرعیشی تێدایە) و ئەمریکا و رۆڵگێڕەکانی دیکە لەگەڵ رۆژئاوا. تاوەکو ئەوەی لەوێ وەکو (کێشە) دەبیندرێ بکرێتە بەشێک لە (چارەسەر). راستییەکەشی چارەسەری کردەیی ئەوەیە سوود لە هەڵەکانی رابردوومان وەربگرین، واقیعی نوێ قبوڵ بکەین و باش بیخوێنینەوە، هەروەها هەرشتێک کە لە مشت بێ نەیکەینە قوربانی نۆیەک کە نەبێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و وتەبێژ و بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

مەلای جزیری، سیمبولی خوداناسی و قوتبی عیرفان و نیشتمانپەروەری

جزیری وەک نموونەیەکی جوان و پێشەنگی مەلای کورد و رابەرێکی دیاری عیرفانی و ئەدەبی و سەرمەشقی هەردوو شاباڵی ئایینپەروەری و نەتەوەپەروەری، مێژوویێکی جێی شانازی و مەدرەسەیەکی گەورەی هزری ئایینی و نەتەوەییە، ئەوەی فێرکردین؛ کە ئەدەب و سیاسەت زادەی تێگەیشتنی قوڵی کوردایەتی و سەرکردایەتیکردنی حەکیمانەیە