عێراق لەنێوان کۆمیدیا و تراجیدیای سیاسیدا

06-12-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداوەکانی ناوچەکە بەجۆرێک خۆیان نمایش دەکەن وەک ئەوەی لە هەوڵی بەرهەمهێنانی درامایەکی نوێ بن، کە هەموو توخمەکانی ورووژاندن و هەژان لەخۆبگرن، لە ناڕوونییەوە تاوەکو دەگاتە موفاجەئە و قەیرانە بەردەوامەکان، لە کاتێکدا عێراق لە ریزبەندیی ئەمانەدا هەر یەکەمە، بۆئەوەی بیسەلمێنێت کە تەنیا وڵاتی برنجی عەنبەری بەنێوبانگی رەنگ سپی و بۆنخۆشی جیاواز نییە، بگرە مەیدانی رووداوە گەورە و بێ ئامانجەکانە.
 
زەقترین رووداوەی سەرنجڕاکێش، لەم میانەدا، ئەوەیە کە بە "هەڵەی بڵاوکردنەوە" ناسرا، پێدەچێت لەم ساڵانەی دوایی لە عێراق دا بەڵگەنامەکان توانایەکی سەرسوڕهێنەری راکردنی خێراتر لە لۆجیکیان هەبێت، چونکە هەر کە پەڕەیەک یان کۆمێنتێک دزە بکات، جا رەشنووسێک بێت یان تەنانەت پێش بیرکردنەوە لێی، دەیبینین تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەیگوازنەوە وەک ئەوەی لە پێشبڕکێی غاردانی 100 مەتریدا بن، بۆ ئەوەی پێش ئەوەی فەرمانبەری بەرپرس بگاتە ئۆفیسەکەی خۆی، بگاتە گەل، تەنانەت پێش ئەوەی سەرۆکی لیژنە بزانێت چی بڵاوکراوەتەوە و چی نەدەبوو بڵاوبکرێتەوە، لەبەر ئەوەی کارەکە بە بێ بەرامەی پیلانی رۆژانە تەواو نابێت، لێکدانەوەی دانایانەمان بۆ دەرچوون، کە دەڵێن ئەم بڵاوبوونەوە خێرایە بێگومان لایەنێکی لەپشتە.. رەنگە چەند لایەنێک بن؟ کێ دەزانێت؟ لە وڵاتێکدا پەڕەی نهێنیی دزەکردوو لە ماوەی 7 چرکەدا دەگاتە هەموو مۆبایلێک، پێش ئەوەی بە 7 رۆژ بگاتە ئەرشیڤی وەزارەت، بەڕاستیش قورسە بزانرێت ئەوەی ئەمە دەکات چەند لایەنێکن یان تەنیا پەڕەیەکی فەیسبووکە کە بە داتای مۆبایل کار دەکات.
 
چیرۆکەکە لێرەوە سەری هەڵدا: عێراقییەکان چاویان کردەوە و بینییان "وەقایعی عێراقی" کە رۆژنامەی فەرمیی حکومەتە و گوایە ئاوێنەی یاسایە، بە متمانەوە رایگەیاند "حیزبوڵڵا" و "ئەنساڕوڵڵا" خراونەتە لیستی بلۆککردنی پارە، ئەم قسەیەی لە زار دەرپەڕی بوو بە بۆمبێکی سیاسی و حکومەت و رای گشتیی هەژاند، چونکە وا هاتە پێش چاوان کە عێراق یەکێک لە گەورەترین شەڕە سیاسییەکانی خۆی یەکلا کردبێتەوە و، پێشکەوتنێکی مێژوویی لە زانستی سیاسەتدا بەدەستهێناوە، بە دیاریکراوییش لە وەرزشی بڵاوکردنەوەی هەڵەکان پێش پیاچوونەوە.
 
لە جیهانی سیاسەتدا، جیاوازی لەنێوان هەڵە و درامادا هەیە، بەڵام لە عێراق دا، هەڵەکە بووە بابەتێکی ورووژێن، هەموو بڕیارێک کە پێش کاتی خۆی دەدرێت یان بڵاودەکرێتەوە، دەبێت بە نمایشێکی راستەوخۆ و، بینەرەکانی لە یەک کاتدا تراجیدیا و کۆمیدیا دەبینن. "هەڵەی بڵاوکردنەوە" ئەو دەستەواژەیەی زیاتر لە هەموو شەڕێکی دەوری چای رەش لە چایخانەکان مشتومڕی نایەوە، چونکە دوای هەژاندنی شەقام و لەراندنەوەی شاشەکان و، پڕبوونی سەکۆکان لە لێدوانی گەرمتر لە "سەمونەکەی سەعدون ساعیدی" و، ئەو شیکارییانەی ژمارەیان لە ژمارەی پیتەکانی خودی وەقایعی عێراقی زیاتر بوون، ئەو حکومەتەی خووی بە رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانەوە گرتووە، کەوتە گێژاوی سەرلێشێواوییەکی ناوخۆییەوە بەهۆی بڕگەیەکی وشکی بڕیارێکی کارگێڕییەوە، وەک ئەوە وابوو کەسێک دەستی بە دوگمەی "ناردن"دا نابێت بێ ئەوەی بزانێت کە راپۆرتێکی سەبارەت خراپترین دێوەزمەکانی بۆ هەموو کەسێک ناردووە، چەند ساتێکی کەمی برد و لایەنە فەرمییەکان دەستیان کرد بە دابەشکردنی لێدوانی روونکەرەوە بە راست و چەپدا و، حکومەت بە شانازییەوە رایگەیاند، بووەتە قوربانیی تەنیا پەڕەیەکی هەڵاتوو پێش ئەوەی پۆدرەی شين و کەوی بەسەردا بکرێت، وەک ئەوەی وردبوونەوە بوونەوەرێکی نەناسراو بێت و لە ساتە هەستیارەکاندا دیار نامێنێت بۆئەوەی هاوسەنگییەکان هەڵبگێڕێتەوە و کۆمەڵگە تووش بکات.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراقیش وەک پاڵەوانێکی چیرۆکەکانی هەزار و یەک شەوە، دونیای بەیەکدا دا و، ئامادەسازییەکی بێ وێنەی تۆمار کرد، بە شێوازی "من بەرپرسم، بەڵام بەرپرسەکە من نیم" و، فەرمانی کرد کە پێویستە "لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە" بکرێت، کە دەستەواژەیەکی جادوویی هیوابەخشە و، هەمیشە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە راستییەکە بێگومان دێت، بەڵام زۆربەی جار درەنگ دەگات، لێکۆڵینەوە لە دیدی سەرۆکوەزیران دا بەرپرسەکە ئاشکرا دەکات و لێپێچینەوە لە کەمتەرخەمەکە دەکات، دڵنیایی دەدات کە بڕگە رێ بزرکردووەکەی بڕیاری ژمارە 61ی ساڵی 2025 حووسییەکان و حیزبوڵڵای لەناو لیستی داعش و قاعیدە دانەناوە، مەگەر بە هەڵە.
 
حکومەتیش لای خۆیەوە بەیاننامەیەکی گڕداری دەرکرد، کە لە گڕێکی لەکوژانەوە نەهاتوو دەچوو، جەختی کردەوە کە هەڵوێستە سیاسییەکانی لە هەمبەر فەلەستین و لوبنان مەبدەئی و جێگیرن و لە فرۆشتن نایەن، وەکو ئەوەی کراسێکی ئاوریشم بۆ فرۆشتن بخاتەڕوو و، کەس نەتوانێت زیادکردنی لەسەر بکات و، ئەوانەش کە بە پێچەوانەی ئەمە بیردەکەنەوە، "راوکەری حیزفرسەت و مایەپووچن"، ئیدی زانیمان هەڵە لە بڵاوکردنەوەدا تەنیا هەڵەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو لەناکاو بوو بە تاقیکردنەوەی وەلائی سیاسی و نیشتمانی و ئەخلاقی، پیاو قسەیەکیش بۆ دز بکات: لە پێشبڕکێی موزایەدەدا کەس ناتوانێت رکابەریی حکومەت بکات، چونکە پێویستی بە توانای سیاسیی بەرز هەیە، شانبەشانی شارەزاییەکی مەعلانانە لە بازدان لەنێو دەقەکانی پێش و دوای هەڵەگری، هاوشێوەی ئەو کەسەی پیشەی سەمایە لە زەماوەندەکاندا. لە چەقی ئەم گێژاوەدا، راگەیاندنەکان خۆیان تەرخان کرد بۆ رەخنەگرتن لە شێوازی مامەڵەکردنی حکومەت لەگەڵ دۆخەکەدا. ئایا دەشێت دانانی ناوی گرووپە چەکدارەکان لە لیستی تیرۆردا بە "رووداوێکی لاوەکی" بزانرێت؟ وەک ئەوەی بڵێیت: "ببوورە، لەجیاتی میوە، مریشکەکەم خستە ناو ئامێری گوشینی میوەوە."
 
بەڵام سیاقی کێشەکە لە هەڵەیەکی سەرپێیی قووڵترە، چونکە لە کاتێکدا کە مەڵبەندە سیاسییەکان سەرقاڵی جەختکردن بوون لە پێویستیی پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لیژنە تایبەتمەندەکە بە شێوەیەکی کۆمیدی پاساوی بۆ ئەو هەڵەیە هێنایەوە و، لێدوانێکی دەرکرد کە وەک پێویست یەکلاکەرەوە نەبوو، لە داواکردنی لێبووردنی منداڵێکی بچووک دەچوو کاتێک شووشەیەک لە ماڵەوە دەشکێنێت، کاتێک دەڵێت دانانی ئەو قەوارانە لە لیستەکەدا تەنیا رووداوێکی لاوەکی بووە، هاوشێوەی دۆخی شەرمهێنی دەست دانان لەسەر دوگمەی ناردن بۆ هەموو لە گرووپێکی خێزانیدا کە پڕە لە خزمی فزووڵ، بۆت دەردەکەوێت لە نامەکەدا بڕگەیەکی هەڵە هەیە. پاساوی لیژنەکە بە رستەیەکی فەرمیی جدی داڕێژرا: "پێش هەڵەگری بڵاوکرایەوە و دواتر راستی دەکەینەوە". وشەکان بەم جۆرە دەرکەوتن، وەک ئەوەی بە هێزەوە نالێهاتوویی رابگەیێنن، وەک ئەوەی کەوتنە نێو چاڵێکی هەڵەی سیاسی شتێکی ئاسایی بێت لە جیهانی سیاسەت لە عێراق دا، بەڵکو وەک ئەوەی کارەکە پەیوەندیی بە هەڵەیەکی رێنووسەوە هەبێت لە جۆری نووسینی "ئەمە" لە جیاتی "ئەمە" بێت، نەک دانانی کۆمەڵە گرووپێکی ناوچەکە لە لیستەکانی تیرۆردا.
 
لەبەر ئەوەشی کە عێراق وڵاتی "بەڵگەنامەی دزەپێکراوە،" نەدەکرا چیرۆکەکە بێ گەیشتنی نوسخەیەکی دیکە تێپەڕێت، کە دواتر دەردەکەوێت و "پاڕانەوەیە" بۆ سڕینەوەی بڕگەکانی پەیوەست بە حیزبوڵڵا و حووسییەکان، وەک ئەوەی بەڵگەنامەکان خۆڕسکانە زیاد بکەن، وەک رووەکی سێبەر. هەر جارێک بەرپرسەکان هەوڵی داخستنی دەرگایەک بدەن، پەڕەیەکی نوێ لە پەنجەرەکەوە دەردەکەوێت، هەر جارێکیش روونکردنەوەیەک دەربچێت، دزەپێکراوێک دەردەکەوێت کە دژی یان تەواوکەریەتی یان بەهاراتی پێوە دەکات. ئەو بەڵگەنامە نوێیە دزەپێکراوە بە پاڕانەوە داوای سڕینەوەی بڕگەکان دەکات و لە نامەی قوتابییەکی ترساو بۆ بەڕێوەبەر دەچێت، کە تێیدا دەڵێت: "مامۆستا بەخوا مەبەستم ئەوە نەبوو، ئەگەر ناوەکەم لە لیستەکەدا بمێنێت دایکم سزام دەدات،" لە گشت ئەمانە سەیرتر ئەوەیە کە بڵاوکردنەوەی ناوەکان لە وەقایعی عێراقیدا وەک هەنگاوێکی یاسایی پابەندکەرە بۆ هەموو دامەزراوە داراییەکان، کە ئەمەش واتای ئەوەیە هەڵەیەکی پێش هەڵەگری، توانای سەیری هەیە بۆ بلۆککردنی پارەی لایەنە دەرەکییەکان، لە کاتێکدا حکومەت نەیتوانیوە شێی دیواری فەرمانگەیەکی حکومەت راگرێت.
 
کاردانەوە میلـلییەکان لەنێوان گاڵتەجاڕی و گاڵتەپێکردن بوون، گەلێک کە لە بەڵێنی ناڕوون و لێدوانە داڕشتنئامێزەکان وەڕسە، لەم هەڵەیەدا ئەوەی دۆزییەوە کە بۆی دەگەڕا، وەک ئەوەی دەرفەتێک بێت بۆ ئاهەنگگێڕان بە چیرۆکە پێکەنیناوییەکانی "هەڵەی گەورە" لە سەردەمی قەیرانەکاندا، دەستی دایە گۆرانی و سەما لە دەوری ئاگری "هەڵوێستە فەرمییەکان". لە پاڵ هەموو ئەمانەدا، حکومەتی عێراق بوو بە کچۆڵەیەکی ونبوو کە بەدوای هەر شتێکدا دەگەڕێت کە لەو دۆخە تەنگژەبارەی دەربێنێت، دوودڵە لەنێوان گەڕانەوە بۆ یاریی ئاڵوگۆڕکردنی هەڵەکان؟ یان بەردەوامبوون لە هەوڵەکانی لێکۆڵینەوەی بێکۆتایی؟ بەڵام روونە کە چیرۆکەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە.
 
هەواڵە پەلەکان چیتر پێویستیان بە کاریگەریی تایبەت یان مۆسیقای وێنەگرتنی بەجۆش نییە، چونکە عێراق جۆرێکی نوێی ورووژاندنی داهێناوە، کە درامای بڕیارە هەڵەگری نەکراوەکانە، کە پێش شوشتن و ئوتووکردنیان هەڵدەخرێن، وەک بڕیارانێکن کە بە جلی نووستنەوە بێنە دەرەوە، پاشان حکومەت بکەوێتە راکەڕاکی روونکردنەوەی ئەوەی کە بۆ وێنەگرتن ئامادە نەبوو. بەڵام پرسیارە گرنگەکان لێرەدا بریتین لە: کێ لە پشتی ئەمەوەیە؟ چۆن بەڵگەنامەکان بەم خێراییە بڵاو دەبنەوە؟ ئایا لایەنێک هەیە؟.. کێشەکە تەنیا لە بەڵگەنامەکاندا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە هەر پەڕەیەک، پێش ئەوەی مەرەکەبەکەی وشک ببێتەوە، توانای دروستکردنی قەیرانێکی سیاسیی هەیە. هەر کە بەرپرسەکان دەست بکەن بە هەوڵی"چارەسەرکردنی هەڵەکە" تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دادگا میلـلییەکە ئامادە دەکەن و حوکم دەردەکەن و حوکمەکە بە شێوەیەکی گریمانەیی جێبەجێ دەکرێت.
 
چیرۆکەکە تەنیا چیرۆکی بلۆککردنی پارە و لیستەکانی تیرۆر نییە، بەڵکو بەڕێوەبردنی زانیارییەکانە کە بە خێراییەکی چاوەڕوان نەکراو بەڕێوەن و، چیرۆکی دەوڵەتێکە هەوڵ دەدات بگاتە بەڵگەنامەیەک کە پێشتر بە رێگەی دیجیتاڵی کیشوەرەکانی بڕیوە. جەماوەریش خووی بەم گێژەنە رۆژانەیەوە گرتووە. بەڵگەنامەیەک بڵاودەکرێتەوە، نکۆڵیی لێ دەکرێت، روونکردنەوە دەدرێت، روونکردنەوە بۆ روونکردنەوەکە دەدرێت، پاشان دروستکردنی لیژنەیەک رادەگەیندرێت، سەیریش ئەوەیە کە هێشتا بەمانە سەرسام دەبین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سیروان رەحیم

عەبەی مامەسەعە و کوردە تێکدەرەکان

بەڕێزم؛ نەک هەر ئەو پیاوە باشە "کاکە عەبە" و نەک هەر ئەو جاشە، هیچ پەیوەندییان بە ئیسرائیل و کۆلۆنیالیزمەوە نەبوو، بەڵکو بەگشتی کورد بێ پەیوەندین بەو لایەنانەوە، کورد خاوەنی دۆزە. کەس دنەیان نادا، مرۆڤی کورد خۆی ویستی ئازادی و ژیانێکی شکۆدارانەی هەیە. بەداخەوە ئێوە ناژنەفن، بەڵام چ داگیرکەرێک دەبیستێت؟ دیرۆک ئەوەمان پێدەڵێت.