عەبەی مامەسەعە و کوردە تێکدەرەکان

03-12-2025
سیروان رەحیم
A+ A-
 
بۆ هاوڕێیەکی عەرەبم، کە دڵنیام لە دڵی پاکژی؛ کاتێک پێی گوتم؛ "لە کن ئێمە هەموو کوردێک بەوە تاوانبار دەکرێت تێکدەرە و پیاوی...". ئەو یادی کاکە عەبەی لە لام چالاک کردەوە.
 
عەبەی مامەسەعە پیاوێک بوو خەڵکی چەمچەماڵ. پیاوێک هەڵسوکەوتی، جوڵەی، سیمای تژە بوو لە ئاماژەی تایبەت، یەکجاریش قسەخۆش بوو. جەستەی خڕیلە و تۆنی دەنگی بەجۆرێکی ناوازە بزەبەخش بوون. عەبەی مامەسەعە پیاوێک لەو کەسانەی دەیانتوانی لە ناخۆشترین دۆخدا بەرانبەرەکەیان بخەنە پێکەنین و لە ناخۆشترین رووداو نووکتە دروستبکەن.
 
لە شەستەکانی سەدەی بیستدا، شۆفێری تاکسی بوو، لە نێوان شاری کەرکووک و چەمچەماڵ کاری دەکرد. لە کۆتایی شەستەکاندا رەوشی وڵاتەکە ئاڵۆز بوو، بەهۆی شەڕی حکومەتی ناوەندەوە دژ بە کورد لە پاش نیوەڕۆ بەداوەوە رێگەی نێوان کەرکووک و چەمچەماڵ دادەخرا. لە کەرکووکی ئەو دەمە گەراجی چەمچەماڵ لە حەسیرەکە بوو. رۆژێک کاکە عەبەی مامەسەعە لە حەسیرەکە چاوەڕێی هاتنی نەفەر دەکات، یەک نەفەری هەیە و کاتیش لەوە نزیک دەبێتەوە کە رێگە دابخرێت. ژن و پیاوێکی چیمەنی بە بارێکەوە دێن و دەڵێن؛ ئێمە هەتا چیمەن دەڕۆین، هەر لەسەر رێگەکە دامانبەزێنە و خۆمان بەپێ دەچینەوە ئاوایی. کاکە عەبەیش دەڵێت، فەرموون سەرکەون درەنگە با بەڕێکەوین. هەر لە سەیتەرەکە دەردەچن کاکە عەبە دەڵێت، پارەکانتان کۆکەنەوە. کابرای چیمەنی دەپرسێت: ئێمە چەند بدەین؟  کاکە عەبە: "چەندی چی برا؟ دوو نەفەری چەمچەماڵ و بارەکەیشتان نەفەرێک، پارەی سێ نەفەر دەدەیت. کابرای چیمەنی: تۆ دەڵێی چی کاکە؟ ئێمە دوو کەسین و تاوەکو چیمەنیش دەچین، گوندی چیمەن هەر پێنج - شەش کیلۆمەتر لە کەرکووکەوە، بەتایبەتی لە حەسیرەکەوە دوورە". کاکە عەبە: پارەی سێ نەفەر دەدەیت یان بەرەو کەرکووک بگەڕێمەوە؟ کەیفی خۆتە، من جێی مانەوەم هەیە، بەڵام ئێوە بەم بارەوە ئەمشەو لە کەرکووک لە کوێ کاتەکە بەسەر دەبەن؟ کابرای چیمەنی زۆر هەوڵ دەدات، بەڵام کاکە عەبە بە کەمتر رازی نابێت. کابرا بە ناچاری پارەی سێ نەفەری چەمچەماڵ دەدات. کاتێک دەگەنە چیمەن، دادەبەزن و بارەکەیان دادەگرن، بەر لەوەی بڕۆن کابرای چیمەنی دەڵێت: غەدرێکی گەورەت لێمان کرد، هەواڵەی خوات دەکەم و نزا دەکەم خوا تۆڵەی ئێمەت لێبسەنێت. کاکە عەبە کەمێک پێی پێدەکەنێت و دەڵێت: بڕۆ و لە پەڕینەوەدا ئاگاداری خۆت بە. 
 
ئەوان دەگەنە ئەو بەری رێ و کاکە عەبە دەیەوێت بەردەوام بێت، هەر کە پێ لە بەنزین دەنێت زرمەیەکی گەورە لە تایەی پێشەوەی تاکسییەکەی دێت و دەتەقێت. کابرای چیمەنی لەوبەرەوە تەماشای کاکە عەبە و ئەمیش تەماشای ئەو دەکات. خەندەی سیمای ئەو و شێواوی سیمای ئەم یەکانگیر دەبن. دیمەنەکان تێکەڵ بکەین دەبن بە ئاوێتەیەکی یەکجار کاریگەر، بەڵام کاکە عەبە لە بری توڕەبوون، لە بری ئەوەی کەلـلەیی ببێت و لەجیاتی ئەوەی شتی نابەجێ بەدەمیدا بێت، بە کابرای چیمەنی دەڵێت: کاکی برا ئەگەر تۆ ئەوەندە نزات قەبووڵە، بۆ چ نزا ناکەیت کوردستان ئازاد بێت و ئەم کوردە ببێت بە حکومەت؟
 
ئەم بەسەرهاتەم بۆ چەند کەسێک گێڕاوەتە کە سەر بە نەتەوە سەردەستەکانی دراوسێی کوردستانن، کەی؟ کاتێک بە باوەڕی پتەوەوە بە خۆمیان گوتووە، مرۆڤی کورد لە لایەن ئیسرائیل و کۆلۆنیالیستەکانەوە دنە دەدرێت تاوەکو وڵاتەکانی ئێمە وێران بکات. دەنا کورد برای ئێمەن و هیچ پێویستیان بە دەوڵەتی سەربەخۆ نییە. واتە ئەوان لە بری کورد بڕیار دەدەن.
 
[گەر دێ هەبویا مە پادشاهەک – خانی.
بە شیر و خامە دەوڵەتە پایەدارە – حاجی]. 
 
دراوسێکانی ئێمە گەر خانی و حاجی-یش نەناسن، دەزانن ویستی سەربەخۆیی و ئازادی کورد یەکجار دێرینە، تەمەنی ئەو ویستە سەتان ساڵە. دەوڵەتەکانی دراوسێ زۆربەیان بە پرگالی کۆلۆنیالیستەکان چێبوون، کەچی شێخ رەزا گوتەنی یارۆ "سەرزەنشتی" کورد دەکات کاتێک ئازادیی خۆی بخوازێت. ئەو بە قسە دەڵێت؛ سەرزەوینەکە زێدی هاوبەشی هەموومانە، کەچی زمانی کوردی بۆ هیچە و قەدەخەی دەکات، کورد برایەتی و قڕی تێدەخات و هتد... نەگبەتی ئەوەیە مرۆڤ هەست بکات بە سڕینەوەی ئەوی دیکەی سەروەریی خۆی دەستەبەر دەکات و بەختەوەر دەبێت. لە زێدی دیکەوە هاتن و ناوچەکەیان کرد بە وارگەی سڕینەوە، لەناودانی کولتوور، زمان و ناسنامە جوداکان. 
 
کاکە عەبەی مامەسەعە مرۆڤێک بوو خاوێن لە هەڵسوکەت و هەڵوێستدا. پیاوی کەس نەبوو، بەڵام من چەکداری دەوڵەتم بینیوە [ئەوانەی پێیان دەگوترا جاش] و بە گوێی خۆم گوێم لێ بوو دەیگوت، رۆژێک هەر دێت ئەم کوردەیش دەوڵەتی خۆی هەبێت. پیاوێکی قسە شیرین پێی گوت، جا کورد ببێت بە دەوڵەت تۆ لەدار دەدەن. چەکدارەکە گوتی، خوا دەکات کورد دەبێت بە دەوڵەت با من بتۆپێنن. 
 
بەڕێزم؛ نەک هەر ئەو پیاوە باشە "کاکە عەبە" و نەک هەر ئەو جاشە، هیچ پەیوەندییان بە ئیسرائیل و کۆلۆنیالیزمەوە نەبوو، بەڵکو بەگشتی کورد بێ پەیوەندین بەو لایەنانەوە، کورد خاوەنی دۆزە. کەس دنەیان نادا، مرۆڤی کورد خۆی ویستی ئازادی و ژیانێکی شکۆدارانەی هەیە. بەداخەوە ئێوە ناژنەفن، بەڵام چ داگیرکەرێک دەبیستێت؟ دیرۆک ئەوەمان پێدەڵێت. 
 
ئیدی یادی کاکە عەبەی مامەسەعە بەخێر و گۆڕی پڕ لە تیشکی رەنگاوڕەنگ بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێمن عەبدوڵڵا

ریشی کوردستان کەوتووەتە دەستی تۆم باراک؟

"هەستدەکەم ئەمڕۆژانە رۆژئاوای کوردستان و ئەو کیانەی لەوێ بە خوێنی رۆڵەکانمان دروستمانکردووە مەترسییەکی گەورەی لەسەرە. بەتایبەتیش کە دیمەشق هەستدەکات بەهێز بووە و دوایین ئوڵتیماتۆم دەداتە رۆژئاوا، تورکیاش وایدەبینێ ئەمجارە دوایین دەرفەتی لەپێشە بۆ کۆتاییهێنان بەو مەترسییەی لە رۆژئاوای کوردستانەوە لەسەر سنوورەکانی هەیە بە کردەوەی سەربازیی فراوان و بە چاونووقاندنی ئیدارەی ترەمپ."