پێکنەهێنانى کابینەى دەیەم، لەبەرژەوەندى کێیە؟

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
عارف قوربانی
عارف قوربانی
A+ A-
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاى دەستپێکى حوکمڕانى کوردى لە باشورى کوردستان، بەهۆى ئەوەى پارتى و یەکێتیى وەک دوو هێزی سیاسى رکابەر و دژ بەیەک، کە مێژووییەکى خوێناوى لەنێوانیان هەبوو، نەبوونى متمانەیان بەیەکتر بووە زادەى ئەوەى بناخەى حوکمڕانییەکى ناتەندروست دابمەزرێنن. لە کرێکارى پاککەرەوەى باخچەیەکى ساوایانەوە، تا ئاستى هەرە باڵاى بەڕێوەبردنى کوردستان، لەسەر بنەماى (پەنجا بە پەنجا) لەنێوان ئەم دوو حیزبە دابەشکرا.
 
سەرەڕاى هاوبەشییەکى راستەقینە و پاراستنى هاوسەنگى لە هەموو جومگەکانى دەسەڵاتدا، بەڵام ئەو دابەشکارییە نەبووە ئەزموونێکى سەرکەوتوو، نەتواندرا بەجۆرێک متمانە لە نێوانیان دروست بێت، کە دڵنیایى ئەوە بداتە گەلى کوردستان، بەسەر ناکۆکیى و دوژمنایەتییە دێرینەکەیاندا زاڵ دەبن، ئەوە بوو پاش کەمتر لە دوو ساڵ حوکمڕانى پێکەوەیى، بەریەککەوتن و شەڕێکى خوێناوى بەرۆکى کوردستانى گرتەوە. 
 
دواى شەڕى ناوخۆ و دابەشبوونى کوردستان بۆ دوو زۆنى سیاسى و دروستکردنى دوو ئیدارەیى، بەهۆى ئەو پێشهاتانەى لە هاتنى ئەمریکا بۆ ناوچەکە و لە رووخاندنى سەدام و رژێمەکەى بۆ کوردستان دروست بوون، هەماهەنگى نێوان مام جەلال و کاک مەسعود بۆ ئیدارەدانى ئەو بارودۆخە تازەیەى لە عێراق و کوردستان هاتبووەپێش، دواى دەیەیەک لە دابڕان بڕیارى یەکخستنەوەى ئیدارەکانى هەرێمى کوردستان درا. بەڵام نەک وەک پێشووتر کە لە هەموو ئاستەکانى حکومەت پۆست و میلاک لە نێوان خۆیان دابەش بکەن، ئەمجارە تەنها لە ئاستى وەزارەتەکان حکومەت یەکیگرتەوە و سنوورى دابەشکراوى سەردەمى شەڕى ناوخۆ وەک حاڵەتێکى ئەمرى واقیع کرایە سنووریى دەسەڵاتى سیاسى و ئیداریى پارتى و یەکێتیى، ئیدارەى پێشووى هەولێر دەسەڵاتى لە زاخۆ تا دێگەڵەى بەڕێوە برد و ئیدارەى پێشووی سلێمانیش دەسەڵاتى لە کفرى تا کۆیەى بەدەست بوو. 
 
یەکخستنەوەى حکومەت لە ئاستەکانى سەرەوە و رەخساندنى دۆخێکى سەقامگیر، پرۆسەى سیاسى عێراق و رۆڵى کورد لە هاوکێشەکان، پەیوەندى نێوان پارتى و یەکێتى بەو ئاراستەیە برد رێککەوتنى ستراتیژى لە نێوانیان ببەسترێت. سەرەڕاى ئەوەى لەو هەلومەرجەدا بەئەندازەیەک پەیوەندییەکانیان گەشەی کردو لێک نزیکبوونەوە، زۆر لە کارەکتەرە سیاسییەکانى هەردوولایان بانگەشەى ئەوەیان دەکرد پێویستە ببینەوە بە یەک حیزب، بەڵام دواى رێککەوتنى ستراتیژیش، هەر نەیانتوانى حکومەتێکى یەکگرتووى سەرتاسەرى پێکبهێنن. لە گەرمیانەوە تا کۆیە دەسەڵات و حوکمڕانى هەر بەو شێوەیەى سەردەمى دوو ئیدارەیى لاى یەکێتیى نیشتمانى کوردستان بوو. لە زاخۆوە بۆ دێگەڵەش دەسەڵات و حوکمڕانى لاى ئیدارەکەى پارتى دیموکراتى کوردستان بوو. وەک واقیعێکى تاڵ و لاپەڕەیەکى رەشى مێژوویى خۆبەڕێوەبەرى کورد لە باشوورى کوردستان، تا ئێستاش بەو جۆرە بەردەوامە. 
 
بەڵام لەسەرەوەى ئەم دوو ئیدارەییەى هەردوو زۆنەکەوە، لە دامەزراوە دەستورییەکانى پەرلەمان و سەرۆکایەتىی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنى وەزیران و وەزارەت و دەستەکان و دەسەڵاتى دادوەریى، لەسەر بنەماى رێککەوتنى نێوانیان و پاراستنى بەرژەوەندى هەردوولا جۆرێک لە پێکەوەیى هەبوو. وەک کورد دەڵێت (کاسەى پڕ ئاشتى ماڵە)، ئەم پێکەوەییە بەبێ کێشە و ناکۆکى تا ساتى بڕینى بودجەى هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە لە سەرەتاى 2014 بەردەوام بوو. لەدواى ئەوەوە ئیدى تەقوتۆق کەوتە پەیوەندى نێوانیان و ئەو هاوکێشەیەى لە بەڕێوەبردنى کوردستان لەسەرى رێککەوتبوون گرفتى تێکەوت. 
 
لەو کاتەوە بۆ ئێستا نەتواندراوە لەسەر میکانیزمێکى دیکە رێکبکەون بۆ پێکەوە بەڕێوەبردنى سیاسەتى حوکمڕانى لەو بەشەى سەرەوە، ئەگینا ئێستاش حوکمڕانى هەرێمی کوردستان لە ئاستەکانى خوارەوە هەر بەو جۆرەى پێشترە، لە دێگەڵە بۆ زاخۆ پارتى بەڕێوەى دەبات و لە کۆیە بۆ گەرمیانیش یەکێتیى. 
 
ئەمە سێیەم جاریشە لە پرسى پێکهێنانى کابینەى حکومەت ناکۆکییەکانى نێوان یەکێتى و پارتى دەگاتە ئەو ئاستەى پێکهێنانى حکومەت زۆر لەوادەى یاسایى دوا بکەوێت. لە ساڵى 2014 بەهۆى ئەوەى یەکێتى و پارتى نەدەگەیشتن بە رێککەوتن، پارتى لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو بەبێ یەکێتیى بڕیارى پێکهێنانى حکومەتیان داو یەکێتیى دواتر ئەو پۆستانەى بۆى دیاریکرابوو، پڕیکردەوە.   
 
لە پێکهێنانى کابینەى نۆیەمیش، ماوەى زیاتر لە 9 مانگ گفتوگۆ لەنێوان پارتى و یەکێتى هەبوو، بێ ئەوەى گرفتێکى دیاریکراو یاخود کێشە لەسەر پێدان و پێنەدانى پۆستێک بووبێتە کێشە، هەر رێکنەکەوتن تا پارتى و گۆڕان بڕیارى پێکهێنانى حکومەتیان دا و یەکێتیى وەک جۆرێک لە ناچارى چووە ناو رێککەوتنى پێکهێنانى کابینەى نۆیەمەوە. تەنانەت بۆ ماوەى چەند مانگێکیش سەرۆکى پەرلەمان کە پشکى یەکێتی بوو، لەلایەن پارتییەوە سەرۆکى بەوەکالەتى بۆ داندرا.
 
مەبەستمە بڵێم ئەوەى ئێستا و دواى زیاتر لە ساڵێک تێپەڕبوون بەسەر هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لەنێوان پارتى و یەکێتیى دەگوزەرێت بۆ پێکهێنانى کابینەى حکومەت، تازە نییە. تەنیا خاڵى جیاوازى هاوکێشەکە ئەوەیە، کە لە دوو خولى پێشوودا هێزى سێیەم هەبوو. نەبوونى هێزى سێیەمى یەکلاکەرەوە لەم خولەدا، پرۆسەکەى گەیاندووەتە دۆخێکى چەقبەستوو. 
 
هەرچەندە وەک لە زارى بەرپرسان و لە راگەیاندنى هەردوولا ئەوە بڵاوکراوەتەوە، کە گوایا لەسەر چۆنێتى بەڕێوەبردنى سیاسەتى حوکمڕانى و کارنامەى کابینەى حکومەت رێککەوتوون. ئەوەى بووەتە لەمپەر چۆنێتى دابەشکردنى پۆستە وزارییەکانە، کە ئەگەر ئەوە راست بێت لەسەر بەرنامە و سیاسەتى حوکمڕانى رێککەوتبن، کەواتە رێگاى زۆریان بڕیووە و کەمیان ماوە و هەق نییە لەسەر پۆستەکان بیگەیێننەوە بە خاڵى سفر، چونکە لەحاڵێکدا کە هەردوولا رەزامەندبن بە کارنامە و سیاسەتى بەڕێوەبردن، کەى گرفتە کێ و کام پۆست لاى کامیان بێت، ئەگەر بۆ یەک ئامانج تێبکۆشن. 
 
هەرچەندە گومانم هەیە لەوەى دەیڵێن لەسەر کارنامە و سیاسەتى بەڕێوەبردنى هەرێمی کوردستان رێککەوتووین، بەڵام لەبەر ئەوەى هەردوولایان دەڵێن ئەو قۆناخەمان تێپەڕاندووە، با گریمانەى ئەوە بکەین راستە. دەبێت بپرسین ئەى کەواتە لە دواخستنى پێکهێنانى کابینەى تازە چیتان دەستدەکەوێت؟ بەتایبەت دەبێت ئەم پرسیارە ئاراستەى یەکێتیى نیشتمانى کوردستان بکرێت، لەبەر ئەوەى یەکێتیى بە فەرمى ئەوەى راگەیاندووە، کە ئەو رێگرە لە پێکهێنانى کابینەى دەیەم، هۆکارەکەشى بۆ ئەو نیگەرانییانە دەگێڕنەوە، کە پێشتر هەیان بووە لە حکومەت. ئێ باشە ئەگەر ئەوە راست بێت، کە یەکێتى بەو ئەندازەیە (ناڕازییە لەو وەزعە)، کەواتا بۆچى تەمەنى زیاترى پێدەبەخشێت؟ پێکنەهێنانى کابینەى تازە، واتا بەردەوامیدان بەو شێوازە حوکمڕانییەى کە تۆ لێى رازى نیت. بەتایبەت کە خۆتان دەڵێن بۆ کابینەى تازە لەسەر شێوازى حوکمڕانى و سیاسەتى بەڕێوەبردنى هەرێمی کوردستان و کارنامە و دەسەڵاتەکان رێککەوتوون، ئەى کەواتە بۆچى ئەو کابینەیە ناگۆڕن کە لێى ناڕازیت و بچنە ئەو قۆناخەوە، کە دەڵێى بە رەزامەندى هەردوولا چوارچێوەىەکى تازەمان بۆ بەڕێوەبردنى هەرێمى کوردستان داڕشتووە؟
 
سەربارى ئەوەى یەکێتیى لەسەرەتاوە هەر بە نیگەرانییەوە بەشدارە لەم کابینەیەى حکومەت، بەڵام هەر یەکێتیى خۆى هۆکار بووە بۆ ئەوەى تەمەنى ئەم کابینەیە لە چوار ساڵەوە بگەیەنێت بە 8 ساڵ. لە ساڵى 2022 تەمەنى ئەم کابینەیە کۆتایى دەهات و دەبوو هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆى رووداوە ناوخۆییەکانى یەکێتییەوە بەتایبەت دواى ٨ى تەمموز، یەکێتیى لۆبى بۆ ئەوە کرد تەمەنى پەرلەمان درێژ بکاتەوە. پارتى و گۆڕانیش بێ هۆکار و پاساوێکى رەوا چوونە ژێر بارى ئەم داوایەوە و تەمەنى پەرلەمان درێژکرایەوە، کە هاوکات درێژکردنەوەى تەمەنى کابینەکەش بوو. 
 
دواتر رێگاى دادگاى فیدراڵى گیرایەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و کۆمسیۆن و یاساى هەڵبژاردنەکانى هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان. بەمەش بۆ ماوەیەکى زۆر زیاتر درێژەى دا بە تەمەنى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمی کوردستان. دواى هەڵبژاردنیش وا ساڵێک و دوو مانگ تێپەڕی و سەرئەنجام تەمەنى کابینەى نۆیەم بوو بە 8 ساڵ. تا کابینەى تازەش دروست نەکرێت حکومەت هەر بەردەوام دەبێت، ئیدى کامەیە ناڕازى بوون؟ 
 
درێژەپێدانی ئەم دۆخە لەبەرژەوەندی پارتییە، هەموو دەستەی سەرۆکایەتییەکانی لایە، حکومەت بەردەوامە و ئەگەر یەکێتی هەر بەردەوام بێت لە دواخستنی پێکهێنانی کابینەی تازە، ئەگەری ئەوەش هەیە دوای پێکهێنانی پەرلەمان و کابینەی حکومەتی عیراق، پارتی لە بەغدا کار بۆ ئەوە بکات کۆمسیۆنێکی نوێی هەڵبژاردن لە عێراق دابمەزرێت و کار بۆ سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بکات. لە ئەگەری ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنیش، دوا سەرژمێریی دەکرێتە بنەما، بەوەش پارێزگای سلێمانی پێنج کورسی لە ژمارەی کورسیەکانی کەم دەبێتەوە و هەولێر و دهۆک پێنج کورسی زیاد دەکات. ئەوەش روونە بە بەرژەوەندی و زیانی کێ تەواو دەبێت.
    
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە