زمان و رۆح؛ ئەو زمانەی کە دەبێ هەناسە بدات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
د. یان ئیلهان کزلهان
A+ A-
 
پێش ئەوەی لە زمان تێبگەم، لە جەستەم هەستم پێدەکرد، لە هەستەکانمدا هەستم پێدەکرد. لەنێو منداڵدان دا گوێم لە دەنگی دایکم بوو، تەنانەت پێش ئەوەی بتوانم وشەیەک دروست بکەم. دایکم دەستی بە سکیدا دەهێنا و دەنگی سەیر و خەمناک، بەڵام میهرەبانی دەردەبڕی. تێنەدەگەیشتم دایکم چی دەڵێ، بەڵام ئەو هەستەم هەبوو کە بۆ من قسە دەکات. 
 
سەرەتا، زمان مانایەکی تایبەتی بۆ من نەبوو، بەڵکو پەیوەندییەک بوو؛ ئاوازێک بوو کە بەنێو هەناسە، خوێن و رۆحمدا تێدەپەڕی. باوەڕم وایە زمانی دایک ئەوکاتە دەستپێدەکات کە کەسێک بۆ یەکەم جار هەست بە ئاسایش دەکات و بۆی رووندەبێتەوە کە بە تەنیا نییە. 
 
ئەم هەستە دوای لەدایکبوونیشم بەردەوام بوو. کاتێک دەگریام، دایکم گۆرانی دەگوت. کاتێك خەوم لێ نەدەکەوت، قسەی بۆ دەکردم و تاوەکو ئێستاش ئەو وشانەم لە ناخمدا هەڵگرتوون. هەندێکجار کە چاوم دادەخەم، گوێم لەو وشانەی دایکم دەبێ، وەک ئەوەی لە شوێنێکی نزیک یان دوور دەنگ بدەنەوە. لە کاتی ترس و شەرم، هەروەها لە تەمەنی منداڵی دا کاتێك گاڵتەم پێدەکرا، لێم دەدرا یان هەڕەشەم لێدەکرا،  ئەوە دەست و دەنگی دایکم بە زمانی دایک بوو کە ئارامی دەکردمەوە. 
 
هەر کەسێک دەتوانێ فێری کۆمەڵێک زمان بێت بۆ ئەوەی کاریان پێ بکات، لە ژیان دا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، بە جیهان دا بگەڕێ، بەڵام تەنیا یەک زمان هەر زوو لە ژیانی دا ریشە دادەکوتێت. ئەو زمانە لە قووڵایی بوونماندایە و وەک بەشێکە لە سیستمی دەمارییمان. هەموو کەسێک تەنیا فێری ئەو زمانە نابێت، بەڵکو لە رێگەیەوە هەست و بوونی خۆی دەردەبڕێت. 
 
قسەیەکی سۆزدارانە نییە و زێدەڕۆییش نییە ئەگەر بڵێین زمان زیاتر لە ئامرازێکە و، راستییەکی گرێدراوە بە زانستی مرۆڤناسییەوە. هەموو زمانێک رێگەیەکی تایبەتە بۆ رێکخستن، لێکدانەوە و بیرهێنانەوەی رووداوەکانی جیهان. کاتێک زمانێک لەنێو دەچێت، تەنیا وشەکانی نین کە نامێنن، بەڵکو گۆشەنیگایەک دەسڕدرێتەوە. گەنجینەیەک لە چیرۆک، نەریتی گوێزراوەی زارەکی و ئەزموونی بەکۆمەڵی خەڵکێک لە هەر زمانێکدا هەڵگیراون. هەر کاتێک زمانێک بێدەنگ دەبێت، بەشێک لە یادگەی مرۆڤیش لەگەڵی دا سیس دەبێت و دواییش نامێنێت. 
 
ئێستا نزیکەی 7000 زمان لە جیهان دا قسەیان پێدەکرێت. ژمارەیەکی بەرچاو لەوان لە چەند دەیەی کەمی داهاتوودا نامێنن، نەوەک لە رێگەی تەقینەوەوە، بەڵکو بەهۆی ئەوەی چی دیکە قسەیان پێناکرێت. من بە چەند زمانێک قسە دەکەم. نووسینی ئەکادیمی، رۆمان و توێژینەوە بە چەند زمانێک دەنووسم کە زۆر دەرگایان بۆم کردووەتەوە. هەر زمانێک خۆی لە خۆیدا جیهانێکە و خاوەنی لۆژیک و میوزیکی تایبەت بە خۆیەتی. بەڵام زمانی دایکم هەمیشە جیاوازە، لە زمانەکانی دیکە قووڵترە، چونکە تەنیا لە کۆمەڵێک وشە بۆ دەربڕین پێکنەهاتووە، بەڵکو یەکەمین ماڵی نێو جیهانی ناخمە. 
 
زمان تەنیا رەنگدانەوەی هەست و بیرکردنەوەمان نییە، بەڵکو شێوە بە بیرکردنەوەمان دەدات، سەرنجمان ئاڕاستە دەکات، تێگەیشتنمان رێکدەخات، دەرگای دەرفەتی ژیانمان بۆ دەکاتەوە و دادەخات. رەنگە هیچ کات بەتەواوی نەزانین زمان چەندە کاریگەریی قووڵ لەسەر بیرکردنەوەمان جێدەهێڵێت، بەڵام یەک شت حاشاهەڵنەگرە: زمان کاریگەری لەسەر ئەوە هەیە کە دەیبینین، ئەوەی لەیادمان دەمێنێتەوە و ئەوەی دەکرێ بڕوامان پێی هەبێت. وشە و هەستەکان زیاتر لەوە گرێدراوی یەکدیین کە جاران بیرمان لێدەکردەوە. کاتێک ئازارێک یان ترسێك بە وشە دەردەبڕین، تەنیا پەیامێک ناگەیێنین، بەڵکو پرسێک چارەسەر دەکەین و بەوجۆرەش ئارامییەک دروست دەبێت. زمان دەتوانێ نیگەرانی بۆ شتێک بگۆڕێ کە دەکرێ ناوێکی لێ بنێین. خەڵک ئازار دەچێژن و دەدوێن. خەڵک دەتوانن قسە بکەن و دەکرێ ئەوەش هۆکاری هێزی مانەوەیان بێت لە ژیان. 
 
لەگەڵ ئەوەش، زمان دوو روو یان لایەنی هەیە. کاتێک ئەزموونەکانمان ناودەنێین، ئیدی لە شوێنێک جێگیریان دەکەین. وشەکان دەکرێ ئازادمان بکەن، بەڵام دەکرێ زیندانیشمان بکەن. هەرکەسێک بەردەوام بڵێ، "ناتوانم ئەم کارە بکەم"، ئەوە زیندانێک لەناخیدا لە وشە دروست دەکات. هەر کەسێکیش بڵێ: "هێشتا ئەمە فێر نەبووم،" ئەوە دەرگەیەک بۆ داهاتوو دەکاتەوە. زمان کەرەستەیەکی جادوویی نییە، بەڵکو کایەیەکە بۆ ئەگەرەکان. 
 
ئەم تێگەیشتنە لە هەڵبەستی کوردی دا زۆر روونە. ئەحمەدی خانی لە سەتەی 17دا (مەم و زین)ی نووسی و تێیدا دەڵێ، گەلێک کە خاوەنی زمانی خۆی نەبێ، وەک جەستەیەکی بێ گیانە. زمان بۆ ئەحمەدی خانی نە ئامرازێکی جوانیناسی بوو و نە فۆلکلۆر، بەڵکو بوون (وجود)ی بوو، شکۆی بوو، ئەو دەمارە بوو کە لێیەوە یادەوەری، خۆشەویستی و بوونی تێدەپەڕی و گەشەی دەکرد. ئەگەر ئازار دەرنەبڕدرێ، ئیدی لە بێدەنگیدا درێژەی دەبێ. ئەگەر خۆشەویستی دەرنەبڕدرێ، ئیدی قووڵاییەکەی لەدەست دەدات. 
 
ئەگەر بەم شێوەیە تێبگەین، ئیدی دەزانین کە زمان تەنیا دەربڕینی هەستی نێوخۆی مرۆڤ نییە. زمان ئەو هەستانە رێکدەخات کە لە سەرەوە باسکران و کۆمەڵگەکانیش پێکەوە گرێدەدات، چونکە رێگە بە ئازارەکان دەدات بەشبکرێن و هیواکانیش دەرببڕدرێن. زمان دەتوانێت جیهانێک دروست بکات کە تێیدا تەنیا کار ناکەین، بەڵکو لە یەکدیش تێدەگەین. 
 
هەر لەبەر ئەوەشە کاتێک زمانێک لەڕووی سیاسییەوە بێبایەخ دەکرێ، برینەکەی زۆر قووڵە. زمانی کوردی بۆ چەندین دەیە لە تورکیا قەدەخە کرا، هیچ پێگەیەکی یاسایی پێنەدرا و تەنانەت سزای پێبژاردن بەسەر بەکارهێنەریشیدا سەپێندرا. ئەوەی لەو چەند دەیەیەدا لە تورکیا کرا تەنیا دەستوەردانێک لە سیستمی پەیوەندیکردن نەبوو، بەڵکو دەستوەردان بوو لە ژیان و کەسایەتی، شێوازی تێگەیشتنی تاکەکان لە خۆیان و نەوە دوای نەوەش لە یەکدی. زمانی باڵادەست (تورکی) بووە زمانی ناساندن، پیشە و ئاسایش. تواندنەوە زیاتر بە سەرەتی (ئیمتیاز) دەستپێدەکات، نەوەک تووندوتیژی. 
 
ئێستا هەندێکجار کوردی لە تورکیادا قبووڵ دەکرێ، بەڵام مەترسییەکی نوێ و رژدتر (جیدیتر) لەوەی پێشوو لەو قبووڵکردنەدا هەیە. ئێستا زمانی کوردی لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر لە مەترسیدایە، بە تایبەتی لە تورکیا، کە ئەمەش وەک دژیەکییەک دەردەکەوێ. ئەو مەترسییە بە هۆی قەدەخەکردنی ئاشکرایەوە نییە، بەڵکو لە رێگەی سنووردارکردنێکی سیمبوولی و گۆشەگیرییەکی سیستماتیکییەوەیە. 
 
ئێستا کوردی لە قۆناخی گۆڕاندایە لە زمانێکی بەرخودانەوە بۆ زمانێکی فۆلکلۆری و دەربڕینی شتەکان لە رێگەیەوە. ئێستا کوردی لە تورکیا وەک پارچە شوێنەوارێکی نێو مۆزەخانەیە: لەوێیە، بەڵام بەتاڵە. ئەو پارچە شوێنەوارە وەک کەلەپوورێکی کولتووری ناسێندراوە، بەڵام لە ژیانی رۆژانە، لە دامەزراوەکان و نێو دەسەڵاتیش بەشێوەیەکی تەواو و دروست بەکارناهێندرێت. دەکرێ هاووڵاتییەک بە کوردی گۆرانی بڵێ، دەکرێ سەما لەگەڵ ئاوازەکەی بکات، بەڵام نابێ کاروباری پێ بەڕێوەببات، بڕیاری پێبدات یان لە رێگەیەوە پیشەیەک بەدەست بهێنێت. 
 
تورکی وەک زمانی هێز، بەڕێوەبردن، دانپێدانانی ئەکادیمی و دەرفەتی کار ماوەتەوە. تورکی زمانی ئەو کەسانەیە کە سەرکەوتوو دەبن، زمانی ئەو کەسانەیە کە سەر بە سیستمەکەن. دەکرێ کەسێک لە رێگەی بەکارهێنانی تورکییەوە پلەی بەرزبێتەوە و بپارێزرێت.
 
کوردی، بە پێچەوانەوە، قبووڵ دەکرێ، بەڵام رێزی لێناگیرێت. کوردی بە ئاشکرا هێرشی ناکرێتە سەر، بەڵام بەشێوەیەکی زیرەکانە شوێنی پێ لێژ دەکرێ، ئەوەش نەوەک لە رێگەی سەرکوتکردنێکی ئاشکراوە، بەڵکو لە رێگەی بایەخ پێنەدانی لەنێو سیستم، لەنێو دەوڵەت و کۆمەڵگەدا. نەبوونی کوردی لەنێو دامەزراوەکاندا پەیامێک بە ناڕاستەوخۆ دەگەیێنێت: دەتوانی قسەی پێ بکەیت، بەڵام ئەو زمانە ناتگەیێنێتە هیچ شوێنێک. 
 
بەم شێوەیە، زمان هێواش هێواش پێگەی خۆی لەنێو کۆمەڵگەدا لەدەستدەدات. کاتێکیش ئەو پێگەیەی نەبوو، ئیدی داهاتوویشی نابێت. تواندنەوە هەمیشە بە ئاشکرا روونادات، بەڵکو دەکرێ بە بێدەنگی بێ. دەکرێ ئەو تواندنەوەیە لە رێگەی میکانیزمی کارگێڕی، ئابووری و بیرۆکراسییەوە بێ. ئەم تواندنەوەیە لە رێگەی سیستمی پەروەردە، بازاڕی کار، و بابەتی شکۆی کۆمەڵایەتییەوە دەبێ. ئەم دۆخە پلەبەندییەک لە زمان دروست دەکات؛ یەکێکیان زمانێکی باڵادەستە و دەبێتە ئامرازی بەدەستهێنانی کار و ئەوی دیکە بۆ شیعر و گۆرانی و شتی هاوشێوە بەکاردێت. 
 
دەکرێ سەرکوتکردن، بەرخودان دروست بکات، بەڵام نەهێشتنی بنەماکان دەبێتە هۆی لەبیرچوونەوە و لەبیرچوونەوەش لە هەر قەدەخەکردنێک زیاتر دەمێنێتەوە (کاتێک زمانێک لەنێو سیستم و دامەزراوەکان نامێنێت، خەڵکەکە بەرە بەرە زمانیان بیردەچێتەوە و ئیدی بە بێدەنگی زمانەکە لەنێودەچێت). 
 
تاوەکو کوردی بە ئازادی لە شەقامەکان قسەی پێنەکرێ، خەڵکی لەنێو بازاڕدا بە زمانی کوردی مامەڵە و بازرگانی نەکات، منداڵان بە زمانی دایکی خۆیان نەخوێنن، ئەو زمانە لە ژیانی رۆژانەدا بەرەو کاڵبوونەوە دەچێ. ئەم مەترسییە تەنیا لە تورکیا نییە، بەڵکو لاوازیی دامەزراوەیی و کۆنترۆڵی سیاسیش قۆناخ بە قۆناخ زمانی کوردی لە ئێران و سووریاش گۆشەگیر دەکەن. 
 
بێباکی بە هێواشی هەموو شت وێران دەکات 
 
بۆ گەلێک کە بە سەر چوار دەوڵەت دا دابەشکراوە و لە دیاسپۆرایشدا پەرتەوازەیە، زمان تەنیا نیشانەیەک نییە بۆ ناسنامە، بەڵکو ئەو داوەیە کە وادەکات وێناکردنی چەمکی (ئێمە) روونتر بێ. کاتێک ئەو داوە باریک دەبێت، هەستی هاوبەشی گرێدراومان بەو جۆرەی لێدێت کە درزی تێدەکەوێ. بێ هەبوونی زمانێکی زیندوو، وابەستەیت بە گەلی خۆتەوە دەبێتە شتێکی رواڵەتی. 
 
سەرەڕای ئەوەش، مانەوەمان تەنیا سیاسی نەبووە، بەڵکو کولتووریش بووە. هەڵبەستەکان، گۆرانییەکان، چیرۆکەکان و رۆمانەکان ئەرشیفی راستەقینەی ئێمەن. تانکەکان نەبوون رۆحی ئێمەیان لە کۆڵ گرت، بەڵکو دەنگەکان بوون؛ هەروەها ئەو ئاوازانە بوون کە کەسێک تەنیا لە رێگەیانەوە وشە دەرنابڕێ، بەڵکو هەستیشیان پێ دەکات. گریانی راستەقینە لە رێگەی هەندێک وشەوەیە کە تەنیا لە زمانی دایکدا هەن. هەندێ وشەی تایبەت بە لێخۆشبوونیش تەنیا لە زمانی دایک دا هەن. 
 
ئەگەر دەوڵەتی خۆمان نەبێ، ئەوا بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر دەکەوێتە سەرشانمان بۆ پاراستنی ئەوەی کە پشت بە سنوورەکان نابەستێت، ئەویش زمانەکەمانە. ئەوەش لە رێگەی بیروباوەڕ و بەزۆرەملێ نا، بەڵکو لە رێگەی بەکارهێنانی ئەو زمانە لە ژیانی رۆژانەدا. 
 
هەموو زمانێک بە گفتوگۆ لەگەڵ دایک و باوک و هاوڕێ دەژیت، ئەویش
 
لە خۆشەویستی دا
لە مشتومڕدا 
لە پێکەنیندا 
لە کاتی بە گوێ چرپاندندا 
لەنێو پۆل دا
لە هەڵبەست دا 
زمان لە شوێنەدا دەژی کە تێیدا مرۆڤەکان بە یەک دەگەن. ئەگەر خۆمان لەنێو زمانێکدا نەبینینەوە، ئەوا دەبینە ئامێر؛ ئامێرێک کە کار دەکات، خۆی دەگونجێنێت و بەردەستیشە، بەڵام لە نێوەوە بەتاڵە. ئامێر بۆ کارکردنە، بەڵام مرۆڤ بۆ ژیان. ئەو خەسڵەتانەش تەنیا لە زمانی دایک دا هەن. 
 
زمانی دایک بریتییە لە زمانی یەکەمین هەستم بە سەلامەتی 
بریتییە لە زمانی برینەکانم 
بریتییە لە زمانی بەرخودانم 
بریتییە لە زمانی رۆحم.
 
هەربۆیە نابێ ئامانجەکە تەنیا ئەوە بێ لەنێونەچێ، بەڵکو دەبێ بتوانێ هەناسەش بدات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاریان فەرەج

رووداو؛ دەنگێکی کوردی لە کۆشکی سپی و ناوەندەکانی بڕیاردا

لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەم سەردەمەدا، میدیای بە توانا چیتر تەنیا ئامرازی گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو بێ ئەوەی لە ئیتیک و پرەنسیپەکانی بابەتیبوون و بێلایەنیی میدیایی لابدات، دەتوانێ وەک هێزێکی نەرمی کاریگەر، رۆڵێکی گرنگی سیاسی و دیپلۆماسیش بگێڕێ؛ رەنگە دەستەواژەی گونجاو بۆ پێناسەی ئەم رۆڵە باڵا و نوێیەی میدیا لەم سەردەمەدا، چەمکی «دیپلۆماسیی میدیایی» بێت.