ئەوە روونە "ویستی پێکەوەیی" هێزی بەرگری و مانەوەی هەموو نەتەوەیەکە. ویستی مرۆڤەکانی گەلێک گەر پێکەوە بکەوێتە کار، کاری هاوئاهەنگانە، ئۆرکێسترایەکی سەرسوڕهێنەر بەرجەستە دەکات، ئۆرکێسترایەک زەوی دەهەژێنێت و دەنگی دەگاتە ئاسمان. هەمیشە هێز هەموو شتێک نییە، هێزی مادی، هەندێک جار هێز بێ پاڵپشتی بوێریی و ویست "ئیرادە" پەککەوتەیە، هێزی بێ بوێریی لە تەنی بێ هەناو و بێ دڵ دەچێت. ویست، ئارەزووی ئازادی و حەز بۆ ژیانی شکۆدار لە قوڵایی هێزی مرۆڤ و نەتەوەدا خۆیان مات داوە، کاتێک دەرپەڕێن هیچ هێز و هیچ چەکێک دەرەقەتیان نایەن.
ئەم رۆژانەوە و لە میحنەتی رۆژئاوای نیشتماندا نەتەوەی کورد وەکو جارانی نەکرد، پەنای نەبردە بەر تکا و پاڕانەوە، هەڵنەهات، زێد و نیشتمانی خۆی خەمگینانە جێنەهێشت، بەڵکو ئەمجارە پەنای وەبەر هێزی خۆی برد، هێزی پێکەوەیی، ویستی پێکەوەیی و یەکگرتن، بۆیە بە پێوە مایەوە و هەمووانیش رێزی لێدەگرن و هاوکاتیش ئەو هێزە بە هەند دەگرن، هێزێک دەبێت بەرجەستەکاری گیانێک کە بە فڕۆکە و بە درۆن و بە تیرۆریستان ناشکێت.
کاتێک کۆڵانەکان دادەخرێن، کاتێک دۆستەکانت بەجێت دەهێڵن، کاتێک بەرژەوەندیی سیاسی و ئابوری هەموو سنوورێکی ئاکاری دەشکێنێت، کاتێک ویژدانی سەردارانی دونیا مەست و سەرخۆشە، کاتێک دراوسێکەت پەلامارت دەدات، پەلاماردان بە ئامانجی لەناودان و زەلیلکردن، تاکە چەکێک مرۆڤ یان نەتەوەیەک شکی دەبات ئیرادەیەتی.
مرۆڤ لەو دۆخە خەمگین و پەشۆکاوەدا دەپرسێت؛ خۆ بەدەستەوە بدەم؟ تەماشای مەرگی خۆم بکەم؟ زەلیل بم؟ یان رووبەڕوویان ببمەوە و مردنیش بێت، بە شکۆوە بمرم؟
پەندێکی ئەڵمانی هەیە یەکجار لەگەڵ ئەم دۆخەی ئێستای کورد دەگونجێت:
لەهەر شوێنێک ویست هەبوو، دەریچە یان رێگەیەکیش هەیە. ویستی کوردیش لە کۆدەنگی، لە یەکێتی و لە یەک سەنگی خۆیدا ئەمجارە بەرجەستە بوو. ئەم هۆکارەیە وا دەکات لەم میحنەتەیشدا دەریچە هەبێت، رێگەی رووناک بدۆزرێتەوە و سەربەرزانە بەنێو شاڵاوی جانەوەراندا دەرباز بێت. سوپاس بۆ هەموو هەموو ئەو دەنگانەی لەگەڵ کورد بوون، سوپاس بۆ خەمخۆرانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، سوپاس بۆ دۆستان و بۆ هونەرمەند و نووسەرانی هەموو دنیا کە لەم هەوڵی قڕکردنەدا لەگەڵ ئازاری کورد بوون. دەنگ و هاوخەمی ئێوە لە بیر ناکرێت، بەڵام نەک هەر بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤە بەئاگاکان، بۆ هەموو گەلە بێ دەسەڵات و دەوڵەتە بێ هێزەکان، هەڵوێستی ئەو دەسەڵاتدار و سیاسیگەلە سەرخۆش و مەستەیش بە هێز و بە چەک و جبەخانە، لە یاد ناکەن کە جانەوەران لە منداڵ و ژنی نەتەوەیەک بەردەدەن و تەماشای قڕکردنیان دەکەن. دەکرێت ئەمە لە زۆر شوێنی دیکە و لە زۆر کاتی جیاوازدا دووبارە ببێتەوە.
لە دنیایەکدا دەژین سیخناخ بە پارە، بە خۆراک، پڕە لە سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی، کەچی شارێکی بچووکی وەکو کۆبانێ ئابڵوقە دەدرێت و دەیانەوێت بیخنکێنن، لە برسا بیکوژن، بێکەسکوژی بکەن و هێمای شکاندنی داعشی لێبستێننەوە. کۆبانێ هێمای بەرگری و بەگژداچوونەوەی تیرۆر منداڵەکانی بە بەرچاوی دنیاوە لە سەرما، لە برسا و لە ترسا رەق دەبنەوە. دنیایەک گوێچکەی میدیاکانی ئەم جۆرە زریکانە نابیستێت، دنیایەک چاوی کامێرای میدیاکانی ئەم برکوژانە نابینێت، دنیایەک بەشێک لە میدیاکانی هاندەری سەرسەختی سوپای جانەوەرانن تاوەکو گەمە بە کەلەسەری مرۆڤی کورد بکەن. دنیایەک میدیا کاریگەرەکانی عەرەب لە بری داوای لێبووردن لە منداڵ و ژنانی کورد بکەن، لە بری ئەوەی کار بۆ نەهێشتنی ئەوە بکەن عەرەب مۆری ئەو "عارە" نەنێت بە ناوچەوانی خۆیەوە کە پیاوی هەن کچ و ژن دەکەن بە کۆیلە، لە بری هاندان بۆ میهرەبانی و پێکەوەژیان، کەچی وەکو لە گۆڕەپانی دوو گۆڵیدا نەریتە، ئەو میدیاگەلە هانی مرۆڤکوژان دەدەن و پاساو بۆ تاڵانی و بۆ پەلاماردان دەهێننەوە. جەخار لەم رۆژگارە.
بەڵام هاوکات خۆشبەختین لە هەمان دنیایشدا دەنگە جوانەکان، رەنگە جوانەکان تاوەکو ئێستا هەن و درەوشاوەن. شەبەنگی پشتگیری دەبینین لە رۆماوە تاوەکو واشنتن، لە ژاپۆنەوە تاوەکو فەرەنسا، دەبینین و هەستی پێدەکەین و گەز گەز باڵا دەکەین، کاتێک لەم کەشە نادڵنیایەی پارەپەرستان و دەسەڵاتپەرستان بۆ مرۆڤایەتی دروستیان کردووە، مرۆڤە جوانەکان هێشتا بوێرانە پشتگیری لە دادپەروەری دەکەن و بەڕووی ستەمدا دەوەستنەوە.
سوپاسی گەورە بۆ خانمانی چیاکان، سوپاس بۆ ژنانی نەتەوەکەم کە بە شەپۆلی کەزییەکانیان وزە بە رووح دەبەخشن. کاتێک کەزی ئێوە دەشەکێتەوە مرۆڤ پۆخڵیی دیکتاتۆر و ملهورەکانی بیر دەچێتەوە. کاتێک کەزی ئێوە تیرێژ دەبەخشێت، هەموو مرۆڤێک خۆشەویستی لە دەرووندا سەوز دەبێت. کەزیی ئێوە سەرچاوەی خۆشەویستییە. گەورەییش ئەوەیە خۆشیان بوێیت نەک لێت بترسن.
نووسەری کورد، هونەرمەندی کورد، دیپلۆماسی کورد دەبێت ئیدی بە دەنگی بڵند قسە بکەن، شەرمنۆکانە نا، بە دەنگی پڕ باوەڕ و دڵنیاوە سەبارەت بە کورد و دۆزەی نەتەوەکەیان قسە بۆ ئەوانی دیکە بکەن، چونکە ئیدی ئێوە ژنی کورد، کەزی ژنی کورد، یەکگرتوویی کورد و دەنگی چیای یەکبوونی نەتەوەکەتان لە پشتە. سەرباری هەموو هەوڵێکی تواندنەوە و پەراوێزخستن، دنیا نەتەوەیەک دەبینێت کە چەند زیندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ