دۆخی ئابووریی ئێران و دانوستاندنەکانی رۆژی پێنجشەممەی جنێڤ

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
عومەر ئەحمەد
A+ A-
 
بەراوردێکی نوێی ئەندامێکی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای کاری ئێران دەریدەخات بە تەنیا دابینکردنی خۆراکی یەک مانگ بۆ خێزانێکی ئێرانی 25 ملیۆن تمەنی تێدەچێت و، کۆی خەرجییەکانی ژیانی یەک مانگیش زیاتر لە 65 ملیۆن تمەنی پێویستە. ئەمە لە کاتێکدایە کەمترین مووچە لە ئێران نزیکەی 14 ملیۆن تمەنە. بەوپێیەش مووچەی ئێستای کرێکاران تەنیا دەتوانێت 21٪ـی خەرجیی مانگانە دابین بکات. واتە مووچەی مانگانە تەنیا بەشی گوزەرانی هەفتەیەک دەکات.
 
رەوشی ئابووری ئێران لە دوای پاشەکشەی ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی لە 2018 و گەڕانەوەی بەردەوامی گەمارۆ تووندە ئابوورییەکانی ئەمریکا، بەرەو سستبوونەوە ئاراستەی گۆڕرا. گەڕانەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەست بە رێککەوتنی ئەتۆمی ئەو وڵاتەش لە مانگی 8 ـی ساڵی رابردوودا ئابووری ئێرانی بەرەو داڕمانی ئابووری پاڵپێوەنا.
 
لەبەر ئەوەیە دانوستاندنەکانی رۆژی پێنجشەممەی نێوان ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ و جارید کوشنەر، زاواکەی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە جنێڤ بۆ ئێران چارەنووسسازە. هەرچەشنە پێشکەوتنێک لە دانوستاندنەکان و بەردەوامی گفتوگۆکان دەتوانێت سێبەری شەڕ لە ئێڕان دووربکاتەوە و رێگە بۆ رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی خۆش بکات کە سەرئەنجام ئابووری ئێران لە قەیرانەوە بۆ هەناسە هەڵکشێان و بووژانەوە دەبات.
 
میدیا ئەمریکییەکان دەڵێن، ئێران ئامادەی سازشی زیاترە و رەنگە بە وەستانی کاتیی پیتاندنی یۆرانیۆم رازی بێت، بەمەرجێک دان بەو مافەی دابنرێت لە داهاتوودا بتوانێت بەشێوازی سنووردار و بە مەبەستی شارستانی، بە رێژەیەکی کەم دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بکاتەوە. عێراقچی و بەرپرسانی دیکەی ئێران بە گەشبینییەوە باس لەوە دەکەن رێککەوتنی ئەم جارە تەنانەت لە رێککەوتنی پێشتری ئەتۆمیی ئێران باشتر دەبێت. ترەمپ خۆی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی رەتکردووەتەوە کە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کارێکی سەخت بێت و دەڵێت بە ئاسانی دەیبەنەوە، بەڵام هێشتا پێی باشە لەگەڵ ئێران رێکبکەون.
 
رەوشی ئێستای ئابووری ئێران تێکەڵەیەکە لە هەڵاوسانی زۆر بەرز و کورتهێنانی قورسی بودجە  کە گوشارێکی تووندی لەسەر بەهای دراوی نیشتمانی و بازاڕە داراییەکانی ئەو وڵاتە دروستکردووە. نرخی تاک فرۆشی، ئەوەی کە هاووڵاتی هەستی پێدەکات لە ماوەی یەک ساڵدا بە رێژەی نزیکەی 60٪ بەرزبووەتەوە. دوایین ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بە بەرزبوونەوەی نرخی کۆفرۆشی بۆ 54٪ دەکەن. ناوەندی فەرمی ئاماری ئێران دەڵێت نرخی مادە خۆراکییەکان 90٪ بەرزبوونەتەوە. واتە ئەم ساڵ ئەو 25 ملیۆن تمەنەی کە خێزانێکی ئێرانی مانگانە پێویستە خەرجی بکات بۆ دابینکردنی خۆراک، ساڵێک لەمەوبەر 14.7 ملیۆن تمەن بووە.
 
هەفتەی رابردوو تمەن زیاتر شکا بەرامبەر دۆلار، بەهای دۆلار بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 165 هەزار تمەن. ئەم هەفتەیە دوای لێدوانی بەرپرسانی ئێران لەسەر ئەگەری رێککەوتن، نرخی دۆلار دابەزیوە بۆ نزیکەی 162 هەزار تمەن. پێشبینی دەکرێت هەرجۆرە بەردەوامییەکی دانوستاندنەکان و رێککەوتنی سەرەتایی، نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن بە خێرایی دابەزێنێت. لە ماوەی یەک مانگ دا بۆرسەی ئێران یەک لەسەر پێنج (20٪)ـی بەهای خۆی لەدەستداوە و، بازرگانان بە وردی چاودێری دانوستاندنەکانی رۆژی پێنجشەممەی جنێڤ دەکەن.
 
لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتووی هەتاوی ئێران دا، نرخی نەوت بە 70 تاوەکو 75 دۆلار مەزەندەکراوە و وادانراوە رۆژانە لە نێوان 1.5 تاوەکو 1.7 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە لەبەر گوشارەکانی ئەمریکا ئێران نەوتەکەی بە نزیکەی 12 تاوەکو 15 دۆلار کەمتر دەفرۆشێت. ئەگەر دانوستاندنەکانی جنێڤ نەگاتە ئەنجام لەوانەیە تێچووی گواستنەوەی نەوتی ئێران تاوەکو 30٪ بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت. قەبارەی بودجەی گشتی ئێران کە نزیکەی 73 ملیار دۆلارە، 18٪ کورتهێنانی هەیە. ئەگەر ئێران لە جنێڤ لەگەڵ ئەمریکا رێکنەکەوێت، پێشبینیدەکرێت هەناردەی نەوتی ئێران لە ساڵی داهاتووی هەتاوییەوە دابەزێت بۆ نزیکەی 1 ملیۆن بەرمیل. کورتهێنانی بودجەش بەرزدەبێتەوە بۆ نزیکەی 35٪ـی بودجەی گشتی. لەم کاتەدا بانکی ناوەندیی ئێران ناچارە بۆ قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی بودجە، پاری زیاتر چاپ بکات کە دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن،  بۆ زیاتر لە 170 هەزار تمەن و تەنانەت نزیکەی 200 هەزار تمەنیش. بەپێچەوانەوە ئەگەر دانوستاندنەکانی رۆژی پێنجشەممە ئەرێنی بن، ئەگەری دابەزینی بەهای دۆلار بۆ نزیکەی 150 هەزار تمەن هەیە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عارف قوربانى

خولى شەشەمى پەرلەمان، شەرمەزارى ناو مێژوو

لە گەرمەى شەڕى ناوخۆى پارتى و یەکێتیى، لەکاتێکدا رۆژانە چەندین کەسیان لەیەکترى دەکوشت، ژمارەیەکى زۆر لە پەرلەمانتارانەى ئەو دوو حیزبە، پێچەوانەى بڕیارى سیاسى حیزبەکانیان لە ناو پەرلەمانى کوردستان مانیان گرت لە دژى شەڕى ناوخۆ. بەگژ ئەو بانگەوازەى سەرکردەکانى خۆیاندا دەچوونەوە کە ئاویان دەکردە ئاشى کورد کوژییەوە. بەڵام ئەمڕۆ لەناو سەت ئەندامى پەرلەمان گوێبیستى دەنگى تەنها یەک پەرلەمانتاریش نەبووین پێچەوانەى بڕیارى حیزبەکەى بێت کە بڕیارى پێشوەختەیان هەیە بۆ نەچوونە پەرلەمان، ئەم لەبەر خاترى رۆژئاواى کوردستان و لەبەر ئەو هەڕەشە و مەترسییانەى لەسەر نەتەوەکەى هەبوون، لانى کەم هەر بچێتە حەوشەى پەرلەمان و هیچ نا هەر تەنها داواى کۆبونەوەیەک بکات.