شانازییە بۆ من لە ساڵی 2011ـەوە سلێمانی بە ماڵی خۆم دەزانم. یەکەم رۆژی وانەگوتنەوەم لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی هەر دەڵێی دوێنێ بوو، بەڵام پانزە ساڵ تێپەڕیوە. یەکەم کۆمەڵەی قوتابییەکانم ئێستا لە پیشە سەرنجڕاکێشەکانی خۆیاندان، هەندێکیان وەک هاوکارم کار دەکەن، هەندێکیان ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە و هەندێکی دیکەیان منداڵی جوانیان هەیە. لە یەکەم چاوپێکەوتنمدا بۆ بوونە ئەندامی فاکەڵتی، یەکێک لە کارمەندەکان ئاماژەی بەوەدا کە سلێمانی شەقامەکانی بەناوی شاعیرانەوە ناوناوە. لە دڵی خۆم دا گوتم: "ئەوە هەموو شتێکە کە پێویستە بیزانم. ئەمە ئەو شوێنەیە کە دەبێت لێی بم". شارەکە لە ئاستی هەموو چاوەڕوانییەک دا بوو کە هەمبوو، بگرە زیاتریش.
لە هەفتەکانی سەرەتادا (شێرکۆ بێکەس)م لە نووسینگەکەی لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بینی. چاکەتێکی سپی لەبەربوو و ملپێچێکی سوور لە ملی بوو، جگەرەی بە جگەرەوە دادەگیرساند، نووکتەی لە دوای نووکتە دەگێڕایەوە و هەمووان بە جۆرێک لە جۆرەکان رژد بوون. ئەمە سرووشتی کوردە: نووکتەکردن و قسەکردنیشی بەوپەڕی رژدییەوەیە لە هەمان کات دا. کاتێک چەند هەفتەیەک دواتر لە زانکۆ میوانداریمان کرد بۆ کۆڕێکی شیعری، بە جۆرێک شیعرەکانی دەخوێندەوە وەک ئەوەی شێر بێت: دەینەڕاند و دەهات و دەچوو، لەگەڵ تەواوبوونی هەر شیعرێک دا لاپەڕەکانی لەسەر ستەیجەکەوە فڕێدەدان. من هەمیشە خەونم بە حەماسەتی ئاگرینی وەهاوە بۆ ئەدەب دەبینی. بینینی ئەو دیمەنە لە نزیکەوە سەرسام و دڵخۆشی کردم.
چەند هەفتەیەک دوای نمایشەکەی شێرکۆ، بەشداریم لە کۆڕێکی شیعریی (عەبدوڵڵا پەشێو)دا کرد لە زانکۆی سلێمانی. سێ کوڕ لەسەر یەک کورسی دانیشتبوون: یەکێکیان لەسەر کورسییەکە و دوو هاوڕێشی هەریەکەیان لەسەر ئەژنۆیەکی. کچەکان بە شێوەیەکی تێکەڵاو و پەرشوبڵاو، وەک چڵی گوڵی بۆنخۆش، بە تێکەڵی دانیشتبوون. لە هۆڵێکدا کە بۆ چەند سەت کەسێک دروستکرابوو، بەڵام لانیکەم هەزار کەس ئامادەبوون. ئامادەبووان هەموو ئەو شیعرانەیان لەبەربوو کە پەشێو دەیخوێندنەوە. لە شوێنێک، عەبدوڵڵا پەشێو بە گاڵتەوە بە گەنجێکی بەردەمی خۆی گوت: "وەرە سەرەوە، هاوڕێم. وەرە جێگەی من، ریشە سپییەکەی خۆمت پێدەدەم تۆ شیعرەکان بخوێنەوە و منیش پشوویەک دەدەم!" ئەو هەستی هاوڕێیەتی و شانازی و خاوەندارێتییەی کە ئامادەبووان لەگەڵ شاعیرەکەدا هەیانبوو، شتێک بوو کە من وەک شاعیرێکی ئەمریکی تەنیا خەونم پێوە دەبینی.
لە زێدی من، شیعر بووەتە شتێکی دەگمەن و تایبەت بە دەستەبژێرێک. خوێنەران زۆرجار ئەوەندە لێی دەترسن کە تەنانەت ناوێرن لە دەقەکەش نزیک ببنەوە. رێزگرتن لە هونەرێکی ورد و ئاڵۆز شێوێندراوە و بووەتە شتێکی خەمناک. شاعیرانی ئەمریکی رووی دەمیان لە کێیە؟ چیدیکە ئەوە روون نییە. شاعیرانی کورد رووی دەمیان لە کێیە؟ زۆر بەجوانی روونە؛ لە جەماوەری کوردە. جەماوەری کوردیش گوێ دەگرێت.
ئەمە گوزارشتێکی جادووییە؛ ئەمە شارێکە خوێنەرەکانی تامەزرۆی وشەی شاعیرەکانیانن. شارێکە شاعیرەکانی دەزانن رووی قسەیان لە کێیە و متمانەیان بە خوێنەرەکانیانە کە چاوەڕێیانن، تەنانەت گوێ لە بێدەنگییەکەشیان دەگرن. ئەم پەیوەندییە چەند بەنرخە و وەک چۆن عەبدوڵڵا خۆی پێیگوتم، ناسکە.
ئەگەر کوردستان شتێکی فێرکردبم، ئەوەیە کە لەو شوێنەی ئێمە ناسکی دەبینین، بە گۆڕانێکی دیدگەمان، دەتوانین خۆڕاگری ببینین.
بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەدەبیاتی کوردی بکرێت، پێویستە کار بۆ پاراستنی بکرێت. ئێمە لە ناوەندی کەشکۆڵ ( سەنتەری هونەر و کولتوور لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی) دەڵێین: "داهێنان بەبێ پاراستن فەرامۆشکردنە؛ پاراستنیش بەبێ داهێنان مۆمیاکردنە". کەشکۆڵ باوەڕی وایە کە ئەرکی سەرەکی هاوکاریکردن و بەهێزکردنی هەوڵەکانی پارێزەرانی دڵسۆزی کەلەپووری ناوچەکەیە، کەسانی وەک رەفیق و سدیق ساڵح هەن کە دوو کەسن لە دامەزرێنەرانی دەزگای ئەرشیفی ژین؛ هەروەها شێخ محەممەد عەلی قەرەداخی هەیە. لە ماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا، ئەم کەسایەتییانە مامۆستای من بوون. شێخ محەممەد عەلی قەرەداخی وشەی (کەشکۆڵ) و مێژووەکەی فێرکردم. هەر لەوەوە و لە توێژینەوە و نووسینە بەنرخەکانی ئەوەوە، سرووشمان بۆ ناوی رێکخراوەکەمان وەرگرت.
دەکرێ کەشکۆڵی فیزیکی، وێنەی مرۆڤی سادە و هەژار بێ، بەڵام کەشکۆڵە مەجازییەکە، ئەو دەفتەرانەی کە زانایان و رۆشنبیران هەڵیان دەگرت، دەکرێ هەموو ئەو شتانە کۆبکاتەوە کە مرۆڤی سادە بۆ گەشەسەندنی خەیاڵی پێویستی پێیبووە.کاتێک ئیمپراتۆرییەکانی فارس و عوسمانی لە سەدەی نۆزدەیەم دا کوردیان لەنێو خاکی باوباپیرانی خۆی دوورخستەوە و "بوون"، وەک نالی دەڵێت، بووە "نەبوون"، رۆشنبیران و هونەرمەندان لەنێو کەشکۆڵەکانیاندا "ماڵ"ێکیان بۆ خۆیان دروستکرد کە کەس نەیدەتوانی لێیان بسەنێتەوە، کەس نەیدەتوانی دەستدرێژیی بکاتە سەر، دەکرا بە شێوەیەکی بێسنوور دروستبکرێت، سەرلەنوێ دروستبکرێتەوە و بڵاوبکرێتەوە. هەستێک بوو بە ماڵ کە دەکرا تەنانەت لە تاراوگەش، تەنانەت شانبەشانی دڵشکانی و نائومێدی، بوونی هەبێت.
نائومێدی یەکێک بوو لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ژیانی کورد لە سەدەی نۆزدەهەم دا. لە کتێبی (دوورخستنەوە گەیشتنە) کە ئەنتۆلۆژیایەکی شیعری سۆرانیی سەدەی نۆزدەیەمە و لەگەڵ هاوکاری ئازیزم شنە محەممەد ئامادەمان کردووە، (کوردی)ی شاعیر دەنووسێت: "ئەمشەو شەوی یەڵدایە یا دەیجوورە ئەمشەو؟ دیدەم دوور لە تۆ بێنوورە ئەمشەو". شاعیر گلەیی ئەوە دەکات کە "لە نێوان زیندان و ئاش دا دەژی". نالیش لەگەڵیدا هاودەردە و دەڵێت: "هەمووی سووتا... هیچ شتێک نەماوەتەوە جگە لە گۆشەی نزاکردن و ئارامگرتن". بەڵام، بەهۆی کاریگەریی بەرفراوانی سۆفیگەری لەسەر ئەدەبی کوردی، شاعیرانی کورد تەنانەت نائومێدیش دەگۆڕن بۆ هێزێکی داهێنەرانە. ژیان لە ئارەزوویەکی بێ کۆتاییدا، لە "ئەگەر"ێکی هەمیشەییدا، وادەکات شاعیران رێگەمان پێبدەن هەموومان لە یەکبوون و روونیدا بژین. سالم سەبارەت بە خۆشەویستەکەی، کە دەکرێت زەوینی یان خودایی بێت، بیرۆکەیەک یان نەتەوەیەک بێت، دەنووسێت: "هەتا زیندووم دەچێنم توخمی هەر خارێ لە دڵ بەڵکەم/ کە بێی بۆ سەر مەزارم دامەنت بگرن ئەگەر مردم". ژیانی کورد ژیانێکی پڕ لە ناڕەحەتی و دژبەرییە و توانای کورد بۆ پاراستنی ئەوانە لەنێو جەستەدا کە سنووردارە، دەتوانێت رێگەی داهاتوومان پیشان بدات. ئایا ئەوە توانایە؟ یان بژاردەیە؟ بژاردەیەک کە خەڵک لە بوارەکانی داهێنان و پاراستن دا هەموو رۆژێک، هەندێکجار چەندین جار لە رۆژێکدا دەیکەن؟
(ئەرشیفی ژین) لە نێوەڕاستی شاری سلێمانی، ئێستا شوێنێکی تەواوی شارەکەی گرتووە، بەڵام بۆ دووان لە دامەزرێنەرانی ئەرشیفەکە، رەفیق و سدیق ساڵح، ئەمە یەکەم کتێبخانەیان نییە، بەڵکو سێیەمە. لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا کە لەگەڵ پارێزەرانی کەلەپوور لە سەرانسەری عێراق کارم کردووە، هەڤپەیڤینم لەگەڵ کردوون، کە هەموویان بەمزووانە لە کتێبە نوێیەکەمدا بە ناوی (پاراستن لەژێر ئاگردا) بۆ خوێنەران بەردەست دەبن. کاتێک هەڤپەیڤینم لەگەڵ رەفیق، سدیق و بەڕێوەبەرایەتیی ژین کرد، گوێم لێبوو کە چۆن لە کاتی دروستکردنی هەر کتێبخانەیەکدا، ترس هاوڕێی بەردەوامیان بووە. رژێمی بەعس زۆر کاری دەکرد بۆ سڕینەوەی کەمینە جیاوازەکان لە تۆمارەکان و لە جوگرافیاکەیان کە بێگومان کوردیشی تێدابوو. بوێریی یادکردنەوەی کورد خۆی لە خۆیدا یاخیبوونێک بوو. رەفیق دەڵێت: "هەڵگرتنی چەک تەنیا رێگە نییە بۆ خزمەتکردنی نەتەوەیەک". کاتێک رەفیق و سدیق چیرۆکی سووتانی یەکەم و دووەم کتێبخانەکەیان بۆ گێڕامەوە، روون بوو کە بە ئاشکرا خەمی خۆیان هەڵگرتبوو و هەر بەو ئاشکراییەش بێ هیواییان رەتکردەوە. ئەوان دەزانن بەشێکی دانەبڕاوی کارەکەمان ئەوەیە بوێریی ئەوەمان هەبێت بەردەوام سەرلەنوێ دەستپێبکەینەوە.
ئەم چیرۆکانەی کورد، چیرۆکی مرۆڤایەتیی جیهانی روونتر دەکەنەوە.
هەندێک سات هەن کە تێیاندا ئێمە، وەک کوردی دەنووسێت، ناتوانین دۆخی خۆمان روونبکەینەوە، کاتێک وەک کوردی گلەیی دەکات و ئاهەنگ دەگێڕێ، خۆشەویستی زۆر بە قورسی پاڵمان پێوە دەنێت بۆ خزمەتکردن. لەو ساتانەدا، تەنیا دەتوانین بانگهێشتەکەی کوردی قبووڵ بکەین بۆ ئەوەی "چاو و گوێمان بکەینەوە، بەدوای رێگەدا بگەڕێین، بەرەو وەڕینی سەگەکان یان بریسکەی ئاگرێک". تەنیا دەتوانین، وەک نالی پێمان دەڵێت، "بەردەوام بین لە رۆیشتن بە رێڕەوە تاریکەکەی مانەوەدا" و خۆمان بکەینە "قوتابیانی مانا".
* ئالانا ماری لێڤنسۆن – لابرۆسێ ، شاعیرێکی ئەمریکییە و مامۆستایە لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی AIUS.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ