کۆڕەوی رۆژئاوا بۆ زامنکردنی ناوچەى ئارام

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
عارف قوربانی
عارف قوربانی
A+ A-
 
هیچ رووداوێک بە تەنیا بریتى نییە لەوەى لێمانەوە دیارە. تەنانەت هەندێکجار ئەو ئەنجامەش کە لە رووداوەکەوە دەکەوێتەوە، مەرج نییە ئامانجە راستەقینەکەبێت. ئەشێ وەک داشى شەترەنج جووڵەبن بۆ ئامانجى داهاتوویەکى دوورتر، یان ئامانجێکى نادیار. ئەوەى لە سووریا دەگوزەرێت هێشتا زووە بە تەواوى تێبگەین سیاسەتى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و دەزگا هەواڵگرییەکان چى بوو لەوەى ریشى جۆلانییان کورتکردەوە و لە لیستى تیرۆرى نێودەوڵەتى دەریانهێنا، فەرشى سووریان بۆ راخست و دەرگەى کۆشکى پاشاو سوڵتانەکانیان بۆ خستە سەر پشت. ئێمە نازانین ئەوانەى لە پشتەوە جیهان بەڕێوەدەبەن، چى کارێکیان بە گرووپە تیرۆریستییەکانى ناو تەحریر شام سپاردووە، بەڵام ئەوەى بەچاوى سەر دەیبینین و پەیوەندى بە ئێمەى کوردەوە هەیە، لە رۆژئاواى کوردستانەوە رووبەڕوومان بووەتەوە، بۆ ئێمە شەڕى مان و نەمانە. 
 
لە رابردوودا هەرچى شەڕێکمان بردبێتەوە یان دۆڕابین، هیچیان بە ئەندازەى ئێستا یەکلاکەرەوە و چارەنووسساز نین بۆ ئێستای گەلەکەمان و داهاتووى نەوەکانمان، چونکە هەلومەرجى ئێستا زۆر جیاوازە لە رابردوو، هەروەها ئەگەر و پێشهاتەکانى داهاتووش جیاوازترن لە رووداوەکانى پێشووتر. هەڕەشە و دووژمنایەتییەکەش زۆر مەترسیدارترە. بۆیە دەڵێمەوە شەڕى مان و نەمانە. کورد بۆ ئەوەى لە نیشتمانى خۆى بمێنێتەوە، دەبێت ئەم شەڕە بباتەوە. بردنەوەى شەڕیش تەنیا مەحکووم نییە بەوەى لە سەنگەردا بیبەیتەوە، جارى وایە هێزێک لە مەیداندا جەنگەکە دەباتەوە، بەڵام لە گفتوگۆى سەر مێزى دانوستاندن دەیدۆڕێنێت. کورد زۆر جار ئەمەى بەسەر هاتووە. بۆیە پێویستە بەدواى رێگە و ئامراز و کەناڵى جۆراوجۆردا بگەڕێین بۆ ئەوەى ئەنجامەکەى بۆ ئێمە بردنەوەبێت، ئەگەر لە مەیدانیشدا سەرنەکەوتین.
 
ئەزموونێکى پێشووترمان هەیە لە باشوورى کوردستان، هەرچەندە ئەوەیان بە پلان و لە هۆشیارییەکى سیاسییەوە نەبوو ئەوەندەى دەرئەنجامى ترسى خەڵک بوو لە مردن، بەڵام ئەنجامەکەى وەک سەرکەوتن بۆمان مایەوە. ساڵى 1991 کورد لە دواى شکستى ئەنفال و هەڵەبجەوە دەرفەتى راپەڕین و رزگارکردنى بەشێکى زۆرى جوگرافیاکەى بۆ رەخسا، بەڵام نەیتوانى بیپارێزێت و زوو لە دەستى دایەوە، بەڵام بەهۆى ئەوەى لە هێرشى پێچەوانەى سوپاکەى سەدامدا بۆ سەر کوردستان، خەڵکى کوردستان لە ترسى سەرلەنوێ دووبارەبوونەوەى ئەنفالێکى دیکە و لە ترسى چەکى کیمیایى پەنایان بردە بەر هەڵاتن، راکردنى خەڵک بووە کۆڕەوێکى یەک ملیۆنى. جیهان بەهۆى ئەو کۆڕەوەوە لە کێشەى کورد بە ئاگا هاتەوە، دەرئەنجامەکەى بریتى بوو لەوەى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى بڕیاریدا ناوچەیەکى ئارام و پارێزراو بۆ کورد لە عێراق دروست بکات. ئەمەى ئەمڕۆ وەک تاکە قەوارەیەکى نیمچە سەربەخۆى کوردى لە باشوور هەیە و بووە بە قەڵایەک بۆ کوردى هەموو بەشەکانى دیکەى کوردستان، بەرهەمى ئەو کۆڕەوە ملیۆنییەى گەلى کوردستان بوو.
 
ئەوەى باشوور وەک قەدەرێک دەرئەنجامى رێککەوتێکى سیاسى بوو، بەڵام دەتواندرێت ئێستا بۆ رۆژئاواى کوردستان وەک بەرنامە و لە وشیارییەکى سیاسییەوە دووبارەى بکەینەوە، چونکە لە ئەگەرى تێکچوونى ئەو ئاگربەستەى ئێستا لەنێوان سوپاى عەرەبیی سووریا و هێزە کوردییەکانى رۆژئاواى کوردستان هەیە، روونە کە سوپا رەفتار داعشییەکانى سووریا هێرشى چڕ دەکەنە سەر رۆژئاواى کوردستان. وەک کورد هیچ رێگەیەک لەبەردەممان نییە جگە لە بەرگریکردن. لەبەر ئەوەى سرووشتى ناوچەکە بەجۆرێکە یارمەتیدەر نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەى شەڕى بەرەیى، بۆیە رەنگە نەتواندرێت بۆ ماوەیەکى زۆر شەڕى بەرەیى بەردەوام بێت، بەتایبەتیش کە هێزەکە نابەرانبەرە، دۆخى دەروونى کوردیش بەهۆى جۆرێک لە پشتتێکردن و خیانەتى دۆستە رۆژئاواییەکانییەوە بریندارە. کەواتە پێویستە وابکرێت ئەگەر شەڕیش روویدا، زۆر نەخایێنێت. پرسیارى گرنگ لێرەدا ئەوەیە، چۆن دەتواندرێت وابکرێت کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بێتە نێوانەوە و نەهێڵن شەڕ درێژە بکێشێت؟ بەتایبەتى کە ئێستا هەست بەوە دەکرێت بەشێک لە زلهێزەکانى جیهان کە نازاندرێت بۆچى ئامانجێکە، پشتى رژێمە تیرۆریستییەکەى دوێنێى تەحریر شام دەگرن لە دژى کورد. لە مەیداندا هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانەکان کە پێشتر بەهۆى شەڕى داعشەوە لە سنوورى نفوز و دەسەڵاتى هێزە کوردییەکاندا بوون لە رۆژئاواى کوردستان، خەریکى کشانەوەن و گۆڕەپانەکە جێدەهێڵن، لە لێدوان و هەڵوێستى وڵاتەکانیشیاندا هەست بە سیاسەتى دەستبەرداربوونى کورد دەکرێت. خاڵى گرنگ ئەوەیە چۆن بتوانین ئەمە پێچەوانە بکەینەوە.
 
ئەوەى لێرەدا کورد دەتوانێت کەڵکى لێوەربگرێت ئەوەیە کە راى گشتى وڵاتانى رۆژئاوا زۆرجار کاریگەرى هەبووە لەسەر گۆڕینى بڕیار و سیاسەت و تەنانەت ستراتیژى وڵاتەکەش. لەناو ناوەندە سیاسییەکانى ئەورووپا و ئەمریکا هێشتا کەسانێک هەن پشتیوانى کورد دەکەن و نیگەرانن لە سیاسەتى دەسەڵاتدارانى خۆیان. ئەمە بە زەقى لە کۆنگرێسى ئەمریکا و لە فەرەنسا و بەشێک لە وڵاتانى دیکەى ئەورووپا دەبیندرێت. لەناو راى گشتى وڵاتە رۆژئاواییەکان و ئەمریکاشدا هاوسۆزییەکى زۆر بۆ کورد هەیە. بەتایبەتیش بۆ رۆژئاواى کوردستان. هێشتا وێناى سیمبووڵی ئەو کچ و کوڕە شەڕڤانانە وەک هێزى داعش بەزێن لەپێشچاوى خەڵک کاڵنەبووەتەوە. بۆیە ئەگەر ئەوەى لەسەر ئەرزى واقیع هەیە لە رۆژئاواى کوردستان، هەروەها ئەوەى سەرکردە و سیاسییەکانى ئەمریکا و ئەورووپا لە پشتى پەردەوە وەک پیلانگێڕێیەک لە دژى کورد کردوویانە، کورد بتوانێت بیخاتە بەردەم راى گشتى وڵاتەکانیان، زۆر شت بە بەرژەوەندیی کورد دەگۆڕێت. 
 
کورد چۆن وابکات بەو کتوپڕییە جیهان بە ئاگابێنێتەوە، بە بۆچوونى من پێویستى بە ئەنجامدانى شۆکێکە تاوەکو راى گشتى جیهانى بزانن چى بەسەر کورد دەهێندرێت. باشترین شتێکیش کە بتوانێت ئێستا بیکات و لە چەند روویەکەوە سودى لێببینێت، ئەوەیە بە پلانێکى ورد هەڵمەتێکى میدیاى دەستپێبکات بۆ گواستنەوەى دیمەنى رەفتارى داعشئاساى هێزەکانى ئەحمەد شەرع و بەدوایدا بیر لە ئەنجامدانى کۆڕەوێک بکاتەوە. یەکەم لەبەرئەوەى ئەگەر شەڕ رووبەڕوومان کرایەوە، سرووشتى ناوچەکە وایە دەبێت لەناو شاردا شەڕى بەرەى بکەین. جا بۆ ئەوەى خەڵکێکى زۆر بە کوشت نەچن و حەسەکە و قامشلۆ و کۆبانێ بەدەردى غەززە نەبرێن، باش وایە تەنیا چەکدار لە شارەکان بمێننەوە تاوەکو بتوانن بەرگرى بکەن. 
 
دووەم بۆ ئەوەى دەرچوونى خەڵکیش کاردانەوەى هەبێت لە بە ئاگاهێنانەوەى وڵاتانى رۆژئاوا و هەست و سۆزى کۆمەڵگەى نێوودەوڵەتى بجوڵێنێت، لە هەمانکاتدا ببێتە کارتێک بەسەر نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، باش وایە لەگەڵ دەستپێکى هێرش و پەلامارى سوپادا خەڵک هانبدرێن پێکەوە رەوبکەن بەرەو هەرێمى کوردستان و میدیاى جیهان بانگهێشت بکرێن بۆ گواستنەوەى دیمەنى مەینەتییەکانى خەڵک. هەرێمى کوردستان دەتوانێت دەرگەى جیهان بەڕووى ئازار و مەینەتى ئەو خەڵکە راکردووەدا بکاتەوە و جیهان تووشى شۆک بکات. لە خراپترین حاڵەتدا ئەگەر کۆڕەو هیچ سوودى دیکەشى نەبێت، ئەو سوودە گەورەیەى هەیە وادەکات ژن و منداڵى کورد نەکەونە بەردەستى ئەو دڕندانەى نێو سوپاى سووریا و کیژى کورد نەکرێتەوە بە کەنیزەک. شەڕڤانەکانیش دەتوانن باشتر بەرگرى بکەن ئەگەر شارەکان چۆڵبن وەک لەوەى خێزانەکانیان لەگەڵ بێت. بەتایبەتیش کە حەماسێکى زۆر لەنێو گەنجانى هەموو بەشەکانى کوردستانەوە هەیە بۆ رۆیشتن بۆ رۆژئاوا و بەرگریکردن، کەواتە ناوچەکە وەک مەیدانى جەنگ بمێنێتەوە، لە دۆخ و جوگرافیایەکى وادا کورد باشتر دەتوانێت بەرگرى بکات. هەرچەندە باوەڕم وایە کارێکى لەو جۆرە بێکاریگەرى نابێت، کاردانەوە و لێکەوتەکانى بەجۆرێک دەبن کە ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى ناچار بن بڕیار لەسەر دروستکردنى ناوچەى ئارام و پارێزراو بۆ کورد بدەن لە رۆژئاواى کوردستان وەک چۆن لە ساڵى 1991 لە ئەنجامى کۆڕەوى یەک ملیۆنى خەڵکى باشوور لە هەرێمى کوردستان ناوچەى ئارام و پارێزراویان دروستکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژیڤان بەکر

کورد و ئەوانی دیکە

کاتێک عەرەبێک یان تورکێک دەست بە نەتەوەکەیەوە دەگرێت (تەنانەت ئەگەر وەک دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی حیزبێکی نەتەوەپەرستیش بێت)، دەبێتە پاڵەوانێکی نیشتمانی و مرۆڤدۆست، بەڵام کاتێک کوردێک دەست بە کوردبوونی خۆیەوە دەگرێت، تۆمەتباری دەکەن بە رەگەزپەرست و جوداخواز!