راستی تاڵ یان دڵخۆشیی درۆینە؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
فەرمان ساڵح
A+ A-
 
لە فەرهەنگی سیاسی و کۆمەڵناسیی نوێ دا، میدیا تەنیا ئامرازێک نییە بۆ گواستنەوەی زانیاری، بەڵکو وەک چاودێر و پاسەوان ناوی دێت. ئەم چەمکە لە جیهانی رۆژنامەگەریی پرۆفیشناڵ دا بە واتای ئەوە دێت کە ئەرکی میدیایە چاودێریی وردی دەسەڵاتەکان، بازاڕ و دامەزراوەکان بکات بۆ رێگریکردن لە هەر لادانێک کە زیان بە بەرژەوەندیی گشتی دەگەیێنێت. کاتێک دامەزراوەیەکی میدیایی وەک تۆڕی میدیایی رووداو دۆسیەی "کوالێتی کۆنترۆڵ و دەرمانی ساختە و خراپی بەرهەمە خۆراکییەکان" دەکاتەوە، دژایەتی هیچ کەسێک ناکات، بەڵکو پەیڕەوی بەرزترین ستانداردی پیشەیی دەکات کە لە جیهان دا جێبەجێ دەکرێت.
 
لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی وەک ئەمریکا و ئەورووپا، گەورەترین شانازیی میدیاکان ئەوکاتەیە کە دەتوانن لە رێگەی رۆژنامەگەریی بنکۆڵکارییەوە پەردە لەسەر گەندەڵی لە کەرتی دەرمان یان خۆراک لابدەن. بۆ نموونە، کاتێک رۆژنامەی (واشنتن پۆست) یان (نیویۆرک تایمز) لێکۆڵینەوە لەسەر کۆمپانیایەکی گەورەی دەرمان دەکەن کە کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانەکەی شاردووەتەوە، نەک هەر بە دژە بەرژەوەندی خەڵک ناوزەد ناکرێن، بەڵکو خەڵاتی گەورەی میدیاییان پێدەبەخشرێت. میدیا بەوشێوەیە کاری خۆی دەکات، بە پاراستنی ژیانی خەڵک و ئاشکراکردنی راستییەکان.
 
بەدواداچوون و نیشاندانی دیمەنە شاراوەکانی دەروازە سنوورییەکان و قاچاخچێتی هێنانی دەرمان و کاڵای ساختە و نەبوونی کوالێتی کۆنترۆڵ، هەمان ئەو رێچکە زانستی و پیشەییەیە کە میدیا بەنێوبانگە جیهانییەکان پەیڕەوی دەکەن. ئامانج رووخاندنی کەرتی بازرگانی نییە، بەڵکو ناچارکردنی دامەزراوەکانە بۆ پەیڕەوکردنی ستانداردەکان و هەبوونی بازرگانییەکی بێ ساختەیە.
 
کاتێک باس لە خراپی کوالێتی کۆنترۆڵ دەکرێت، تەنیا باس لە کاڵایەک ناکەین کە رەنگی تێکچووە، بەڵکو باس لە "ماددەی ژەهراوی" و "دەرمانی قەدەخەکراو" و "دەرمانی بێ کاریگەر" دەکەین کە دەچێتە ناو خوێنی منداڵەکانمانەوە. هاتنی دەرمانی ساختە لە دەروازەکان ئەنجامەکەی بریتییە لە زیادبوونی رێژەی مردنی لەناکاو ، زۆربوونی شێرپەنجە، پەککەوتنی گورچیلە و جگەر بەهۆی ماددە کیمیاییە زیانبەخشەکان و بێ ئومێدبوونی نەخۆش لە وەرگرتنی چارەسەر و درێژەخایەنبوونی ئازارەکانی .
 
میدیا کاتێک ئەم راستییانە دەخاتەڕوو، وەک ئامێرێکی هۆشیارکردنەوەیە. ئەگەر میدیا باسی مەترسییەکانی ئەو خۆراک و دەرمانانە نەکات، کێ هاونیشتمانی ئاگادار بکاتەوە؟ ئایا بێدەنگبوون لە ئاست ئەم کارەساتە مرۆییە، خیانەت نییە لە ئەخلاقی پیشەیی؟
 
هەمیشە لە پشت هەر هاوارێکی ناڕەزایی دژی میدیا، بەرژەوەندییەکی دارایی یان سیاسی هەیە. بۆیە ئەوانەی پێیان ناخۆشە رووداو باسی کوالێتی کۆنترۆڵ بکات، چەند گرووپێکن، بەشێکیان ئەوانەن قازانجی خۆیان لە ژیانی هاونیشتمانییەک بە گرنگتر دەزانن. هەروەها ئەوانەی دەیانەوێت چیرۆکی ناخهەژێنی هاتنی ماددە و دەرمانی ژەهراوی بشارنەوە، بەشێکیان قاچاخچییەکانن کە تاریکی و نەبوونی چاودێری میدیایی بە باشترین ژینگە دەزانن بۆ کارە نایاساییەکانیان.
 
تۆمەتبارکردنی میدیا بەوەی "خەڵک دەترسێنێت" تەنیا بیانوویەکی لاوازە. راستییەکە ئەوەیە کە "خەڵک دەبێت بترسێت" کاتێک دەزانێت ئەوەی دەیخوات یان وەک دەرمان بەکاری دەهێنێت، پشکنینی بۆ نەکراوە. ترس لێرەدا دەبێتە هۆکاری گوشار بۆ سەر کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کوالێتی کۆنترۆڵ تاوەکو چاکسازی بکەن.
لە هەموو جیهان دا، میدیا پەنجە دەخاتە سەر برینەکان بۆ ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار بیبینن و چارەسەری بکەن. ئەگەر میدیا برینەکە نەبینێت یان بیبینێت و نەیڵێت، ئەوا برینەکە دەبێتە "گەنکۆ" و هەموو جەستەی کۆمەڵگە لەنێودەبات.
 
بەکورتی پەیامی میدیای کاریگەر روونە، ئێمە لێرەنین بۆ ئەوەی دڵخۆشیی درۆینە بۆ خەڵک دروست بکەین، بەڵکو لێرەین بۆ ئەوەی راستییە تاڵەکان بڵێین تاوەکو ژیانیان بپارێزین. پاراستنی ئاسایشی خۆراک و دەرمان، ئەرکێکی هاوبەشی نێوان حکومەت، کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیایە. بەردەوامیش وابووە کەسی پیشەیی راستییەکان ئاشکرا دەکات و جاهیلیش هەڵا دەکات. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. یان ئیلهان کزلهان

زمان و رۆح؛ ئەو زمانەی کە دەبێ هەناسە بدات

بۆ گەلێک کە بە سەر چوار دەوڵەت دا دابەشکراوە و لە دیاسپۆرایشدا پەرتەوازەیە، زمان تەنیا نیشانەیەک نییە بۆ ناسنامە، بەڵکو ئەو داوەیە کە وادەکات وێناکردنی چەمکی (ئێمە) روونتر بێ. کاتێک ئەو داوە باریک دەبێت، هەستی هاوبەشی گرێدراومان بەو جۆرەی لێدێت کە درزی تێدەکەوێ. بێ هەبوونی زمانێکی زیندوو، وابەستەیت بە گەلی خۆتەوە دەبێتە شتێکی رواڵەتی.