نازانم ئەم قسە گرنگ و پڕواتایە هی کێیە، بەڵام رستەیەکی یەکجار گرنگە، "بوێری ئەوەیە شوێنی حەسانەوەت جێبهێڵیت و باوەش بە نەناسەکاندا بکەیت".
رستەکە وەکو ئەوەیە بۆ کەسانی بوێر نووسراوە، کەسانێک لە چەشنی ئەم خاتوونە دۆستەمان، خاتوونێک دەبێت بیناسین. بەو رستەیە دەست بەم نووسینەم دەکەم، نووسینێک سەبارەت بە خانمێک جوان و نەشمیل، لە دەرەوە و لە ناوەوە جوان. لە دەرێ نەشمیل، بەژن زراڤ و لە رەنگەکانی تیرێژ، لە ناخیشدا بوێر و مرۆڤدۆست، شاعیر و تێکۆشەر. ئەم خاتوونە جۆیس لووسووە. جۆیس لووسوو ساڵی 1912 لە شاری دیرۆکی و لە مەڵبەندی هونەر و ئەدەبیات، لە شاری فلۆرەنسای ئیتاڵیا لە دایک بووە. ئەو پارتیزان، شاعیر، نووسەر و وەرگێڕ بوو. یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی ژنانی ئیتاڵیا، چونکە خۆیان بە ماڵباتی دژی فاشیستەکان بوون و بە کردەوە رووبەڕووی فاشیستەکان بووەتەوە لە چیاکانی ئیتاڵیا و لە دورگەی ساردینا لە دژی فاشیستەکان شەڕی چەکداری کردووە، بۆیە دۆستی گەورەی گەلانی پەراوێزخراو و چەوساوە بوو.
جۆری پەروەردەی، ژینگەی ژیان، بنەمای مرۆڤدۆستیی ماڵبات، پاشتر ئاستی شیاریی و ژیرێتی خۆی هۆکار بوون جۆیس لووسوو چاونەترس و بوێر بێت. بەجۆرێک ژیانی بدات بە دۆزی ئەو مرۆڤانەی گوشار دەخرێتە سەریان، نکوڵییان لێدەکرێت و لەناو دەبرێن. لەم بوارەدا بەشداریی کارای لە شەڕ دژی فاشیزم کردووە، هاوکاری ڤییەتنامییەکانی کردووە، لەگەڵ ئەفریقایەکاندا تێکۆشاوە دژی رەگەزپەرستی، لۆبی بۆ کورد و شۆڕش و تێکۆشانی کورد کردووە. ژنێک بووە پڕ بە پێستی وشەکە نەترس، مرۆڤیش بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، بەتایبەتی شتگەلێک فاشی و چەوسێنەران زەوتیان کردبێت، مرۆڤ ناچارە نەترس بێت. هەمیشە ئامانجە گەورەکان وان لەو دیوی دۆڵ و کێوی سەختی ترسەوە، بۆ ئەوەی مرۆڤ پێیان بگات ناچارە ترس نەناسێت.
ئەو سڵی لە تێکۆشان و هاوکاری چەوساوان نەکردووەتەوە، بۆیە ماوەیەکیش ئاوارەی دەستی فاشییەکانی وەڵاتی خۆی دەبێت و لە وەڵاتی سویسرا دەگیرسێتەوە. لووسوو ژیانی بۆ تێکۆشان، بۆ شیعر و بۆ ئازادی تەرخان کردبوو.
سەرنجڕاکێش لە ژیانی لووسوودا بۆ ئێمە ئەوەیە؛ ئەم خاتوونە لە رێگەی نازم حیکمەتەوە (1902 - 1963) ئاشنای کورد و کێشەکەی دەبێت. نازم حیکمەت شاعیر و شانۆنووسی بە رەچەڵەک سالۆنیکی و توورکینووسی چەپڕەوی مرۆڤدۆست. یەکەمجار لە زاری نازم حیکمەتەوە کێشەی کورد دەبیستێت، ئەو بیستنە وای لێدەکات دوای ئەم چیرۆکە بکەوێت و زانیاری دەربارەی کوردستان و کێشە ئاڵۆزەکەی وەدەست بخات.
لووسوو بەهاری ساڵی 1964 سەردانی کوردستان دەکات، خۆی دەگەیەنێت بە ناوچەکانی شۆڕش، خەڵک دەبینێت و سەردانی شار، شارۆچکە و گوندەکان دەکات. پێشمەرگە و سەرکردەکانی شۆڕش دەبینێت. دەچێتە باکوور و رۆژئاوای کوردستان، کەسانی وەکو جگەرخوێن و ئۆسمان سەبری دەبینێت. شیعری کوردی لە ئیتاڵیا چاپ دەکات. کۆمەڵێک وێنەی نایابی ئەو گەشتەی بۆ کوردستان هەیە. لە نەوەدەکاندا ئەو وێنانە و شتی دیکەی لە ئەرشیڤی تایبەتی خۆی سەبارەت بە کوردستان داوەتە فیلمساز و هونەرمەندی هێژا هونەر سەلیم، ئەمیش لە لای خۆی پاراستوونی. کاتێک من پێمگووت بە نیازی کارێکی دۆکیۆمێنتەریم سەبارەت بە لووسوو هونەر قسەی بۆ کردین، قسەکانیمان تۆمار کرد و هاوکات بەڵێنی دامێ وێنەکانی لووسوو و ئەرشیڤەکەی بخاتە بەردەستمان. پاشان دەستمان کرد بە تۆمارکردنی زنجیرەیەک هەڤپەڤین سەبارەت بە لووسوو، هەروەها بە سۆراخکردنی پێویست تاوەکو بتوانین بە شێوەیەکی شایستە ئەم مرۆڤە هێژای بە کوردستانیان بناسێنین.
لە ناو ئەو کەرەستانەی دەستمان کەوتن هەڤپەیڤینێکی دەنگی لووسوو هەیە، هەڤپەیڤینێک هێژا جەبار باخەوان ساڵی 1988 لەگەڵ لووسوو سازی داوە. شوێنی هەڤپەیڤینەکەیش یەکجار سەرنجڕاکێشە، رۆما، نزیک باڵوێزخانەی عێراق. چالاکیی شەرمەزارکردنی حکومەتی عێراق لە سۆنگەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە دژی کورد، ژینگەی کوردستان، مرۆڤی کورد و لە دژی شاری هەڵەبجە. خاتوو لووسوو ئەو رۆژە لەگەڵ کوردەکاندا بەشداری ئەو چالاکییەی کردووە. جۆیس لووسوو لە ٤ی نۆڤەمبەری 1998 لە شاری رۆمای پایتەختی وەڵاتەکە کۆچی دوایی دەکات.
دروود بۆ گیانی ئاسمانی ئەم مرۆڤانە، مرۆڤگەلێک لە پێکهاتەیاندا کیمیایەکی یەکجار وزەبەخشی مرۆڤدۆستی و بەتەنگەوەهاتنی چەوساوان هەیە. سەربەرزین بە بوونی ئەستێرەی وەکو ئێوە لە دیرۆکی رۆژگارە تاریکەکانماندا. یادکردنەوەی ئێوەمانان بۆنەیەکی پڕ شکۆیە بۆ هەمووان. ژیان بە کەسانی لە چەشنی خاتوو لووسووەوە بێگومان یەکجار جوانترە.
سەرچاوە:
کتێبی ئیتالییەکان.. دۆستی گەلی کورد. جەبار باخەوان و خەبات عەزیز شێخبزێنی – کەرکووک 2014
هەڤپەیڤین لەگەڵ عومەر شێخمووس
هەڤپەیڤین لەگەڵ جۆیس لووسوو [دەنگ] 1988 سازکردنی هێژا جەبار باخەوان. لە دڵەوە سوپاسی دەکەم.
هەڤپەیڤین لەگەڵ هونەر سەلیم
وێنەکان: ئەرشیڤی فیلمسازی هێژا هونەر سەلیم. لە دڵەوە سوپاسی دەکەم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ