خۆشەویستی و سۆز بۆ رزگاربوون لە تیرۆر

30-12-2024
د. یان کزڵهان
A+ A-
 
لە کۆتایی ساڵدا و کاتێک ئێزدییەکان هەوڵدەدەن جەژنی پیرۆزی خۆیان بکەن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاڤا)ی گرتووەتەوە، هەست دەکەم پێویستە چیرۆکێک باس بکەم کە لە 10 ساڵی رابردوودا مێشکی سەرقاڵ کردووم؛ چیرۆکێک کە لە دڵمدا ماوەتەوە و باس لەو کارەساتە نەبیستراوانە دەکات کە خەڵکێکی زۆر لە عێراق و سووریا تووشی بوون.
 
ئەو کارەساتانە بەهۆی دڕندەیی ئەو کەسانەی دڵیان پڕ بوو لە رق و کینە زۆر خراپتر ئەنجام دران. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم چیرۆکە راستەقینەیە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر من داناوە و هێشتا هیوابەخشە. سەرەڕای هەموو شتێک!
 
کاتێک تیرۆری داعش (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام) باڵی بەسەر بەشێکی زۆری عێراق و سووریادا کێشا، هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆر کچ و ژن کۆیلە کران و وەک کاڵا فرۆشران. لەو سەردەمە تاریکەدا، حکومەتی ئەڵمانیا ئەرکی هەڵسەنگاندنی دەروونی ئەو ژنانەی پێ سپاردم کە توانیبوویان رابکەن، زۆر جاریش لە نزیک بەرەکانی شەڕەوە هەڵاتبوون. لەگەڵ تیمێکی دڵسۆزدا، ئەوانەمان دەستنیشان کردن کە زۆرترین کاریگەریی دەروونی لەسەریان دروستببوو و بۆ چارەسەری پزیشکی و دەروونی هێنامانن بۆ ئەڵمانیا.
 
لە پاشنیوەڕۆیەکی گەرمدا لە شاری دهۆکی هەرێمی کوردستان، لە نووسینگەیەکی کاتیدا دانیشتم و گوێم لە چیرۆکی دڵتەزێنی دە ژن گرتبوو کە باسی کوشتنی بەکۆمەڵ، ئەشکەنجە و دەستدرێژییان دەکرد؛ رووداوگەلێک کە نزیکە لەوەی نەکرێت باوەڕیان پێبکرێت. پاشان، دوو ژن لەگەڵ منداڵێکی بچووکدا هاتنە ژوورەوە. کاتێک بە وریاییەوە دانیشتن، هەستم بە قورسایی ئەو ترسە کرد لە دڵیاندا بوو. کوڕێکی بچووکی نزیکەی پێنج ساڵ لە باوەشی یەکێک لە ژنەکان دانیشت. ناوی جەمیل بوو. کاتێک پرسیارم لەبارەی هەردوو ژنەکە کرد، کوڕەکە بە شەرمەوە ئاماژەی کرد و گوتی "ئەوە دایکمە"، ئاماژەی بۆ ئەو ژنەش کرد کە لە باوەشی گرتبوو و گوتی، "ئەوەش دایکمە".
 
چۆن دەکرێت ئەم منداڵە دوو دایکی هەبێت؟ 
 
لە چرکەساتێکی تۆقێنەردا ئاژاوە باڵی بەسەر گوندی هیردانی جەمیل، نزیک شنگال، کێشابوو. کاتێک چەکدارانی داعش هێرشیان کرد، تەقە دەستیپێکرد و لە ئاژاوەکەدا جەمیل هەستی کرد دەستی دایکی لە دەستی دەرچوو. لەنێو تۆز و دووکەڵەکەدا بە ترسەوە سەیری دەکرد کە دایکی بە هاوار و قیژەوە رادەکێشرا. جەمیلی سەرلێشێواو و حەپەساو لەگەڵ کۆمەڵێک ژن و منداڵ خرایە نێو پاسێکەوە؛ چارەنووسی نادیار چاوەڕێی دەکرد.
 
لەو پاسەدا سارا، کچێکی 17 ساڵان دانیشتبوو کە خەونی خوێندنی یاسای هەبوو، بەڵام خواستەکانی لەژێر قورسایی ترسی راستەوخۆدا توانەوە - ئاخر دەیزانی داعش چی بە کچانی سەڵت دەکات. سارا کاتێک جەمیلی بینی، سەیری کرد و بێ دوودڵی لێی نزیک بووەوە. کاتێک جەمیل بە فرمێسکەوە بۆی روونکردەوە کە دایکی براوە، سارا دڵی بۆی ژانی کرد. هەربۆیە لە باوەشی گرت و بوو بە پارێزەری. لەو ساتەوە، جەمیل سارای بە دایکی خۆی دانا و ساراش، کە منداڵی نەبوو، بە رۆح و کردار بوو بە دایکی. ئەو پەیوەندییە خۆڕسکەی مانەوە و مرۆڤایەتی، پەیوەندییەکی پتەوی لە نێوانیاندا دروستکرد. 
 
پەیوەندییەکەیان لە رێگەی ئازاری هاوبەشەوە قووڵتر بووەوە. لە پەناگە قەرەباڵخەکانی ئێزدییە ئاوارەکانەوە تاوەکو کارەساتەکانی دیلی، سارا بە باشترین شێوە پارێزگاری لە جەمیل دەکرد، گۆرانی کوردی بۆ دەگوت تاوەکو ئارامی بکاتەوە و دەنگی ئەو هاوارە ترسناکانە کپ بکات کە هەموو شوێنێکیان لێ پڕکردبوو.
 
خۆشەویستی و پشتیوانیی هاوبەشیان بوو بە تریفەی رووناکی لە تاریکترین کاتدا. ئەوان (بەو جۆرە) بەرگەی قورسترین ئازاریان گرت. سارا و جەمیل کە چەندین جار فرۆشرابوون، رووبەڕووی سووکایەتی زۆر بوونەوە لەلایەن کۆمەڵێک پیاوەوە کە وەک موڵک مامەڵەیان لەگەڵ دەکردن. سەرەڕای ئازارەکانی، سارا هەر سەرچاوەی میهرەبانی و پاراستن بوو بۆ جەمیل. لەو شەوانەی کە نائومێدی هەڕەشەی لەنێوبردنیانی دەکرد، جەمیلی لە باوەش دەگرت و بە چرپە گۆرانی دەگوت تاوەکو ترسی بڕەوێنێتەوە؛ خۆشەویستییان بوو بە هەڵوێستێکی بێدەنگی رەتکردنەوە دژی ئەو کارەساتانەی دەوریان دابوون.
 
مانگەکان وەک ساڵ تێدەپەڕین و قورسایی ئازارەکان لەسەریان زیاد دەبوو. سارا ئازاری زۆری دەچەشت، بەڵام بیری هەر لای جەمیل بوو؛ ئەو کوڕەی کە پشتی پێ دەبەست. "ناتوانم بەجێی بهێڵم"، سارا وای گوت و بە نەرمی گۆرانی بۆ دەگوت و ئومێدی پێ دەبەخشی.
 
دواجار، تریفەی ئازادی دەرکەوت. مامێکی جەمیل - تریفەیەکی هیوا لە تاریکیدا - هەڵاتنەکەیانی رێکخست. ئەوان لە غازی عەنتابی تورکیا یەکیان گرتەوە. کاتێک مامەکەی، جەمیلی بینی، کوڕەی لە باوەش گرت کە ئازاری زۆری چەشتبوو. لە کاتێکدا فرمێسک دەڕژا، سارا بە شانازییەوە رایگەیاند "ئەو کوڕی منە". ئەم دەربڕینە سادەیە گەشتەکەیانی کورتکردەوە؛ خۆشەویستییەک کە لە نێو ناخۆشی زۆردا بەهێزتر بوو. 
 
هەردووکیان پێکەوە گەڕانەوە عێراق و لاپەڕەیەکی نوێیان لە ژیانیان دەستپێکرد کە پڕ بوو لە هیوای چاکبوونەوە و دووبارە بونیاتنانەوەی ژیانیان. ئەم چیرۆکە تەنیا چیرۆکی لەدەستدان و خەم نییە، بەڵکو شایەتییەکە لەسەر خۆڕاگریی رۆحی مرۆڤ. لە تاریکترین کاتدا، تریفەی هیوا دەتوانێت بدرەوشێتەوە و پەیوەندییە نەپچڕاوەکانی خۆشەویستی دەتوانن تەنانەت بەسەر قووڵترین تاریکیشدا سەربکەون.
 
ئەمڕۆ بیرم لای رۆژئاڤایە، بەو هیوایەی کە ئاشتی لەم کاتە تاریک و مەترسیدارەدا زاڵ بێت.

* پرۆفیسۆر دکتۆر یان ئیلهان کزڵهان دەروونناسە، نووسەر و بڵاوکەرەوەیە، پسپۆڕە لە دەروونناسی ترۆما، ترۆما، تیرۆر و جەنگ، دەروونناسی کولتووری، چارەسەری دەروونی و کۆچ. 

* ئەم بۆچوونەی لەم وتارەدا دەربڕدراوە، بۆچوونی نووسەرە و گوزارشت لە هەڵوێستی رووداو ناکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەلیل ئیبراهیم مەندەلاوی

عێراق لەنێوان کۆمیدیا و تراجیدیای سیاسیدا

سیاقی کێشەکە لە هەڵەیەکی سەرپێیی قووڵترە، چونکە لە کاتێکدا کە مەڵبەندە سیاسییەکان سەرقاڵی جەختکردن بوون لە پێویستیی پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لیژنە تایبەتمەندەکە بە شێوەیەکی کۆمیدی پاساوی بۆ ئەو هەڵەیە هێنایەوە و، لێدوانێکی دەرکرد کە وەک پێویست یەکلاکەرەوە نەبوو، لە داواکردنی لێبووردنی منداڵێکی بچووک دەچوو کاتێک شووشەیەک لە ماڵەوە دەشکێنێت، کاتێک دەڵێت دانانی ئەو قەوارانە لە لیستەکەدا تەنیا رووداوێکی لاوەکی بووە، هاوشێوەی دۆخی شەرمهێنی دەست دانان لەسەر دوگمەی ناردن بۆ هەموو لە گرووپێکی خێزانیدا کە پڕە لە خزمی فزووڵ، بۆت دەردەکەوێت لە نامەکەدا بڕگەیەکی هەڵە هەیە. پاساوی لیژنەکە بە رستەیەکی فەرمیی جدی داڕێژرا: "پێش هەڵەگری بڵاوکرایەوە و دواتر راستی دەکەینەوە". وشەکان بەم جۆرە دەرکەوتن، وەک ئەوەی بە هێزەوە نالێهاتوویی رابگەیێنن، وەک ئەوەی کەوتنە نێو چاڵێکی هەڵەی سیاسی شتێکی ئاسایی بێت لە جیهانی سیاسەت لە عێراق دا، بەڵکو وەک ئەوەی کارەکە پەیوەندیی بە هەڵەیەکی رێنووسەوە هەبێت لە جۆری نووسینی "ئەمە" لە جیاتی "ئەمە" بێت، نەک دانانی کۆمەڵە گرووپێکی ناوچەکە لە لیستەکانی تیرۆردا