رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو یاریی بەبێ بردنەوە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، یانەی ئامەدسپۆر دەگەڕێتەوە نێو هاندەرانی و دەیەوێت پارێزگاری لە پێشەنگی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیا بکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 23ـی خولی پلە یەکی تورکیا یانەی ئامەدسپۆر کاژێر 19:00 لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر ئادانادەمیرسپۆر یاریی دەکات و چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵە بۆ ئەوەی شوێنی خۆی لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە بپارێزێت.
هاندەرانی ئامەدسپۆر خۆیان بەباشی ئامادەکردووە و دەیانەوێت وەڵامی سزادانی یانەکەیان لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بدەنەوە، کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دروستکردنی کەزی بۆ کچێک لە یاریگەی یانەکەدا، ئامەدسپۆر سزادرا و سەرۆکی یانەکەش 15 رۆژ لە کارکردن راگیرا.
یانەی ئامەدسپۆر 22 یارییکردووە، 13 بردنەوە، 4 یەکسانبوون و 5 دۆڕانی هەیە، ئێستا بەشێوەیەکی کاتی بە 43 خاڵ چووەتە پلەی دووەم، بەڵام بەبردنەوەی یارییەکە جارێکی دیکە پێش ئەرزرووم سپۆر دەکەوێتەوە.
یانەی ئادانادەمیرسپۆر لە پلەی کۆتایی ریزبەندی خولەکەیە، هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، 2 جار یەکسانبووە و 20 یاریی دۆڕاندووە، لەو 22 گەڕەی رابردوودا یانەکە 95 گۆڵی لێکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ