لێدوانی ئونای ئێمری لەبارەی مەشقدانی یانەی ریال مەدرید

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن ریال مەدرید ئونای ئێمری
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئونای ئێمری، راهێنەری یانەی ئاستۆن ڤێلای ئینگلیزی، وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باس لە ئەگەری بوونی ئەو بە راهێنەری ریال مەدریدی ئیسپانی دەکەن.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، مقۆمقۆی زۆر لەبارەی راهێنەری داهاتووی ریال مەدرید لە میدیاکان وروژێنرا، لە دوایین پێشهاتدا، میدیای نزیک لە یانەی ریال مەدرید ئاشکرایانکردووە، بەرپرسانی یانەکە بڕیاریانداوە راهێنەرێکی ئیسپانی، بۆ مەشقدانی یانەکە بهێنن.
 
لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەو تەمومژەی لەچواردەوری راهێنەری داهاتووی یانەکە هەیە، بەتایبەت لەگەڵ شکستی ریال مەدرید بەرامبەر بێنفیکا لە چامپیۆنزلیگ و ناڕوونی لە داهاتووی ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەری یانەکە، ناوی ئونای ئێمری راهێنەری ئاستۆن ڤێلا وەک بەربژێرێکی سەرەکی بۆ مەشقدانی یانەکە باسی لێوە دەکرێت.
 
ئێمری لە دوایین چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانیدا، پرسیاری لێکرا لەبارەی بۆچوونی ئەو بۆ مەشقدانی ریال مەدرید، ئەو گوتی، "مەشقدانی ریال مەدرید؟ هیچم نییە بۆ گوتن لەبارەی ئەو بابەتەوە".
 
ریال مەدرید لە دۆخێکی نائارام و پڕ لە کێشەدا دەژی، سەرکەوتنی دوو یاریی ئەربێلوا لە لالیگا و چامپیۆنزلیگ بەرامبەر مۆناکۆ، ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو راهێنەرەی لە یانەکە هێنایە ئاراوە، بەڵام شكستەکەی بێنفیکا، هەموو ئاراستەکانی گۆڕی و دەنگی بەرزی نێو میدیای ئیسپانیا، پێویستیی دەستنیشانکردنی راهێنەرێکی نوێیە بۆ یانەکە.
 
سەرچاوەکان گوتبوویان، کارگێڕیی ریال مەدرید پێیوایە ئێمری بژاردەیەکی بەهێزە بۆ مەشقدانی یانەکە لە داهاتوودا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە