راگەیێنراوی فەرمی یانەی جەوییە لەبارەی یارییەکەیان بەرامبەر دهۆک

01-04-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی دهۆک یانەی جەوییە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی جەوییەی عێراقی راگەیێنراوێکی فەرمی، لەبارەی رووداوەکانی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی دهۆک بڵاوکردەوە و داوا دەکات رێکارە یاساییەکان وەکو خۆیان جێبەجێبکرێن.
 
لە یاریی نێوان هەردوو یانەی دهۆک و جەوییە لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، کە دهۆک بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا، گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر روویدا و بەهۆی هاتنە ناوەوەی بەشێکی زۆری هاندەرانی یانەی دهۆک بۆ نێو یاریگە یارییەکە زیاتر لە 15 خولەک راگیرا.
 
یانەی جەوییە لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا، دڵتووندی گەورەی خۆی بۆ ئەو رووداوانە دەردەبڕێت کە لە یاریگەی دهۆکدا روویدا لە هەوڵی دڕندانە و وەحشییانە کە خەریکبوو ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی یاریزانەکانمان ئەگەر بەخشندەیی خوا و دانایی ئەو نەبووایە، لە یاریگەکە بەرژانی خوێنەوە دەهاتینە دەرەوە، یاریگەیەک کە لە خولەکی سەرەتاوە تاوەکو کۆتایی، هەستمان بە ئاسایش نەکرد تێیدا.
 
یانەکە لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەیدا نووسیوویەتی "دوور لە ئەنجامی شکستەکە، ئێمە لە هەوڵێکی تیرۆرکردنی راستەقینەی ژمارەیەک لە یاریزانەکانمان هاتینە دەرەوە، لە دیمەنێکی تۆقێنەر و پێشتر نەبینراودا کە رەنگدانەوەی نێگەتیڤی عێراقی خۆشەویستە. پاش دەستدرێژی روون و ئاشکرا بەکەرەستەی ئاسنی بریندارکەر بەبەرچاوی هەموو دونیاوە، کە زۆری نەمابوو ببێتە هۆکاری گیانلەدەستدانی یاریزانەکانمان، چونکە دەستدرێژییەکە زۆر روون بوو و ویستەکەش ئاشکرابوو کە لێدانی بەئەنقەستبوو، بۆ ئازارگەیاندن بە یاریزانەکانمان و سوپاسی خوا دەکەین بۆ سەلامەت دەرچوونی هەمووان لە شەوە ترسناکەکەدا."
 
جەوییە زیاتر دەڵێت "لە دوا بیست خولەکی یارییەکەدا، تیپەکەمان لەژێر کەشی ترس و تۆقین و دڕدۆنگیدا ژیا، شاندی یانەکەمان تەنیا بیریان لە سەلامەت هاتنە دەرەوە لە یاریگەکە دەکردەوە، بەرامبەر ئەنجامێک کە بەهیچ شێوەیەک هیچ نییە لە بەرامبەر سەلامەتیی گیانی یاریزانەکانمان."
 
پێشەنگی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە راگەیێنراوەکەیدا دەڵێت "تیپەکەمان باجی نەبوونی ئاسایشی لە یارییەکەی دهۆکدا، لێرەشدا سەرسامانە دەپرسین چۆن سەرپەرشتیاری یارییەکە و ناوبژیوانی ئامادەنەبوو لە دیمەنەکە، فەرمان بەبەڕێوەچوونی یارییەکە بدەن بەبێ ئامادەبوونی پاراستنی پێویست و رێنوێنی و یاساکانی تایبەت بەڕێوەچوونی یارییەکانی خولی ئەستیرەکانی عێراقیان پێشێلکرد و تەنانەت ناوبژیوان کارتی سووری دا بە محەمەد حەمیدی گۆڵپارێزمان لە کاتێکدا ئەو دەستدرێژی کرابووە سەر و وازی لە دەستدرێژیکاران هێنا و تەنانەت هانیدان بۆ بەردەوامبوون لە دەستدرێژی و لێدان لە نێو یاریگەدا لە دیمەنێکی سەیروسەمەرە و شەرمهێن و خەماوی و دەبوو ناوبژیوان و سەرپەرشتیاری یارییەکە دەستپێشخەربن بۆ پاراستنی سەلامەتیی یاریزانەکان نەک پاداشتکردنی دەستدرێژیکاران."
 
دوای هەموو ئەوەی روویدا، ئێمە دەستمان بەداناییەوە گرت و لە یارییەکە نەکشاینەوە چونکە سووربووین لەسەرکۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و دەستەبەری پاراستنی هەمووان و دڵنیابوونەوە لە روونەدانی (پۆرسەعید) لە خولەکەماندا، بەڵام ئێمە ئێستا داوا لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەکەین و یاسا و رێنوێنییەکانی خولەکە پەیڕەو بکات بەبێ خاترگرتنی یانەی دهۆک و هاندەرەکانی و چاوخستنە سەر ئەوەی کە یارییەکە هەڕەشەی بۆ سەر گیانی یاریزانان تێدابووە و ئەوەش دۆکۆمێنتکراوە و سەلمێنراوە و هۆکاری شکستی تیپەکەمان بووە. لەسەر ئەو بنەمایەش داوای جێبەجێکردنی رێنوێنییەکانی فیفا دەکەین بە ئەنجامدانی یارییەکان لە دەرەوەی کەشی ئاسایشی نەگونجاو و گێرانەوەی ماف بۆ مافخوراوان و ماف پێدانەوەی یانەکەمان، ئەمە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەی یانەی جەوییەیە.
 
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەیدا یانەی جەوییە هەڕەشەی کشانەوە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات و دەڵێت "ئەگەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیارێکی یەکلاکەرەوە کە گونجاوبێت لەگەڵ رێنوێنییە نێودەولەتییەکان وەرنەگرێت، ئەوکات ئێمە هەڵویست وەردەگرین بەپاشەکشە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، چونکە فیدراسیۆنەکە توانای دابینکردنی ئاسایش و سەلامەتیی یاریزانەکانمانی نییە و بەمەبەست یان بێمەبەست، هانی بەردەوامبوونی پشێوی و تووندوتیژی دەدات و تەنانەت کوشتنیش لە داهاتوودا، چونکە فیدراسیۆنەکە ناتوانێت سەلامەتیی یاریزانەکانمان دابین بکات کە زۆرینەیان یاریزانی پێشەگەری نێودەوڵەتین."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە