رووداو دیجیتاڵ
لە یارییەکی دراماتیکی و پڕ گۆڵدا، هەردوو یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و ئینتەرمیلانی ئیتاڵی یەکسانبوون و یەکلاکردنەوەی تیپی سەرکەوتوو دەکەوێتەوە هەفتەی داهاتوو.
لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ئینتەرمیلان، لەسەر یاریگەی مۆنتچۆیک رووبەڕووی یەکبوونەوە، دوای تەنیا 40 چرکە، مارکۆس تۆرام، گۆڵێکی سەرنجڕاکێشی تۆمارکرد و ئینتەرمیلان پێشکەوت.
لە خولەکی 21 دێنزێل دومفرێس، ئینتەرمیلانی کردە خاوەنی دوو گۆڵ و بارسێلۆنای خستە دۆخێکی خراپەوە، بەڵام دوای تەنیا سێ خولەک، لامین یامال بە گۆڵێکی جوان ئەنجامەکەی کەمکردەوە.
لە خولەکی 38 فێران تۆرێس ئەنجامەکەی بۆ بارسێلۆنا یەکسانکردەوە و نیوەی یەکەمی یارییەکە بەیەکسانبوون بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.
لە خولەکی 63 جارێکی دیکە دومفرێس تۆڕی گۆڵی بارسێلۆنای هەژاند، بەڵام دوای دوای دوو خولەک رافینیا لێدانێکی بەهێزی ئاراستەی گۆڵ کرد و یان سۆمێر گۆڵی یەکسانبوونی لە خۆیان کردەوە.
یارییەکە بەیەکسانبوون بە سێ گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتاییهات، رۆژی سێشەممەی داهاتوو یاریی گەڕانەوە لە جۆزێپی میازا دەکرێت و یەکێک لە هەردوو یانە دەگاتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ