بارسێلۆنا بە مێژووییەکی گەورەوە رووبەڕووی نیوکاسڵ دەبێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بارسێلۆنا چامپیۆنزلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، لەنێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنا و نیوکاسڵ بەڕێوەدەچێت و بلاوگرانا دەیەوێت لە یاریگەی خۆی بگاتە قۆناخی داهاتوو.
 
یاریی نێوان هەردوو یانە لە یاریگەی کامپ نو، یەکەم یاریی شەوی چامپیۆنزلیگ دەبێت، هەردوو تیپ لە یاریی چووندا بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک یەکسانبوون و ئەمشەو پێویستیە یەکێکیان یارییەکە بباتەوە.
 
رۆژی سێشەممە هەردوو یانە لە یاریگەی کامپ نو دوایین مەشق و ئامادەکارییان بۆ یارییەکە ئەنجامدا، بارسێلۆنا دوای بردنەوەی یاریی رابردووی لالیگا بە ئەنجامێکی گەورە لە سێڤییا دەیەوێت لەسەر ئاستی ئەورووپاش درێژە بە بەردەوامبێت.
 
ژول کۆندێ، ئەلیخاندرۆ باڵدێ و فرێنکی دی یۆنگ بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، لامین و ئەستێرەکانی دیکەی بلاوگرانا ئامادەن و دەیانەوێت دوای سەرکەوتنی خوان لاپۆرتا لە هەڵبژاردنەوەی وەکو سەرۆکی یانەکە بردنەوەیەکی دیکە لەسەر ئاستی ئەورووپا تۆماربکەن و بگەنە قۆناخی داهاتوو.
 
نیوکاسڵ بە ورەیەکی بەرزەوە چووەتە بارسێلۆنا، دوای ئەوەی لە دوایین یاریی خۆیدا لە پرێمەرلیگ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە چێڵسی بردەوە، ئەوان دەیانەوێت ئەوەی لە سانت جەیمس پارک نەکرا، لە کامپ نو ئەنجامیبدەن، سەرەڕای ئەوەی دەزانن ئەرکیان ئاسان نییە.
 
لە ریزەکانی ماگپایس، برونۆ گیمارێش، لویس میلێی، فابیان شار بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
 
بارسێلۆنا 6 یاریی بەرامبەر نیوکاسڵ ئەنجامداوە، تەنیا 1 یاریی دۆڕاندووە، ئەویش لە ساڵی 1997 بوو بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بووە، لە یارییەکیش یەکسانبوون ئەویش یاریی چوونی ئەم وەرزەیە، لە 4 یارییەکەی دیکە بارسێلۆنا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، دوو لەو بردنەوانەی لەنێو یاریگە و هاندەرانی بووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە