رووداو هەولێر
لە گەڕی 31ـی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا یانەکانی دهۆک و نەورۆز دەیانەوێت درێژە بە کاروانی سەرکەوتن بدەن، هەولێر و زاخۆش بۆ سارێژکردنی برینەکانیان دەیانەوێت هاندەرانیان ئاشتبکەنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە کاژێر 17:30 یانەی دهۆک لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا یاری لەگەڵ یانەی نەفتی بەسرە دەکات. مەسعود میراڵ، راهێنەری ئالهۆین چیای دەیەوێت درێژە بدات بە کاروانی سەرکەوتنەکانی و تیپەکە لە دوایین یاریی خۆیدا توانی لە یانەی دیالە بباتەوە و ئەمجارەش دەیەوێت لە دوایین پارێزگای باشووری عێراقەوە 3 خاڵ بەدیاری بۆ هاندەرانی بنێرێتەوە.
یانەی دهۆک پاڵەوانی جامی کەنداو، بەکۆکردنەوەی 44 خاڵ لە پلەی حەوتەمی ریزبەندیی خولەکەیە و شەش یاریی دواخراوی ماوە ئەنجامی بدات.
رۆژی هەینی یاریی لووتکەی خولەکە کاژێر 20:30 لەنێو یاریگەی زاخۆ بەڕێوەدەچێت، کە زاخۆ لەدوای زنجیرەیەک ئەنجامی خراپ ئەرکێکی قورس تاقیدەکاتەوە بەمیوانداریکردنی یانەی زەورا، میوانەکەی زاخۆ 64 خاڵی هەیە و وەرزی ئەمساڵ دەیەوێت نازناوەکە بەنێو نەورەسەکانی بەغدا بێت، هەرچی یانەی زاخۆیە لە پێنج یاریی رابردوویدا تامی سەرکەوتنی نەکردووە و تیپەکە بەکۆکردنەوەی 52 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندییە.
یانەی زاخۆ وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی لە خولەکەدا بەسەرکردایەتی تەڵاڵ بلووشی پێشکەشکردووە، بەڵام راهێنەرە قەتەرییەکە بەهۆی ژمارەیەک ئەنجامی خراپی ئەم دواییە دەستیلەکارکێشایەوە. ئێستا کوڕانی خابوور لەژێر سەرپەرشتی عەبدولغەنی شەهدی گەورە راهێنەری عێراقن و دەیانەوێت جارێکی دیکە بچنەوە نێو رکابەری بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە.
هەمان رۆژ یانەی هەولێر لەدوای زنجیرەیەک ئەنجامی خراپ و نیگەرانییەکی زۆری هاندەرانی، دوور لە یاریگەی خۆی دەیەوێت بەبردنەوە لە یانەی کەربەلا، هیوایەک بگەڕێنێتەوە بۆ نێو دڵی هاندەرانی.
درێس زەردەکان کە خاوەنی 4 نازناوی خولی عێراقن، ئەمساڵ ئەنجامەکانیان باش نییە و تیپەکە بە 35 خاڵ لە پلەی پازدەمی ریزبەندییە.
سامان بریفکانی، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی هەولێر. لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو گوتی "تیپەکەمان دوو رۆژە گەشتی شاری کەربەلای کردووە و بەشێوەیەکی باش بۆ یارییەکە ئامادەیە، دەمانەوێت دڵی هاندەرانمان بەبردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە خۆش بکەینەوە".
لە دوایین یاریی تیپەکانی کوردستان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، رۆژی شەممە یانەی نەورۆز لە شاری سلێمانی یاری لەگەڵ شورتەی پاڵەوانی دوو وەرزی رابردووی خولەکە دەکات، نەورۆز بەرامبەر تیپێک یاریدەکات کە میمی گۆڵکاری خولی عێراق یاری بۆ دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا کوڕانی پایتەختی رۆشنبیری هیوایەکی بەهێزیان بۆ ئەنجامێکی باش هەیە.
هەر لە گەڕی 31ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەم یارییانەش دەکرێن:
جەوییە - کارەبا
کەرخ - تەڵەبە
دیالە - نەجەف
نەفت - حدوود
نەفتی میسان - قاسم
گەرمە - مینا
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ