بنزیما لەبارەی دەستەوارەکەی سعودیەوە داوای ئامۆژگاریی رۆناڵدۆ دەکات

01-06-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کەریم بنزیما کریستیانۆ رۆناڵدۆ خولی سعودیە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە کەریم بنزیمای فەرەنسی، هێرشبەری یانەی ریال مەدرید، قسەی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ کردووە، لەبارەی دەستەوارەی یانەکانی سعودیە بۆ پەیوەندیکردن بەیەکێک لە یانەکانی ئەو وڵاتە.
 
بنزیما و رۆناڵدۆ لە نێوان 2009 تاوەکو 2018 پێکەوە لە ریال مەدرید یارییان کردووە و کۆڵەکەی سەرەکی پێکهاتەی هێرشبەریی تیپەکە بوون کاتێک سیانەی مێژوویی چامپیۆنزلیگی لە نێوان 2016 تاوەکو 2018 بردەوە، بەرلەوەی رۆناڵدۆ ریال مەدرید جێبهێڵێت و روو لە یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی بکات.
 
لە رۆژانی رابردوودا، دەنگۆی دەستەوارەیەکی گەورەی سعودیە بۆ کەریم بنزیما لە میدیاکاندا بڵاوبووەتەوە، بەپێی ئەوەی راگەیێنراوە، سعودیەکان ئامادەن ساڵانە 100 ملیۆن یۆرۆ بدەنە بنزیما بۆ یارییکردن لە یەکێک لە یانەکانی خولی ئەو وڵاتە.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، یانەی ئیتیحادی سعودی دەبێتە خاوەنی کەریم بنزیمای براوەی باڵۆن دۆری ساڵی رابردوو.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی ئیتیحادی سعودی ئەوەیان دووپاتکردووەتەوە کە رێکەوتنی بنزیما و یانەکە زۆر نزیکە و تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە.
 
رۆژنامەی 'ئەی ئێس'ی ئیسپانی دەڵێ، "کەریم بنزیما قاچێک و نیوی لە یانەی ئیتیحادە".
 
راپۆرتی ئەو رۆژنامەیە دەڵێ، بنزیما پەیوەندی بە کریستیانۆ رۆناڵدۆوە کردووە و پرسیاری لەبارەی خولی سعودیە و ژیان لەو وڵاتە کردووە.
 
بنزیما لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ رۆناڵدۆی یاریزانی نەسڕی سعودی، تەواوی وردەکاری لەبارەی ژیان لە سعودیە و هێزی خولەکە وەرگرتووە. هەروەها راوێژی بە کریستیانۆ کردووە و داوای لێکردووە هاوکاری بێت، لە بڕیاردانی دروست لەبارەی چارەنووسییەوە.
 
میدیاکان دەڵێن، بنزیما گرێبەستی دوو ساڵ لەگەڵ یانەی ئیتیحاد دەکات و جیا لە مووچەیەکی خەیاڵیی، چەندین وردەکاریی دیکە لە گرێبەستەکەیدا دەبێت و مووچەکەشی بەبێ باج دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە