ریال مەدرید گەیشتە قۆناخی 8ی مۆندیالی یانەکان

02-07-2025
دیاری حەسەن
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید مۆندیالی یانەکان 2025 یانەی یوڤێنتوس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی ریال مەدرید دوای بردنەوەی لە یوڤێنتوس بە ئەنجامی 1-0، گەیشتە قۆناخی 8ی مۆندیالی یانەکان.
 
ریال مەدرید لە یارییەکی ئاگرینی قۆناخی 16ی مۆندیالی یانەکان، رووبەڕووی یانەی یوڤێنتوس بووەوە و چاوی لەوە بوو یانە ئیتاڵییەکە ببەزێنێت و بگاتە قۆناخی داهاتوو.
 
یانەی یوڤێنتوس لە سەرەتاوە بەشێوەیەکی بەهێز دەرکەوت، هێرشەکانی ئەو یانەیە بە بۆ گۆڵی ریال مەدرید بەردەوامبوون، بەڵام کۆلۆ موانێ و هاوڕێیانی سەرکەوتوو نەبوون لە تۆمارکردنی گۆڵی یەکەم. 
 
لەدوای خولەکی 15ەوە، یانەی ریال مەدرید بەتەواوی کۆنترۆڵی یارییەکەی کرد و هێرشەکانی دەستپێکرد، بەردەوامبوون لە هەوڵدان بۆ گۆڵکردن، بەڵام دی گریگۆریۆ، گۆڵپارێزی یوڤێنتوس وەک دیوارێکی پۆڵایین لەبەردەم هێرشەکانیان وەستابوو و رێگەی نەدا گۆڵی یەکەم تۆماربکەن و نیوەی یەکەم بە ئەنجامی 0-0 کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا، هێرشەکانی ریال مەدرید بەردەوامبوون و ئەمجارە ئەنجامیان هەبوو، ئارنۆڵد تۆپێکی بەرزی ئاراستەی ناوچەی سزا کرد و گۆنزالۆ گارسیا بە لێدانێکی سەری نایاب، گۆڵی یەکەمی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد.
 
هێرشەکانی ریال مەدرید لەگەڵ تێپەڕبوونی کات چڕتر دەبوون، بەڵام هەموو هێرشەکان یەک وەڵامیان هەبوو، ئەویش دەست و قاچەکانی گۆڵپارێزی یوڤێنتوس بوو، سەرەڕای بەشداریکردنی ئێمباپێش، یانەی شاهانە نەیتوانی ئەنجامەکە زیاتر بکات و یارییەکە بە ئەنجامی 1-0 کۆتاییهات.
 
فێدریکۆ ڤالڤێردی وەک باشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا.
 
بەو ئەنجامە، یانەی ریال مەدرید گەیشتە قۆناخی 8ی مۆندیالی یانەکان و چاوەڕێی براوەی یاریی نێوان بۆرووسیا دۆرتموند و مۆنتێری دەکات.
 
یانەکانی پاڵمێراس، چێڵسی، بایرن میونشن، هیلال، فلومینێنسی، پاریس سانجێرمان و ریال مەدرید گەیشتنیان بە قۆناخی 8 مسۆگەر کردووە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، کاژێر 4:00، بۆرووسیا دۆرتموند و مۆنتێری لە دوایین یاریی قۆناخی 16ەدا رووبەڕووی یەک دەبنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە