ئەمڕۆ سەردەمی چابی ئەلۆنسۆ لەگەڵ ریال مەدرید دەستپێدەکات

09-06-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید چابی ئەلۆنسۆ مۆندیالی یانەکان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چابی ئەلۆنسۆ، ئەمڕۆ سەرپەرشتی یەکەم مەشقی یانەی ریال مەدرید دەکات دوای دەستبەرکاربوونی وەک راهێنەری نوێی یانەکە. ئەمڕۆ دەبێتە رۆژی نوێ و سەردەمی ئەو راهێنەرە ئیسپانییە، لەگەڵ یانەکەی.
 
دەستبەکاربوونەکەی ئەلۆنسۆ لە دۆخێکی نموونەییدا نییە، سەرەتای ئەو راهێنەرە، سەرەتای کارکردن لەگەڵ ژمارەیەک یاریزانی پێکراو کە بەهۆی پێکانە جیاوازەکانەوە ناتوانن بەشداری لە مەشقە بەکۆمەڵەکاندا بکەن.
 
ئەلۆنسۆ شوێنی کارلۆ ئەنچێلۆتی، سەرکەوتووترین راهێنەری مێژووی ریال مەدرید دەگرێتەوە (خاوەنی 15 نازناو)، لە کاتێکدا تیپەکە لە دوایی وەرزی کارکردنی لەگەڵ ئەو راهێنەرە ئیتاڵییە، لە دۆخێکی خراپدا بوو.
 
ئەلۆنسۆ بەبڕوای مەدرید، هاتووە بۆ ئەوەی ستایل و شێوازێکی نوێی کارکردن بباتە نێو ڤاڵدێبێباسی کەمپی مەشقی یانەکەوە و ئەو سەروەریی و مێژووە گەورەیە دووبارەبکاتەوە، کە یانەکە لە ساڵانی رابردووی تەمەنی خۆیدا، لەگەڵیدا راهاتووە.
 
ئەلۆنسۆ کە وەک یاریزان ساڵانێکی بەرچاو درێسی ریال مەدریدی پۆشیوە، رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە دەبێتەوە لە مەدرید، بەتایبەت کە ئەو لە رۆژی ناساندنیدا وەک راهێنەری یانەکە، پەیامی هاندەر و خەونبینی گەورەی ئاراستەی هەمووان کرد.
 
ئەمڕۆی ئەلۆنسۆ لەگەڵ تیپەکە بەلەنزیکەوە ناسین و قسەکردن لەگەڵ یاریزانە ئامادەکان دەستپێدەکات، پاشان سەرپەرشتی مەشقی چوار یاریزانی یانەکە دەکات کە لە پێکان گەڕاونەتەوە و بریتین لە راول ئەسێنسیۆ، لوکاس ڤاسکێز، دانی سیبایۆس و فران گارسیا.
 
چابی چاوەڕێیە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە ژمارەیەک یاریزانی دیکەی نێودەوڵەتیی یانەکە بگەڕێنەوە، لە نێویاندا ئاندرێ لونین، چوامینی، ئێمباپێ، مۆدریچ، ئاردا گولەر، ڤینیسیۆس، جود بێلینگهام، دین هاوسن و ئارنۆڵد.
 
لە کاتێکدا گەڕانەوەی برایم دیاز کەمێک دوا دەکەوێت.
 
چابی ئەمڕۆ لە مەشقەکاندا دەتوانێت کار لەسەر هەریەکە لە تیبۆ کۆرتوا، دانی کارڤاخال، ڤاڵڤێردی، رۆدریگۆ، ئیندریک، رۆدیگێر، ئالبا، مێندی و کاماڤینگا بکات. ئەو یاریزانانە لە کۆتاییەکانی وەرزی لالیگادا لەماوەی جیاوازدا دووچاری پێکانبوون و ئێستا بۆ دەستکردنەوە بەمەشق لەگەڵ یانەکە، ئامادەن.
 
ئەلۆنسۆ لەماوەی رابردوودا لە نووسینگەکەی خۆیەوە لەگەڵ بەرپرسانی یانەکە کاری کردووە بۆ تەواوکردنی گرێبەستی دین هاوسن و ئەلیکساندەر ئارنۆڵد، ئەو دوویاریزانەی ریال مەدرید بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵیان راگەیاندووە.
 
کاری ئێستای ئەلۆنسۆ و بەرپرسانی ریال مەدرید، تەواوکردنی دوو گرێبەستی دیکەن کە بەپێی سەرچاوەکان لە کۆتاییدان.
 
ئەلۆنسۆ ئێستا چاوەڕێی راگەیاندنی گرێبەستکردنە لەگەڵ فرانکۆ ماستانتانۆ و یەکلابوونەوەی گرێبەستی ئەلڤارۆ کارێراس، بۆ ئەوەی ئیدی قۆناخی کۆتایی ئامادەسازیی بۆ مۆندیالی یانەکان دەستپێبکات.
 
ریال مەدرید بڕیارە رۆژی 14ی ئەم مانگە بەرەو ئەمریکا بەڕێبکەوێت بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان، کە بەپێی سەرچاوەکان، یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی یانەکە لە هاوینی ئەمساڵدا.
 
ریال مەدرید بایەخێکی زۆر بەنازناوی مۆندیالی یانەکان دەدات، چونکە پێگەیەکی وەرزشیی گەورەی هەیە و ئەگەر نازناوەکە بباتەوە 125 ملیۆن یۆرۆ داهاتی یانەکە دەبێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە