رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دوایین رۆژی گواستنەوەی یاریزانانە لە پرێمەرلیگدا و بازاڕی گواستنەوەی گەرمە، یانەی لیڤەرپوول لە راگەیاندنی دوو گرێبەست نزیکبووەتەوە و چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ گرێبەستی هەریەکە لە ئەلیکساندەر ئیساک و مارک گێی بۆ ریزەکانی رابگەیێنێت.
* لیڤەرپوول بەتەواوی لەگەڵ یانەی نیوکاسڵ گەیشتووەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی گرێبەستی ئەلیکساندەر ئیساک لە بەرژەوەندی یانەکەی یەکلابکاتەوە و بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، گرێبەستی گواستنەوەی ئەو یاریزانە لە نیوکاسڵە بۆ لیڤەرپوول 130 ملیۆن پاوەندی تێدەچێت، بەمەش ئەو یاریزانە خەونەکەی بۆ پەیوەندیکردن بە رێدز دەبێتە راستی.
* لیڤەرپوول دەیەوێت گواستنەوەی مارک گێی، یاریزانی یانەی کریستال پاڵاس بکاتە دوایین گواستنەوەی ئەم هاوینەی یاریزانان، یانەکە رۆژی یەکشەممە گفتوگۆکانی لەگەڵ کریستال ئەرێنی بووە، نووسراوەکان ئامادەکراون، لیڤەرپوول چاوەڕێی ئەوەیە کریستال پاڵاس گڵۆپی سەوز بۆ رۆیشتنی یاریزانەکە هەڵبکات.
چاوەڕواندەکرێت گێی بەرامبەر 35 ملیۆن پاوەند پەیوەندی بە ریزەکانی لیڤەرپوولەوە بکات.
رێککەوتن لەسەر مەرجە تاکەکەسییەکان کراوە، لە ئەگەری فرۆشتنی یاریزانەکە لە داهاتوودا 10٪ـی پارەی قازانجی فرۆشتنەکەی دەدرێتە کریستال پاڵاس.
* سەرەڕای ئەوەی یاریزانە لە لەندەنەوە چووە میونشن، بەڵام پێناچێت نیکۆلاس جاکسۆن، ئەمەش دوای ئەوەی لیام دێلاپ هێرشبەری یانەی چێڵسی تووشی پێکانبوو، کاتێک جاکسۆن لە میونشن بوو، یانەی چێڵسی داوای لە یاریزانەکە کرد بگەڕێتەوە و ئەوان رازی نین بەخواستن یاریزانەکە بچێتە بایرن میونشن.
میدیای بەریتانیا دەڵێت "ئەمڕۆش یاریزانەکە دەتوانێت لە چێڵسی بڕوات، یانەی نیوکاسڵ بیر لە گواستنەوەی دەکات و ئەو یان رانداڵ کۆلۆ موانی، ئەو دوو بژاردەیەن کە یانەی نیوکاسڵ رکابەری لەسەر گواستنەوەیان دەکات."
* گواستنەوەی جیانلویجی دۆنارووما بۆ مانچێستەر سیتی تەواو بوو، چاوەڕواندەکرێت دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ گۆڵپارێزەکە لە ئیتاڵیا پشکنینە پزیشکییەکانی تەواو بکات، دوای کۆتاییهاتنی هەفتەی فیفا و یاریی هەڵبژاردەکان، دۆنارووما پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی مانچێستەر سیتییەوە بکات.
گرێبەستەکە بەرامبەر 35 ملیۆن یۆرۆ دەبێت لەگەڵ زیادکردنی 4 ملیۆن یۆرۆی دیکە.
ئێدێرسۆن مۆرایێش دەچێتە فێنارباخچە و دۆنارووما دەچێتە شوێنی.
* ئانتۆنی لە مانچێستەر یونایتدەوە بۆ ریال بێتیس تەواو بووە، تەنیا راگەیاندنی گرێبەستەکەی ماوە.
گرێبەستەکە بەرامبەر 22 ملیۆن یۆرۆ واژۆ دەکرێت، 3 ملیۆن یۆرۆی بۆ زیاد دەکرێت و لە داهاتوودا لە ئەگەری فرۆشتنەوەی یاریزانەکە 50٪ـی قازانجی گرێبەستەکەی دەدرێتە یانەی مانچێستەر یونایتد.
* ئێمیلیانۆ مارتینێز، گۆڵپارێزی ئەرجەنتینی و یانەی ئاستۆن ڤێلا بە یانەکەی راگەیاندووە، دەیەوێت لە یانەکە بڕوات و نزیکبوو پەیوەندی بە ریزەکانی مانچێستەر یونایتدەوە بکات، بەڵام ئەمڕۆ بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو یانەی مانچێستەر یونایتد لەگەڵ سێنی لێمانس، گۆڵپارێزی بەلجیکی و یانەی رۆیال ئانتوێرپ گەیشتووەتە رێککەوتن و گۆڵپارێزەکە لە رێگەیە بۆ ئەوەی بچێتە مانچێستەر و پەیوەندی بە یانەکەوە بکات.
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، یانەی گاڵاتەسەرای بە چڕی لەسەر هێڵە بۆ گواستنەوەی ئێمیلیانۆ مارتینێز و لە گواستنەوەی گۆڵپارێزەکە نزیکبووەتەوە.
* پێدەچێت یانەی ئەیسی میلان بە دوو گواستنەوە، کۆتایی بە گواستنەوەی ئەم هاوینە بهێنێت و هەریەکە لە ئەدریان رابیۆ لە مارسیلیا بەرامبەر 10 ملیۆن یۆرۆ و جۆی گۆمێز، لە یانەی لیڤەرپوولەوە بەرامبەر 13 ملیۆن یۆرۆ بباتە ریزەکانی یانەکەی.
گواستنەوەی گۆمێز لە لیڤەرپوولەوە بۆ میلان، بە مانای رۆیشتنی گێی بۆ رێدز دێت.
چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ بەفەرمی گواستنەوەی ئەدریان رابیۆ رابگەیێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ