رووداو دیجیتاڵ
بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا، دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا، بڕیاریداوە گۆڕانکاریی ریشەیی لە یانەکەدا بکات لە هاوینی داهاتوو، گۆڕانکارییەک کە میدیاکان بە 'شۆڕشی دیکۆ' ناویدەبەن.
بەپێی سەرچاوەکان، دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە، لە دوایین وردەکارییەکانی ستراتیجیەتی تەواوی داڕشتنەوەی پێکهاتەی تیپەکەدایە، لە رێگەی ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوو.
پلانەکە بریتییە لە داڕشتنەوەی پەیکەربەندی سەرەکیی تیپەکە، بە رێکەوتن لەگەڵ هانزی فلیکی راهێنەر، بە پشتبەستن بەبنەمای "قوربانیدان بە مووچە بەرزەکان، لەپێناو پارەدارکردنی دەستەوارەی کوالیتیدار، بۆ گێڕانەوەی بارسا بۆ سەر سەکۆی نازناوەکان".
ئامانجی سەرەکیی دیکۆ و کارگێڕیی یانەکە، سوودوەرگرتنەوەیە لە بنەمای (1:1) کە رێگە بەیانەکە دەدات، وەبەرهێنان لە هەر یۆرۆیەکدا بکات بۆ ئەوەی بیخاتە خزمەتی گرێبەستە نوێیەکانی یانەکە.
بۆ بەدەستهێنانی ئەوە، دیکۆ پێیوایە، پێویستە ئەو یاریزانانەی مووچەی بەرزیان هەیە بفرۆشرێن، لەپێناو گلدانەوەی پارەی پێویست بۆ ئەوەی داواکارییەکانی فلیک لە بازاڕی گواستنەوەدا جێبەجێ بکرێن، لەپێناو رکابەریی لەسەر نازناوەکانی وەرزی داهاتوو.
پلانەکە وەک میدیاکان دەڵێن، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی دەکاتە یەکەم قوربانیی و دەبێتە یەکەم ئاڵنگاریی دیکۆ بۆ وەرزی داهاتوو.
یانەکە دوو بژاردە دەخاتە بەردەوام لیڤا، یان کەمکردنەوەی مووچەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو، یان رۆیشتن لە یانەکە.
میدیاکان پێشبینی رۆیشتنی لیڤا لە تیپەکە دەکەن.
لیستی پلانەکەی دیکۆ، هەروەها یەکلاکردنەوەی چارەنووسی تێر شتیگن، گۆڵپارێزی یانەکە لە خۆ دەگرێت، پاش ئەو پێکانەی لەماوەی رابردوودا دووچاری بوو و بەهۆیەوە تاوەکو کۆتایی وەرزی ناگەڕێتەوە.
هەروەها راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان باس لە یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئانسۆ فاتی خواستراو بۆ مۆناکۆ دەکەن. تیپەکە گرەو لەسەر ئەوە دەکات، بەڕێکردنی ئەو سێ یاریزانە، پارەیەکی باشی مووچەی بۆ دەگەڕێتەوە کە دەتوانێت بەهۆیەوە گرێبەستی نوێ ئەنجام بدات.
هەرچەندە پلانەکەی دیکۆ گۆڕانکاریی ریشەیی لە پەیکەری پێکهاتەی تیپەکەدا لەخۆ ناگرێت، بەڵام دوو ئامانجی سەرەکیی تێدایە کە دەبێ بەدییان بهێنێت.
یەکەمیان هێنانی هێرشبەرێکی سەرەڕمی لاو، دووەمیان گرێبەستکردن لەگەڵ دڵێکی بەرگری.
بۆ باڵەکانی بەرگری، دیکۆ پێیوایە دەبێ پشت بە بەرهەمی نێوخۆیی ئەکادیمیای لاماسیا ببەستن، لەگەڵ بەکراوەیی هێشتنەوەی ئەگەری بەردەوامبوونی جواو کانسێلۆ لەگەڵ تیپەکە، یان هێنانی یاریزانی دیکە بەبێ تێچووی بەرز.
هەمان سەرچاوانە دەڵێن، ئەگەرچی بەهۆی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی یانەکەوە، دانوستاندنی هەندێک یاریزان هەڵپەسێردراون، بەڵام دیکۆ بەئارامی کاری لەسەر چەندین دۆسێی جیاواز کردووە.
وەک سەرچاوەکان دەڵێن، مانگی سێ، یەکلاکەرەوە دەبێت. یانەکە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەنجامدەدات و ئیدی دوای ئەوە، دیکۆ دەست بەجێبەجێکردنی پلانە سەرەکییەکەی خۆی دەکات.
سەرەتاکانی جێبەجێکردنی پلانەکەش بریتی دەبێت لە گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری کاری ئەو یاریزانانەی یانەکە دەیانەوێت بڕۆن، تاوەکو دەست بەگەڕان بەدوای یانەی نوێدا بکەن بۆیان، دوای ئەوەش کارکردن لەسەر هێنانی یاریزانان دەستپێدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ