ڤینیسیۆس دەیەوێت بەهەمان چەکی ریال مەدرید لە مەدرید بداتەوە

01-09-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جۆنیۆر فلۆرێنتینۆ پێرێز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ڤينيسيۆس جونیۆر، جارێکی دیکە گومان دەخاتە سەر داهاتووی لەگەڵ ریال مەدرید، لەکاتێکدا هیچ شتێک دیارنییە گرێبەستەکەی نوێ دەکاتەوە یان نا. هەندێک سەرچاوەش باس لەوە دەکەن کە یاریزانە بەرازیلییەکە دەیەوێت تۆڵە لە ریال مەدرید بکاتەوە و بەهەمان چەکی ریال مەدرید لە ریال مەدرید بداتەوە.
 
لەنێو گرژییەکی زۆر لەنێوان خۆی و کارگێڕیی یانە شاهانەدا، کەشێکی نادیار باڵی بەسەر داهاتووی ڤینیسیۆس جونیۆری هێرشبەرە بەرازیلی لەگەڵ ریال مەدریددا کێشاوە، سەرەڕای ئەوەی یەکێکە لە دیارترین یاریزانانی یانەکە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن ناکۆکی دارایی و هونەری لە دانوستاندنەکانی نێوان هەردوولادا دەستیان بە دەرکەوتن کردووە، ئەمەش نیشانەی پرسیار سەبارەت بە کاروانی داهاتووی لەگەڵ مێرینگێدا دروست دەکات.
 
ڤینیسیۆس کە گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید تاوەکو حوزەیرانی 2027 بەردەوامە، رووبەڕووی گوشارێکی زۆر بووەتەوە لەلایەن کارگێڕییەوە سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، لەکاتێکدا ئارەزوویەکی روونی یانەکە هەیە بۆ ئەوەی لە بنمیچی مووچە تێپەڕنەکات، لەکاتێکدا داواکارییە داراییەکانی یاریزانەکە بوونەتە هۆکاری ئاڵۆزکردنی دانوستاندنەکان.
 
لەنێو ئەم گرژییەدا، قسە و باسەکان سەبارەت بەئەگەری هەنگاونانی ڤینیسیۆس دەستیان پێکردووە کە لەوانەیە هەمووان تووشی شۆک بکات، چونکە هەندێک سەرچاوە ئاماژە بە نیازی دەکەن کە تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەی بمێنێتەوە بەبێ نوێکردنەوە، ئەمەش دەرگا بۆ رۆیشتنی بەبێ بەرامبەر بۆ یانەیەکی دیکە لە ئەورووپا یان تەنانەت بۆ خولی سعودیە دەکاتەوە.
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، ڤینی دەیەوێت بەهەمان چەکی ریال مەدرید لە ریال مەدرید بداتەوە، چونکە ئەو یانەیە زۆرجار بەنهێنی لەگەڵ یاریزانەکانی یانەکانی دیکە رێکدەکەوێت کە دوایین ساڵی گرێبەستەکانیان بەبێ نوێکردنەوە بەڕێبکەن بۆ ئەوەی بەبێ بەرامبەر بچنە ریال مەدرید.
 
کارگێڕیی ریال مەدرید بەسەرۆکایەتی فلۆرنتینۆ پێرێز، ئارەزووی خۆی بۆ خۆبەدەستەوەدان نیشان نەداوە و چەندین بژاردە تاوتوێ دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە پێش ئەوەی درەنگ بێت، لەوانەش ئەگەری خستنەڕووی یاریزانەکە بۆ فرۆشتن لە ماوەی گواستنەوەی داهاتوودا، بۆ ئەوەی خۆی لە لەدەستدانی بەبێ بەرامبەر بپارێزێت.
 
هاوکات، متمانەی هاندەرانی ریال مەدرید بە ڤینیسیۆس دەستی بە کەمبوونەوە کردووە، دوای جیاوازی ئاستی و کاریگەری ئەم قەیرانە لەسەر پێگەی لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەدا لەژێر سەرپەرشتی چابی ئەلۆنسۆ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە