ئەمشەو چامپیۆنزلیگ گڕدەگرێت

01-11-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو یارییەکانی دوایین گەڕی قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت، هەشت یاریی دەکرێن و بەتەواوی ئەو یانانەی دەگەنە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ دەردەکەون و زۆرترین رکابەریش لە کۆمەڵەی چوارەمدایە.
 
کاتی یارییەکانی چامپیۆنزلیگ گۆڕانکاریی بەسەردا هات، یارییەکانی ئەمشەو لە دوو کاتی جیاوازدا کاژێر 20:45 و 23:00 بەڕێوەدەچن.
 
کۆمەڵەی دووەم
 
لە کاژێر 20:45 دوو یاری لە یەک کاتدا بەڕێوەدەچن و هەردوو یارییەکەش لە کۆمەڵەی دووەمدان، یانەی کلەب برووجی بەلجیکی و پێشەنگی کۆمەڵەکە بۆ بەرگریکردن لە پلەی یەکەمی ریزبەند لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی یارییدەکات، کە ئەمیان رکابەری ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات بۆ گەیشتن بە یارییەکانی یۆرۆپالیگ.
 
کلەب برووج 10 خاڵی هەیە و بایرلیڤەرکوزن خاوەنی 4 خاڵە.
 
یارییەکەی دیکە، لە پۆرتوگال بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانەی پۆرتۆی پۆرتوگالی و دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکە بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ و ئاتلێتیکۆ مەدرید بە 5 خاڵ رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
پۆرتو دەیەوێت بەبردنەوە و سوود وەرگرتن لە دۆڕان یان یەکسانبوونی کلەب برووج خۆی بگەیێنێتە پێشەنگ، ئاتلێتیکۆ مەدریدیش پێویستی بەبردنەوەیە بۆ ئەوەی لە یۆرۆپالیگدا بەشداری بکات.
 
 
کۆمەڵەی یەکەم
 
لە کۆمەڵەی یەکەمدا یاریی لووتکەی ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ لە یاریگەی ئانفێڵد بەڕێوەدەچێت، کاتێک یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی میوانداریی یانەی ناپۆلی ئیتاڵی دەکات.
 
ناپۆلی پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە بە 15 خاڵ و سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ یەکلابووەتەوە، یانەی لیڤەرپوول 12 خاڵی هەیە و لە پلەی دووەمە، ئەمیشیان سەرکەوتنی بۆ قۆناخی 16 یەکلابووەتەوە، ئەمشەو هەردوو یانە رکابەری لەسەر یەکلاکردنەوەی پلەی یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەکە دەکەن.
 
لە یاریی چوونی نێوان هەردوولادا، یانە ئیتاڵییەکە بە 4-1 سەرکەوتنی بەرامبەر لیڤەرپوول بەدەستهێناوە و پێویستە لیڤەرپوول یارییەکە 4-0 بباتەوە بۆ ئەوەی بە پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکە بگاتە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ.
 
یارییەکی دیکەی ئەم کۆمەڵەیە لە نێوان هەردوو یانەی ئایاکس ئامستردامی هۆڵەندی و گلاسکۆ رێنجەرزی سکۆتلاندییە، ئایاکس بە سێ خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە و بەبردنەوە و یەکسانبوون دەگاتە یۆرۆپالیگ و گلاسکۆ رێنجەرزیش ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ دەکات.
 
کۆمەڵەی سێیەم
 
لەم کۆمەڵەیەدا هەموو شتێک یەکلابووەتەوە، یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی وەک پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکە بە پێنج بردنەوەی لەسەریەک گەیشتووەتە قۆناخی 16 و بەرامبەر یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی یارییدەکات، کە ئەمیشیان وەک دووەمی کۆمەڵەکە بە کۆکردنەوەی 10 خاڵ سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو یەکلابووەتەوە.
 
یارییەکە لە ئالیانز ئارێنا بەڕێوەدەچێت، هەریەکە لە لێرۆی سانێ، مانوێل نویەر، ماتیاس دیلێخت، تۆماس مولەر، لوکاس هێرناندێز و بۆنا سار، بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، یانەکەش پێویستییەکی وای بەو یاریزانانە نییە، بەتایبەت کە سەرکەوتنی یەکلابووەتەوە و یولیان نایگلێسمان دەیەوێت پشوو بە هەندێک یاریزانی یانەکەی بدات.
 
لە ریزەکانی ئینتەرمیلان سەمیر هاندانۆڤیچ، مارسێلۆ برۆزۆڤیچ، رۆمێلو لوکاکو، دانیلۆ ئامبروزیۆ و ئیدین دزیکۆ بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
 
یارییەکەی دیکەی ئەم کۆمەڵەیە لە چیک بەڕێوەدەچێت، یانەی بارسێلۆنا دوای ئەوەی بۆ وەرزی دووەم لەسەریەک چووە یۆرۆپالیگ، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ڤیکتۆریا پڵزنی چیکی یارییدەکات.
 
لەم یارییەدا بارسێلۆنا جگە لە ویستی بردنەوە بۆ بەرزکردنەوەی ورەی تیپەکە هیچ ئامانجێکی دیکەی نییە، ڤیکتۆریا پڵزن کە هەموو یارییەکانی دۆڕاندووە، نایەوێت بەبێ هیچ بردنەوەیەک بچێتە دەرەوە، بۆیە ئەمشەو چاوی لە تۆمارکردنی یەکەم بردنەوەیە، هەرچەند ئەرکیشی قورسە.
 
لەم یارییەدا رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بەهۆی هەستکردن بە ئازار لە پشتیدا یاریی ناکات.
 
کۆمەڵەی چوارەم
 
ئەم کۆمەڵەیە تاکە کۆمەڵەیە هیچ شتێک تێیدا یەکلا نەبووەتەوە و هیچ یانەیەک نەگەیشتووەتە قۆناخی داهاتوو، ئەمشەو هەر چوار یانەی کۆمەڵەکە رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی بلیتی قۆناخی 16 دەکەن و ئەرکیان قورسە.
 
یانەی مارسیلیای فەرەنسی و خاوەنی پلەی کۆتایی ریزبەندی کۆمەڵەکە بە 6 خاڵ، لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی و پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکە بە 8 خاڵ یارییدەکات، بردنەوەی هەریەکێکیان لە یارییەکەدا راستەوخۆ دەیانگەیێنێتە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ.
 
یارییەکەی دیکەی ئەم کۆمەڵەیە لەنێوان هەردوو یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنەی پۆرتوگالی و ئاینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی دەبێت، هەردوو یانە خاوەنی 7 خاڵن و بەجیاوازی گۆڵ سپۆرتینگ پلەی دووەمی ریزبەندی گرتووە، لهەر یەکێکیان یارییەکە بباتەوە راستەوخۆ دەگاتە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ.
 
کەواتە لەم کۆمەڵەیەدا، دەکرێت ئەمشەو خاوەنی پلەی کۆتایی ریزبەند بچێتە پێشەنگ و بگاتە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ، خاوەنی پلەی یەکەمیش ماڵئاوایی بکات.
 
 
یارییەکانی ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ
 
پۆرتۆ - ئاتلێتیکۆ مەدرید 20:45
بایرلیڤەرکوزن - کلەب برووج 20:45
لیڤەرپوول - ناپۆلی 23:00
گلاسکۆ رێنجەرز - ئایاکس 23:00
بایرن میونشن - ئینتەرمیلان 23:00
ڤیکتۆریا پڵزن - بارسێلۆنا 23:00
مارسیلیا - تۆتێنهام 23:00
سپۆرتینگ لیشبۆنە - ئاینتراخت فرانکفۆرت 23:00
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە