هۆشی مێسی لەنێوان بالۆندۆر و ئاتلێتیکۆ

01-12-2019
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن لیونێل مێسی باڵۆن دۆر
A+ A-
نووسینی: ئەحمەد سەنگاوی

ئامادەکردنی یاریزان، یان تیم لە رووی هۆشەکییەوە، لە یارییەکەوە بۆ یارییەکی دیکە دەگۆڕێت، بۆ نموونە " دوای شکست، کاتی یاریی چارەنووسساز، دوای سەرکەوتنی گەورە" چۆن تیپەکەت بۆ یاریی دواتر ئامادە دەکەیت؟
 
بۆ هەریەکێک لەم دۆخانە، راهێنەر بیر لە مامەڵە و گوتاری جیاواز دەکاتەوە، بۆ نموونە تیپەکەت دووچاری شکست بوو، دەبێ ئامادەکاریت بۆ یاریی دواتر بەلەبەرچاوگرتنی ئەو شکستە و چۆنییەتی هاندانی یاریزانەکانت بێت کە ئەو شکستە وەک رووداوێکی کاتی هەرس بکەن و یاریزانەکان تێبگەیێنێت، کە تۆپی پێ لەدوای ئەم شکستە کۆتایی نایەت، یان لە کاتی سەرکەوتنی گەورە، بۆ نموونە تیپەکەت بە ئەنجامی 6-0 سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، لێرەدا ئەرکی راهێنەر زۆر قورس دەبێت، چونکە ئاسان نییە داوا لە یاریزانەکانی بکات، پەرۆشییان بۆ بردنەوەی یاریی دواتر هەبێت لە دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیە، چونکە یاریزانەکان لەوە تێدەگەن تێپەڕاندنی لووتکەی ئاستبەرزی کارێکی سەختە، بۆیە لە وەها دۆخێکدا ئەرکی راهێنەر یەکجار قورسە لە چۆنییەتی هاندان و شەحنکردنەوەی لایەنی مەعنەویی یاریزانەکان. 
 
بەدەر لە ئەنجامی شکست و سەرکەوتن، جۆرێکی دیکەی ئامادەکاریی هەیە، بۆ نموونە یانەیەکی وەکو لیڤەرپوول لە خولی ئینگلیزیی رۆژی شەممە بەرامبەر "ئەستۆن ڤێلا" یاریی دەکات، پاشان شەوی سێشەممە لە چامپیۆنزلیگ یارییەکی چارەنووسسازی لەبەردەمە، لەم کاتەدا ئەرکی راهێنەر زۆر قورس دەبێت، لە چۆنییەتی ئامادەکردنی یاریزانەکانی لە رووی زیهنییەوە بۆ یارییەکەی شەممە، چونکە هۆشیان لای یارییەکەی سێشەممەی چامپیۆنزلیگە، چونکە یارییەکەی سێشەممە پەیوەندی بە چارەنووسی وەرزەکەیانەوە هەیە، ئێ خەمی راهێنەریش ئەوەیە کە بیرکردنەوەی لە یارییەکەی چامپیۆنزلیگ، چۆن کاریگەری لەسەر یارییەکەی رۆژی شەممە لەسەر بیرو هۆشی یاریزانەکان دروست نەکات.
 
بابەتی ئامادەکردنی یاریزانە لە رووی هۆشەوە بۆ دوایین یاریی یانەکانیش راستە کە هەفتەی فیفا دەسپێدەکات، یان هەفتەی فیفا کۆتایی دێت، لە هەردوو بارەکەدا یاریزان ناتوانێ وەکو پێویست تەرکیزی لەسەر یاریی یانەکەی بێت. بەدەر لەم هەموو نموونە جیا جیایە، جۆرێکی دیکەی ئامادەکاریی هەیە، ئەمەیان بۆ سوپەرستاری یانەکانە، بۆ نموونە مێسی ئەمشەو بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید یاریی دەکات، سبەینێش رێوڕەسمی بالۆندۆر بەڕێوەدەچێت. بێگومان براوەی خەڵاتەکە پێشوەخت دەزانێ کێ براوە. لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا ئەرکی راهێنەر ئاسان نییە مێسی هانبدات سەت دەرسەت هۆش و بیری لای یارییەکەی ئاتلێتیکۆمەدرید بێت، کە یارییەکی چارەنووسازە بۆ پاراستنی پێشەنگی ریزبەندی خولی ئیسپانی، لە کاتێکدا لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بارسێلۆنا کلاسیکۆی لەپێشە و نایەوێ ژمارەی خاڵەکانی کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی تیپەکەی بۆ لووتکەی کلاسیکۆ دروست بکات.
 
بەکورتی یارییەکەی ئەمشەو بۆ بارسا گرنگە، بارساش بێ مێسی ناتوانێ سینگدەرپەڕێنێ و بەسەر ئاتلێتیکۆدا زاڵبێت، بۆیە هۆشی مێسی هێندەی لای مەراسیمەکەی سبەینێیە، هێندە بیری لای یاریی لووتکەی ئەمشەو نابێت، هەر بۆیە دەڵێم دۆخی ئامادەکردنی یاریزان و تیپ قورسترین ئەرکی راهێنەرە لە تۆپی پێدا. تەنانەت ئەو یاریزانە چەندە پیشەگەر و مەزنیش بێت، دواجار گەورەیی رووداوەکان دەتوانن خۆیان بەسەر هۆشی کاراکتەرە گەورەکاندا زاڵ بکەن. بەکورتی دەبێت مێسی بە پیشەگەریی خۆی تۆپە ئاڵتونییەکە لەبیر بکات، بەخاتری تۆپی نێو یاریگەی واندا میترۆ پۆلیتانۆ، چونکە تۆپە ئاڵتونییەکە، بەرهەمی ئەو تۆپانەیە لە یاریگە گۆڵی تیپە رکابەرەکانی پێ دەهەژێنێت. واتە مێسی وەک ئەفسانەیەکی گەورە چاوەڕێی ئامۆژگاری کاریگەر نەبێت، لەلایەن ڤالڤێردییەوە و خۆی پارێزگاریی لە تەرکیزی بکات بۆ ئەم یارییە و رۆڵی یەکلاکەرەوە ببینێت.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە