شەڕکەرانی کوردستان دەسکەوتێکی جیهانیان بەدەستهێنا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن شەڕکەرانی کورد
A+ A-
رووداو هەولێر 

چوار وەرزشڤانی یاریی هونەرەکانی شەڕی تێکەڵاو بەشدارییان لە پاڵەوانێتییەکی پڕۆفیشناڵ و جیهانی یارییەکەیان لە عومان کرد و دوو لەو وەرزشڤانانە توانیان نازناوی جیهانی ببەنەوە. 
 
رۆژی 30ـی مانگی رابردوو کێبرکێکە  بە بەشداریی 20 یاریزانی وڵاتانی جیهان بەڕێوەچوو، لە کوردستان چوار یاریزانی هونەرەکانی شەڕی تێکەڵاو بەسەرپەرشتی فەرهەنگ ئیبراهیم، راهێنەری پڕۆفشناڵی یارییەکە بەشدارییان کرد کە بریتیبوون لە زەمەن ئیسماعیل، سەعد کاوە، هەڵوێست موزەفەر و ئەحمەد خەلیل.
 
زەمەن ئیسماعیل، یاریزانی تەمەن 26 ساڵی کورد، کە خەڵکی سلێمانییە لە بەهێزترین یاریی پاڵەوانێتییەکەدا یاریی لەگەڵ بێخان موچەلانۆڤ، یاریزانی چیچانی کرد کە پاڵەوانی جیهانی یارییەکە مەمزاچینایۆڤ، سەرپەرشتی دەکات، پاڵەوانە کوردەکە دوای پیشاندانی ئاستێکی بەرز یارییەکە و نازناوە جیهانییەکەی بردەوە. 
 
دواتر سەعد کاوە، یاریزانی تەمەن 26 ساڵی، کە خەڵکی هەولێرە یاری بەرامبەر عەوادەڵڵا، یاریزانی ئوردنی کرد، پاڵەوانە کوردەکە یارییەکە و پشتێنی جیهانی بردەوە، لەو پاڵەوانێتییەدا هەریەک لە هەڵوێست موزەفەر، وەرزشڤانی شارۆچکەی خەلیفان و ئەحمەد خەلیلی وەرزشڤانی کەرکووک نەیتوانی براوە بن. 
 
فەرهەنگ ئیبراهیم، راهێنەری بە ئەزموون و جیهانی یاریی هونەرەکانی شەڕی تێکەڵاو لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "شانازی دەکەین کە دوو نازناوی جیهانیمان لەو پاڵەوانێتییەدا بەدەستهێنا، بێگومان ئێمەی وەرزشڤانانی کورد لە یاریی هونەرەکانی شەڕی تێکەڵاو دەرفەتمان بۆ بڕەخسێنن دڵنیام پاڵەوانانی کورد هیچیان لە پاڵەوانەکانی دیکەی جیهان کەمتر نییە و تەنانەت باشترن، داواکارم زوو زوو لە کوردستان پاڵەوانێتیی بەهێز بکرێتەوە و بایەخ بە توانا و پێشکەوتنی شەڕکەرانی کورد بدرێت". 
 
نامۆ فازیڵ، یاریزانی جیهانی کوردستان دوای بەدەستهێنانی دەیان دەسکەوتی جیهانی لە یارییە جەنگییەکان، بۆ یەکەمجار لە مێژووی وەرزشی کورد بڕیارە بەشداری لە یارییەکە ئەی ئێف سی جیهان بکات کە گەورەترین پاڵەوانێتییە لەسەر ئاستی هونەرە جەنگییەکان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە