رووداو دیجیتاڵ
هاڕوون ئەحمەد، ئەستێرە و کاپتنی یانەی دهۆک لە یاریی بەرامبەر قاسم تووشی پێکانبوو و رووداو سپۆرتس وردەکاریی پێکانەکەی ئاشکرا دەکات.
لە خولەکی 13ـی یارییەکەدا، کاپتنەکەی یانەی دهۆک بەهۆی هەستکردن بە ئازارەوە کەوتە سەر چیمەنی یاریگە و دوای ئەوەش بە ناچاری لەلایەن راهێنەری یانەکەوە گۆڕانکاریی پێکرا و سەفا هادی چووە شوێنی یاریزانەکە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس، هاڕوون ئەحمەد لە ماسوولکەکانی رانی چەپیدا تووشی پێکانبووە، بەڵام پێکانەکەی قورس نییە و ماوەیەکی زۆری پێویست نییە بۆ گەڕانەوە بۆ نێو یاریگەکان.
خالد موشیر، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی دهۆک بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند، چوار رۆژمان ماوە بۆ یاریی بەرامبەر کارەبا، لەو ماوەیەدا یاریزانەکە چارەسەرییەکانی وەردەگرێت و دوای ئەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی بزانین لە یارییەکەدا دەتوانێت یاریی بکات یان نا، بەڵام پێکانەکەی سووکە و زوو هاڕوون دەگەڕێتەوە نێو تیپەکە.
گرژبوونی ماسوولکە لەو پێکانانەیە کە چەند جۆرێکی جیاوازی هەیە، ئەگەر پێکانەکە زۆر سووک بێت تەنیا چەند رۆژێکی پێویستە بۆ چاکبوونەوە، ئەگەر پێکانی جۆری گرژبوونی ژمارە یەک بێت، یاریزانەکە پێویستی بە تەنیا یەک هەفتەیە بۆ ئەوەی بەتەواوی چاک ببێتەوە.
هاڕوون ئەحمەد، ئەستێرەی یەکەمی یانەی دهۆکە، لە سەرجەم یارییەکانی یانەکەدا بەشێوەی سەرەکی یاریی دەکات و بە داینەمۆی هێڵی ناوەڕاستی یانەکە دادەنرێت، بۆیە پێکانی ئەو یاریزانە بۆ هاندەرانی یانەی دهۆک جێگەی نیگەرانییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ