رووداو ناوی سەرۆکی نوێی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان ئاشکرادەکات

02-03-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن سەفین کانەبی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتال

سەرچاوەیەکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دەستلەکاردەکێشێتەوە و سەرۆکێکی نوێ دادەنرێت.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، سەفین کانەبی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دەستلەکاردەکێشێتەوە و تاریق عەبدولڕەحمانی یاریزانی پێشووی یانەی هەوڵێر لە جێگەی ئەو دەبێتە سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان.

تاریق عەبدولڕەحمان، لە لێدوانێکی تایبەتدا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، داوایانلێکردوە ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت و گوتی "من حەزدەکەم خزمەتی وەرزشی کوردستان بکەم".

تاریق عەبدولڕەحمان، لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا کە ئایا رازی دەبێت ئەو پۆستە وەربگرێت؟ گوتی "چاوەڕێی هەڵوێستی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان دەکەم، ئەگەر بە من راسپێردرا بێگومان وەریدەگرم و ئامادەم خزمەتی وەرزشی کوردستان بکەم".

چاوەڕوان دەکرێت سەفین کانەبی، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا خۆی و 4 ئەندامی یەکێتییەکە دەستلەکاربکێشنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هەریەکە لە عەبدوڵلا جەلال، وەک نوێنەری دهۆک، ئازاد محەممەد، بەرپرسی بەشی وەرزش لە یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان و عەبدولقادر حوسێن، وەک ئەندامانی نوێی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دەستبەکاردەبن.

تاریق عه‌بدولڕه‌حمان، کە چەندین ساڵە سه‌رۆكی یەکێتیی تۆپی پێی لقی هه‌ولێری عێراقه، لەدایکبووی ساڵی 1964، پێشتر سه‌رۆكی یانه‌ی بروسك بووه‌، یەکێکە لە یاریزانە هەرە بەناوبانگەکانی پێشووی یانەی هه‌ولێر، یاری بۆ یانەی شورته‌ی عێراقیش كردووه‌، چەند یارییەکی نێودەوڵەتیشی بۆ هه‌ڵبژارده‌ی نیشتیمانیی عێراق کردووه‌.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە