رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئینتەرمەیامی بەسەرکردایەتیی لیۆنێل مێسی ریمۆنتادایەکی سەرنجڕاکێشی تۆمارکرد و یەکەم سەرکەوتنی لە خولی ئەمریکادا بەدەستهێنا.
لە رکابەرییەکانی گەڕی دووەمی خولەکەدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی باشووری کوردستان، ئینتەرمەیامی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی یانەی ئۆرلاندۆ سیتی و یارییەکەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە.
لە خولەکی 18 مارکۆ پاسالیچ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد، ئۆرلاند پێشکەوت.
دوای شەش خولەک مارتن ئۆژێدا گۆڵێکی دیکەی تۆمارکرد و نیوەی یەکەمی یارییەکە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی ئۆرلاندۆ تەواو بوو.
لە نیوەی دووەمدا، ئینتەرمەیامی باشتر یارییکرد، لە خولەکی 49 ماتیۆ سیلڤێتی ئەنجامەکەی بۆ یانەکە کەمکردەوە.
لە خولەکی 57 لیۆنێل مێسی ئەنجامەکەی بۆ یانەکە یەکسانکردەوە و ئینتەرمەیامی گەڕایەوە نێو رکابەرییەکە.
پێنج خولەک پێش تەواوبوونی کاتی ئاسایی یارییەکە، تێلاسکۆ سێگۆڤیا بە ئاسیستی مێسی گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد.
پاشان لە خولەکی 88 کۆلین گێسکێ یاریزانی ئۆرلاندۆ بە کارتی سوور کرایە دەرەوە و لێدانی راستەوخۆ بۆ ئینتەرمەیامی هەژمارکرا، مێسی لێدانەکەی جێبەجێکرد و گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی یانەکەی تۆمارکرد.
ئینتەرمەیامی بە چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ یارییەکەی بردەوە و یەکەم سەرکەوتنی لەم وەرزەی خولی ئەمریکادا بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ