رووداو دیجیتاڵ
دوای 10 ساڵ لە بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگ، یانەی لێستەر سیتی بۆ لیگ وەن دابەزی و سەرۆکی یانەکەش بەرپرسیارەتییەکە دەخاتە ئەستۆی خۆی.
لێستەر سیتی ئەم وەرزە لە چامپیۆنشیپ یاریی دەکرد، یانەکە لە 44 گەڕدا 18 یاریی دۆڕاندووە و لە پلەی 23ـی ریزبەند و پێشکۆتایی بوو، دوای ئەوەی لەگەڵ هاڵ سیتی بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک یەکسانبوون، بەفەرمی دابەزی بۆ خولی پلە یەک کە ئاستی سێیەمی تۆپی پێی ئینگلتەرایە دوای پرێمەرلیگ و چامپیۆنشیپ.
دابەزینی لێستەر سیتی بۆ هەمووان جێگەی سەرنجە، لەکاتێکدا یانەکە 10 ساڵ لەمەوبەر لە 2016 چیرۆکێکی جوانی تۆپی پێی لەگەڵ جەیمی ڤاردی، ریاز مەحرز و کانتێ لەگەڵ کلاودیۆ رانیێری نووسییەوە و نازناوی پرێمەرلیگیان بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بردەوە.
دوای دابەزینی یانەکە، ئایاوت سریڤاداناپرابا، سەرۆکی یانەکە راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "بەرپرسیارەتی دابەزینی یانەکە لە ئەستۆی منە، هیچ بیانوویەک نییە، ئێمە گەورەترین سەرکەوتن و ئێستاش نزمترین ئاستی شکستم ئەزموون دەکەین، هەموومان لەم ئازارەدا هاوبەشین، بەڕاستی داوای لێبوردن دەکەم بۆ ئەو بێئومێدییەی دروستمان کردووە، من بە قوڵی لە هەستی هاندەرانمان تێدەگەم، ئێمە پاڵپشتییەکانی ئێوە بە شتێکی ئاسایی سەیر ناکەین، بەتایبەت لەم ساتەدا".
سەرۆکی لێستەر سیتی زیاتر دەڵێت " ئێستا سەرنجمان لەسەر هەنگاوەکانی داهاتووە. بڕیاری پێویست بۆ بەرەو پێشبردنی یانەکە دەدەین، پێکەوە کار دەکەین بۆ دووبارە بنیاتنانەوە، باشترکردن و گەڕاندنەوەی ئەو ئاست و پێوەرانەی کە لە لیستەر سیتی چاوەڕوان دەکرێت. ئامانجمان روونە و ئەویش وەڵامدانەوەیەکی بەهێز و کێبڕکێکردنە بۆ دووبارە بردنە پێشەوەی ئەم یانەیە. بە سەربەرزییەوە رووبەڕووی ئەم دۆخە دەبینەوە و پێکەوە بەردەوام دەبین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ