بەم تێکڕایی گۆڵکردنەی ئێستای؛ کەی کریستیانۆ دەگاتە 1000 گۆڵ؟

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ 1000 گۆڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەفسانەی  پۆرتوگال و کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، تاوەکو ئێستا 957 جار تۆڕی نەیارەکانی هەژاندووە. ئێستا تەنیا 43 هەنگاوی ماوە بۆ ئەوەی بگاتە ئەو دەستکەوتە مێژووییەی کە پێیدەگوترێت "هەزار گۆڵ"، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدایە: دۆن چەند کاتی دیکەی پێویستە بۆ ئەوەی ئەم دەستکەوتە ئەفسانەییە لە مێژوودا بەناوی خۆیەوە تۆمار بکات؟.
 
لەو تەمەنەی کە زۆربەی ئەستێرەکان بڕیاری وازهێنان دەدەن و ماڵئاوایی لە لاکێشە سەوزەکە دەکەن، کریستیانۆ رۆناڵدۆ هێشتا بەو وزە و تینوێتییەی جارانەوە دەجەنگێت. ئەو بەئاشکرا رایگەیاندووە کە تاوەکو نەگاتە گۆڵی ژمارە 1000، بیر لە دابەزین لە کەشتیی تۆپی پێ ناکاتەوە، بەو مەرجەی پێکانەکان بەرۆکی نەگرن.
 
دۆن رۆناڵدۆ لە رێوڕەسمی خەڵاتەکانی گڵۆب سۆکەر لە دوبەی، بەوپەڕی متمانەوە گوتی "بەردەوامبوون لە یاریکردن لەم تەمەنەدا کارێکی ئاسان نییە، بەڵام من هێشتا ئەو جۆش و خرۆشەم تێدایە. خولیای من بۆ تۆپی پێ بێ سنوورە و دەمەوێت بەردەوام بم. گرنگ نییە لە کام کیشوەر یاری دەکەم، چ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت یان لە ئەورووپا، من تەنیا دەمەوێت چێژ لە تۆپی پێ وەربگرم و گۆڵ تۆمار بکەم".
 
ئەو وەک ئەوەی پەیامێکی روون بۆ هەمووان بنێرێت، گوتی "ئێوە ئامانجەکەی من دەزانن. دەمەوێت نازناو ببەمەوە و بگەمە گۆڵی ژمارە هەزار. ئەگەر پێکانەکان رێگەم بدەن، بێگومان دەگەمە ئەو ژمارەیە".
 
ئامارەکان چی دەڵێن؟
 
ئەگەر سەیری داتا و ژمارەکانی رۆناڵدۆ بکەین لەو کاتەی پەیوەندی بە یانەی نەسڕەوە کردووە، دەبینین ئەو 'ماکینەیەکی گۆڵکردن'ـی بێ وچانە. رۆناڵدۆ لەکۆی 125 یارییدا بە درێسی نەسڕەوە 112 گۆڵی تۆمارکردووە، ئەمەش بەو واتایەی کە لە هەر 97.8 خولەکێکدا گۆڵێکی هەیە.
 
بەپشتبەستن بەم تێکرایی گۆڵکردنە،  دۆن پێویستی بە 4205 خولەکی دیکەی یاریکردن هەیە بۆ ئەوەی ئەو 43 گۆڵەی کە ماویەتی تۆماریان بکات. ئەگەر ئەم خولەکانە دابەشی سەر کاتی یارییەکان بکەین، دەکاتە نزیکەی 47 یاری دیکە.
 
بەو پێیە بێت، پێشبینییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەنێوان کۆتاییەکانی وەرزی داهاتوو یان لە وەرزی 2026-2027ـدا، دەگاتە گۆڵی ژمارە 1000 و لاپەڕەیەکی دیکەی زێڕین لە مێژووی تۆپی پێدا دەنووسێتەوە، کە لەوانە بۆ چەندین دەیەی تریش کەس نەتوانێت ئەو ریۆردە بشکێنێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە